محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لەم هەڵبژاردنە ئەردۆغان دەکەوێت و دەدرێتە دادگا

بۆتان گەرمیانی

محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: پارتی چەپی سەوز بە سەرکەوتنیان، پەرلەمان دەکەن بە مینبەرێک، بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەلی کورد، دەشڵێت: هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە ئەردۆغان و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە دەڕووخێت و دوای کەوتنیشی لەسەر چەندین دۆسیە دادگایی دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە.

نووسەر و سیاسەتمەداری دیاری کورد لە باشووری کوردستان، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت، پشتیوانی خۆی بۆ پارتی چەپی سەوز دەردەبڕێت و پێشبینییەکانیشی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

“ئەم هەڵبژاردنانەى تورکیا چارەنووس سازە و بۆ گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکلاکەرەوەیە”

ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگترین ڕووداوی سیاسی تورکیا ناودێر دەکرێت، پێتان وایە گرنگییەکەی چییە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەم هەڵبژاردنە چارەنووس سازە، نەک تەنها پەیوەست بە کورد و تورکەوە، بەڵکو بۆ گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکلاکەرەوەیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری فاشیست و ئیخوانی لە تورکیا، کە لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە بەرجەستە دەکرێت، بەرەی دووەم هەتا ئاستێک دیموکراسیخوازن و گریمانەی ئەوە دەکرێت بەسەرکەوتنیان کرانەوەیەکی گەورە بکەن بەڕووی دۆزی کورددا.

پێنجوێنی دەشڵێت: هەروەک کڵیچدار ئۆغڵو وتی، ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی پەرلەمانداو لەدوای سەرکەوتنمان، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکێک لە بانگەشەکانیان ئەوەیە پاشەکشێ بە سوپای تورکیا بکەن لە دەرەوەی سنوور، لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان و لیبیا و سووریا و هەموو ئەو ناوچانەی کە هەن، ئەمەش کەشوهەوایەکی دیموکراسی دەهێنێتە پێشەوە.

“ئەگەر ئەردۆغان بکەوێت و سوپای تورکیا بکشێتەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەخۆ دەکاتە سەر باشووری کوردستان”

ئەم گۆڕانکارییانە، چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر باشووری کوردستان؟

 محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەگەر ئەردۆغان بکەوێت و سوپای تورکیا بکشێتەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەخۆ دەکاتە سەر باشووری کوردستان، چونکە ئێستا تورکیا بەشێکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە و مامەڵە بەبەشەکەی ترەوە دەکات.

هەروەها وتیشی: تیرۆری دەوڵەت کە لە باشووری کوردستان بەرامبەر بە کورد و هێزی ئازادییخواز و ڕزگارییخوازی کورد دەکرێت، کۆتاییپێدێت و ئەو جوڵانەوەیە ڕزگاریی دەبێت لەو هێرش و داگیرکارییەی تورکیا.

چی دەکەوێتە سەر کورد بۆ مەیسەربوونی ئەم گۆڕانکارییانە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسدا دێتە ئاراوە، لەسەر ئەو هێزە کوردییانەی کە هاوکاریی و هاوئاهەنگی دەکەن لەگەڵ  سوپای تورک و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تورک، ئەوە فەرز دەکات کە بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵوێستێکیتر وەربگرن، هەموو ئەمانەش وادەکات کە دیسان بزوتنەوەی ئازادییخوازی کورد دیسان لە باکووری کوردستان هەنگاوێکیتر بچنە پێشەوە و لە ڕووی ڕێکخستنی و سەربازییەوە، جوڵانەوەی کوردی قەڵەمبازێکی مێژوویی دەنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داواکارم لەهەموو خەڵکی ئازادییخوازی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکەن، گەر دەشتوانن دەنگ بدەن لە تورکیا، ئەوا دەنگیان بدەنێ، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت مافە نەتەوەییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، ئەو مافانەی کە سەد ساڵە خەباتی بۆ دەکات.

