دوای ٨٦ ساڵ لە کۆمەڵکوژی دێرسیم تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی کورد بەردەوامە

ئەمڕۆ ٨٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژیی دێرسیم لە باکووری کوردستان، کە تێیدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەکی قەدەغەکراوی قڕکەری بەکارهێنا، ئەمە سەرەتای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو لەدژی گەلی کورد کە لەدێرسیمەوە دەستی پێکرد، لە ئەنجامی بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوەدا دەیان هەزار کوردی بێ تاوان کۆمەڵکوژکران و دەیان هەزاری دیکەش ڕاگوێزران و بێ ماڵ و حاڵبوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای نکۆڵییکردن و توانەوەی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی دەوروبەری دروستبوو، فاشیزم کرایە بناغەی ئەم دەوڵەتە و یەک زمان یەک نەتەوە یەک ئاڵا، دروشمی دەوڵەتەکە بوو، وەک مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی تورکیا وتوویەتی:”هیچ نەتەوەیەک جگە لە تورک لەسەر ئەم خاکە ناژی، بەپێچەوانەوە یان دەبنە تورک یان خزمەتکاری تورک”

هێشتا تەمی سەرکوتکردنی شۆڕشی ئارارات ئاسمانی باكووری كوردستانی بەرنەدابوو، توركەكان جارێكی دی بە توندیی پەلاماری كوردە عەلەوییەكانی باكووری كوردستانیان دایەوە و دێرسیم کرایە ڕووباری خوێن و ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی مێژوویی کرایەوە، ئەمەش کاردانەوەی کوردەکانی لێکەوتەوە و شۆڕشی دێرسیمی بەدوای خۆیدا هێنا بە ڕابەرایەتی سەید ڕەزای دێرسیمی.

گۆڕینی دیمۆگرافیا، نکۆڵیی و توانەوە

ساڵی ١٩٣٤ ئەتاتورک یاسایەکی لەژێرناوی (سەرلەنوێ نیشتەجێ کردنەوە) دەرکرد، ئەویش لەپێناو ڕەوایەتیدان بە ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیا و تورکاندنی کورد و نەتەوە جیاوازەکانی تورکیا، تاکو بەئاسانیی لەناو بەرداشی فاشیزمدا بیانتوێنێتەوە.

ساڵی ١٩٣٥دەوڵەت دەستیکرد بە ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد لەزێدی باوباپیرانی و نیشتەجێکردنی لەشوێنی تر بەتایبەت لە ڕۆژئاوای تورکیا و هێنانی تورک بۆ شوێنی کوردەکان بەمەبەستی تورکاندن، تا لەو ڕێگەیەوە کوردەکان بتوێنێتەوە و منداڵەكانیان لەخوێندنگا تورکییەکاندا بخوێنن و زمانی دایکیان لەبیربکەن، دەوڵەتی تورک پاش گۆڕینی ناوی دێرسیم بۆ “تونجەلی” دەستیکرد بەجێبەجێکردنی پلانەکەی، بەم جۆرە سیاسەتەش دەوترێت(سیاسەتی بەتورککردن) و لەڕووی یاسای نێو دەوڵەتیشەوە بە تاوانی جینۆساید هەژماردەکرێت.

بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، مستەفا کەمال ئەتاتورک لە تورکیا بڕیاری ژمارە ٨٨ى دەرکرد، تێیدا بڕیاریدا ڕژێمەکەیان دەستکراوەبن لە کۆمەڵکوژکردنی ئەوانەی، کە پەرچەکرداریان هەیە بەرامبەر دەوڵەت بۆ ئەو ناوچانەی کە کوردنشینن و تێیدا فەرمانیکردووە، کە هەموو زیندەوەرەکانیان لەناوبەرن و خاکەکەیان داگیربکەن.

لەکانوونی دووەمی  ١٩٣٧ کوردان لەدێرسیم نامەیەکی ناڕەزایەتییان نارد بۆ حاکمی ناوچەکە، بەڵام لەبری وەڵام نامەبەرەکانیان دەسگیرکرد و گولـلەبارانیان کردن، هەڵسوکەوتی دەوڵەت وایکرد کە سەید ڕەزای دێرسیم سەرهەڵدانێکی چەکداریی لە ناوچەی دێرسیم بەرپا بکات لەدژی دەوڵەتی تورک و داوای لە سەرۆک هۆزەکانیش کرد، یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن و لەدژی دەوڵەتی تورک بووەستنەوە.

هەروەها، ڕاپەڕینی خەڵک دەستیپێکرد، لەچەندین شوێن کەمین و شەڕی چەکداریی ڕوویدا دژ بەهێزەکانی تورکیا، تێکهەڵچوون و شەڕ بەبەردەوامیی هەبوو، تورکیا زیاتر لە ٢٥هەزار سەرباز و چەکداریی کۆکردەوە لەناوچەی دەرسیم بڵاویکردەوە بەمەبەستی سەرکوتکردنی راپەڕینەکە، لەهەر شوێنێک بەرگریی هەبوایە دەوڵەتی تورک بەفرۆکە و تۆپ بۆردوومانی دەکرد و گوندو شارەکانیان وێران دەکرد، خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کۆمەڵکوژ دەکرد.

قوربانیانی کۆمەڵکوژی دێرسیم

بەپێی سەرچاوەکان زیاتر لە ١٤ هەزار کەس کۆمەڵکوژکراوە، هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لە زیاتر لە ٣٥  هەزار کەس دەكەن، ئەمە جگە لەوەی  ١٢ هەزار کەس، بەزۆرەملێ ڕاگوێزراون یان ئاوارەوە و پەرش و بڵاوبوونەتەوە، هەروەها سەید ڕەزاو ١٠ كەس لەهاوەڵەکانی دەسگیردەکرێن و  لە ١٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٧دا لەشاری ئەزەخ لەسێدارە دەدرێن، تائێستاش شوێنی گۆڕەکانیان نادیارە، هەروەها کوڕەکەشی لەگەڵ خۆی لەسێدارە دراوە.

سەید ڕەزای دەرسیم

کۆمەڵکوژیی دێرسیم لە ٤ی ٥ی ١٩٣٧ دەستیپێکردووە، هەرچەند لەساڵی ١٩٣٨ دەوڵەت ڕایگەیاند گوایە کۆتاییان پێهێناوە، بەڵام بەنهێنی ئەو بڕیارەیان درێژکردووەتەوە  و لە دوای ڕاپەڕین دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی و بێ چەک کردووە، تا ساڵی ١٩٣٩کۆمەڵکوژییان درێژکردووەتەوە، بەسەرکردایەتی جەنەراڵێکی تورک بەناوی “عەبدوڵا ئالپ دۆغان”.

لەو کۆمەڵکوژییەداهەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە دژ بەخەڵکی دێرسیم تەنانەتە بۆ یەکەمجار چەکی کیمیایی بەکارهاتووە دژی کورد لەدەرسیم بوە، کە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ١٣هەزار و هەشت سەد کەس .

دوای ٨٦ ساڵ لە کۆمەڵکوژیی دێرسیم، ئێستاش دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوردان کۆمەڵکوژ دەکات و لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان چەکی کیمیایی دژ بە گەریلاکانی ئازادیی و هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاردێنێت، لەماوەى تەنیا ساڵى ڕابردوو بە سەدان جار دەوڵەتى قڕکەر چەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکارهێناوە.

هـ.ح

Comments are closed.