بۆتان گەرمیانی
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەکەی نوێنەرایەتی هێڵی فاشیزم و دژە کورد دەکات و بەهێزترین کاندید لەبەرامبەریدا کڵیچدار ئۆغڵووە، کە لە ڕووی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و بەڕێوەبردنەوە، دژایەتی سەرسەختی ئەردۆغان و دەستوپێوەندەکەیەتی، تاکە ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و کەوتنی ئەردۆغان پشتیوانیکردنە لە کڵیچدار ئۆغڵو.
لەم هەڵبژاردنەدا کە وابڕیارە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا ئەنجام بدرێت، کورد بە نوێنەرایەتی پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی، ڕۆڵێکی یەکلایی کەرەوە دەبینێت و بە ڕای هەموو چاودێران، هیچ کاندید و لایەنێکی سیاسی تورکیا بەبێ کورد ناتوانێت سەرکەوێت.
ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانیتر شەڕەکە لە نێوان دوو بەرەدایە، بەرەی فاشیزم بەنوێنەرایەتی ئاکەپە و مەهەپە و بەرەی دیموکراسیی بە پێشەنگایەتی کورد، سەرکەوتنی ئەردۆغان بەواتای سەرکەوتنی فاشیزم و هێڵی دژە کورد دێت، بە پێچەوانەوە بە شکستهێنانی خۆرێکی نوێ بەسەر تورکیا و پرسی کورد لەو وڵاتەدا هەڵدێت، کە کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد.
ڕۆژی ٢٨ی مانگی نیسان پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی، لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند، لە گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی سیاسی لە تورکیا بڕیارماندا، بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی دەنگ بدەین بە کڵیچدار ئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، سەرکەوتنمان لەم هەڵبژاردنەدا لە دژی فاشیزم گرنگترین ڕووداوە، هەروەها بەهێزترین گۆڕەپان بۆ لاوازکردن فاشیزم پەرلەمانە، لەم چوارچێوەیەشدا بانگەوازیی لە گەلانی تورکیا دەکەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی.
هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بە دوو ڕێگا هەوڵی کەوتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەردۆغان و هێڵی فاشیزم دەدات، بە دروستکردنی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی و دیاریکردنی سەدان کاندیدی بەهێز لەهەموو ڕەنگ و پێکهاتەکان، شەڕی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی تورکیا دەکات، بۆ سەرخستنی ئیرادە و سیاسەتی دیموکراسیی و ئاشتییانە، هاوکات کورد ببێتە خاوەن بڕیار و هیچ بڕیار و یاسایەک لە پەرلەماندا بەبێ کورد تێنەپەڕێت.
ڕێگای دووەم دیاریی نەکردنی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی و پشتیوانیکردنی کەمال کڵیچدار ئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەتە، چوار كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا، كەوتوونەتە كێبڕكێوە و بەهێزترین کاندید، کڵیچدار ئۆغڵووە، کە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆغانە و لە ڕووی سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە، دژبەری سەرسەختی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەیە.
کڵیچدار ئۆغڵو باوەڕمەندی ئەهلی حەقە و بە ڕەگەز کوردە، هەروەها وەک ئایدۆلۆژیا کەسایەتییەکی “لاییزمە”، واتا دین و دەوڵەت لەیەک جیا دەکاتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆغان و ئاکەپە کە دین وەکو داردەستێکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ توانەوەی کورد و ڕەوایەتییدان بە سیاسەت و دەسەڵاتخوازیی فاشیزمانەی خۆی.
ئەگەر هەدەپە بە کاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی کردبا، لە خولی یەکەمدا نەیدەتوانی سەرکەوێت و بەئەگەریی زۆرەوە ئەردۆغان لە خولی یەکەم سەردەکەوت، بەوپێیەی هەدەپە نزیکەی لە سەدا ١٥٪ ی دەنگەکانی کڵیچدار ئۆغڵوی کەم دەکردەوە، کە بەهێزترین ڕکابەری ئەردۆغانە، بەمەش بەرەی دژە فاشیزم پەرت دەبوو، ئەم دۆخەش دەکەوتە خزمەتی ئەردۆغانەوە، هەربۆیە بۆ فراوانکردنی بەرەی دژ بە ئەردۆغان و پەرت نەبوونی دەنگەکان پارتی چەپی سەوز بڕیاریاندا کە کاندید دەستنیشان نەکەین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، هەربۆیە دەنگی خۆیان خستەپاڵ بەهێزترین کاندیدی دژە ئەردۆغان کە کەمال کڵیچدار ئۆغڵووە
هاوپەیمانییەتی کۆمار یاخود دەستوپێوەندەکەی ئەردۆغان کێن؟
پێکدێن لە هەریەک لە پارتەکانی (یەکێتی گەورە، پارتی چەپی دیموکراتی، نیشتمانی دایک، هوداپار یاخود حزبوڵای تورکیا) کە ڕێژەی دەنگەکانی ئەم چوار پارتە، بەهەموویانەوە ناگاتە لە سەدا یەکی دەنگەکانی تورکیا.
لەگەڵ هەریەک لە پارتەکانی( پارتی نەژاد پەرستی تورک- مەهەپە کە ڕێژەی دەنگەکانی لە ٥٪ دەبێت، پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە، کە ڕێژەی دەنگەکانی لە ٣٠٪ یە، پارتی خۆشگوزەرانی نوێ کە ڕێژەی دەنگەکانی لە سەدا یەکە).
ئەم حەوت پارتە دروشمی سەرەکییان دژایەتیکردن و لەناوبردنی کوردە و بۆ ئەم ئامانجەش یەکیان گرتووە، هەروەها لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە تێکەڵەیەکن لە سەلەفی توندڕەوی دەوڵەت و چەپی ڕەگەزپەرست و تورکی فاشیزم.
لە سیستمی هەڵبژاردنی تورکیادا، ئەگەر هەر کاندیدێک لە خولی یەکەمدا لە سەدا ٥٠٪ و یەک دەنگ بەدەست بهێنێت سەردەکەوێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی، بەپێچەوانەوە ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە خولی دووەمەوە و لە ٢٨ی مانگی ئایار ئەنجامدەدرێت، لە خولی دووەمدا لەناو ئەو چوار کاندیدەدا دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، بەشداری دەکەن و کێبڕکێ دەکەن، دووبارە خەڵک دەچنەوە سەر سندوقی دەنگدان و بە تەنها جیاوازیی یەک دەنگ دەتوانێت ئەنجامەکە یەکلایی بکاتەوە.
هـ.ح
Comments are closed.