“ئەگەر پرسی کورد لەتورکیا بڕواتە پێشەوە ئەوکات پێویستمان بە چەک و خەباتی سەربازیش نامێنێت”

وەک سیاسەتمەدارێک تا چەند ئومێدتان بە پارتی جەپی سەوز هەیە و چۆن پشتیوانیان لێدەکەن؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: پارتی چەپی سەوز بڕوای بەوە هەیە کە دەبێت پرسی کورد لە تورکیا چارەسەربکرێت بەشێوەیەکی دیموکراسی، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بتوانن سەرووی ٨٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و ڕژێمی دیکتاتۆری و تاکەکەسی ئەردۆغان بڕوخێت، دەتوانن پەرلەمان بکەن بە مینبەرێک، بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەلی کورد، ئەگەر پرسی کورد بەو ڕادەیە بڕواتە پێشەوە ئەوکات پێویستمان بە چەک و خەباتی سەربازیش نامێنێت، بە خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی و پەرلەمانی پرسی کورد چارەسەر دەکەین.

“ئەوانەی چارەنووسی خۆیان گرێداوە بە ئەردۆغانەوە کەوتنیان بەیەکەوە دەبێت”

یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان “هوداپارە”، کە کوردن و ئیسلامی سیاسین، دەیانەوێت لە ڕێگای ئاینەوە هەستی خەڵک بجوڵێنن، ئایا ئەو بانگەشەیەی کە دەیکەن ڕاستە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: هوداپار هەمان ئەو حزبوڵایەیە، کە دەستی سوورە بە خوێنی هەزاران چالاکوان و ڕۆشنبیر و کەسایەتی کورد، کە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری میت شەهیدیان کردوون، ئەوانی دیکەش سەرۆک جاشن و پیاوی دەوڵەت و ئاکپارتی وئەردۆغانن، ئەو کوردانەی کە پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەن، وەک حەسەن خەیری و ئەو کەسانەن کە لە مێژووی شۆڕشی کورددا خیانەتیان لە دۆزی کورد کردووە، ئەوانە چارەنووسی خۆیان گرێداوە بە ئەردۆغانەوە کەوتنیان بەیەکەوەیە، کەوتنی ئەوانەش هەناسەیەکە بۆ دۆزی کورد.

پێشبینیت بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا چییە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەردۆغان شکستدەهێنێت.

“چەند مانگێک دوای کەوتنی، ئەردۆغان دەدرێت بە داداگا و دەیبەن بۆ زیندانی ئیمراڵی”

هۆکارەکانی شکستهێنانی ئەردۆغان چین؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: هۆکارەکانی شکستی ئەردۆغان ئەمانەن، دۆخی سیاسی تورکیا تێکچووە و پشتیوانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا لە ئاستی سفردایە، بەهای لیرە هاڕەی کردووە و ئابووری تورکیا داتەپیوە، دۆخی ئاسایش و ئەمنی زۆر خراپە و نەماوە، لە ئاستی نیودەوڵەتیش تەنها ڕوسیا لە پشتی ئەردۆغان ماوە.

وتیشی: هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێت کە ئەردۆغان دەکەوێت، کەوتنەکەشی ئاسایی نابێت و وەک ڕۆشتنی سەرۆکێک و هاتنی سەرۆکێکی نوێ، ڕەنگە ئێستا دەیان و سەدان دۆسیەیان بۆ ئامادە کرابێ، لە هاوکارییکردنی داعش و گرووپە تیرۆرستییە توندڕەوەکان و دەستوەردانەکانی لە عێراق و سوریا و لیبیا، هەروەها لەسەر گەندەڵی و دەوڵەمەند کردنی خزم و کەسە نزیکەکانی خۆی، لەسەر ئەمانەش هەر چەند مانگێک دوای کەوتنی، ئەردۆغان دەدرێت بە داداگا و دەیبەن بۆ زیندانی ئیمراڵی.

هـ.ح

Comments are closed.