پەیامێک بۆ سەردەشت عوسمان

د.کامەران مەنتک

تۆ خەونێکت بینی، لەو خەوەدا دەرگای دەمت کردەوە، بەڵام جەلادەکان، بەگوللـە و بەڕاستی دەمی تۆیان داخست، گیانی بەرزەفڕی تۆیان تیرۆر کرد، بۆئەوەی بەردەوام نەبی لەبینینی ئەو خەونە خۆڕسکە، کەچی نەیانتوانی خەونەکانی تۆ تیرۆر بکەن، دوای ١٣ ساڵ، خەونەکانی تۆ هێشتا جوانتر بەئاسمانی هەرێمدا دەسوڕێنەوە، دوای ١٣ ساڵ هێشتا دەنگی تەقەی ئەو گوللانە دەزرنگێتەوە، کە دەمی تۆیان پێداخست، جەلادەکانیش تا ئێستا لەتەقەکردن لە خەونەکان بەردەوامن.

بەڵام ئەوەی جیاوازە، ئاسمانی کوردستان پڕ بووە لە کۆتری سپی، چرۆی خەونە پێنەگەیووەکانی تۆش، لەهەموو کاتێک زیاتر گەشە دەکات، ئێستا لە ئاسمانی هەرێم دەنگی تەقەکان بەردەوامە، بەڵام شەقەی باڵە سپیەکانی خەونەکانی تۆش لەهەموو کاتێک زیاتر کوردستانی خرۆشاندووە، بۆیە زۆری نەماوە خۆری گەشی خەونە سادەکانی تۆ بدرەوشێتەوە و گوللـەکانیش چیتر نەتوانن دەمەکان دابخەن.

شـ. ئـ

Comments are closed.