بۆتان گەرمیانی
لە ساڵی ١٩٩٥ پەکەکە بە بڕیاری ڕێبەر ئۆجالان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بخاتەڕوو، بەڵام لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لەڕێگەی کۆنترایەکەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی رێبەر ئۆجالانیاندا، بەم هێرشەش ئاگربەستەکە تێکچوو.
ئەمڕۆ ٦ی ئایار، ساڵیادی لە سێدارەدانی دەنیز گەزمیشە، یەکێک لە شۆڕشگێڕە پێشەنگە چەپەکانی تورکیا، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پشتگیری تەواوی لە مافە نەتەوەییەکانی کورد کردووە دژی کۆماری تورکیا، کە دواتر لەسەر هەڵوێستەکانی لە ١٩٧٢ لە سێدارە دراوە.
هاوکات لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیاندا، بەڵام لەم هەوڵەشیاندا شخستان خوارد و ڕێبەر ئۆجالان ڕزگاری بوو.
لە پاش شکستی پڕۆسەی ئاگربەستی ساڵی ۱۹۹۳ و تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە شەڕی دژوار لە کوردستان، ساڵی ١٩٩٥بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، لە ڕێگەی چەند نێوەندگیرییەکەوە داوای ئاگربەستیان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، ئەوەبوو لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ پەکەکە بە بڕیاری ڕێبەر ئۆجالان، ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد بخاتەڕوو.
لە وەڵامدا دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لەبری هەنگاونان بۆ ئاشتی، هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد دژوارتر کرد و دەستی بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی کرد.
هەر بەوەشەوە نەوەستان لە ساڵی ١٩٩٦، دەزگای سیخوڕی میتی تورک لە ڕێگای چەند کۆنترایەکی ڕاهێنراوەوە تیمێکی تایبەتیان لە شام دروست کرد و یەک تۆن تەقەمەنییان ئامادە کرد، ڕۆژی ٦ی ئایاری ١٩٩٦ لە بەردەم خوێندنگەی ناوەندی پارێ، کە ڕێبەر ئۆجالان زۆرجار لەوێدا وانەی دەوتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کە یەک تۆن تەقەمەنی جۆری C4ی تێدابوو، لە کاتژمێر ١٠:١٧ خولەکی بەیانی خۆی تەقاندەوە، بەمەبەستی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئۆجالان.
تەقینەوەکە هێندە بەهێزبوو، لەهەموو شام دەنگی بیسترابوو، هەڵبژاردنی ئەو جێگەیەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە ڕێبەر ئۆجالان و بەشێکی گرنگ لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە، بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی، لە ئەکادیمیایەکی نزیک ئەو جێگەیە بوون، بەڵام ئەم هەوڵە شکستیهێنا و ڕێبەر ئۆجالان ڕزگاریی بوو.
ئەم هێرشە دڕندانەیە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاگربەست و چارەسەریی ئاشتییانە، لە یەکەم هەوڵی ئاشتییانەی پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالانەوە تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، وەڵامی هەموو هەوڵەکانی بۆ چارەسەری ئاشتییانە، بە شەڕ و هێرش و کۆمەڵکوژیی و هەوڵی تیرۆر، داوەتەوە.
هاوکات جەمیل بایک هاوسەرۆكی گشتی کەجەکە لە ڕۆژى ١٠ی شوباتی ئەمساڵەوە، بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیاوە، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانیانیدا و ئەمەی بە دەستپێشخەرییەک بۆ ئاگربەست و چارەسەریی ئاشتییانە پێناسە کرد، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرش و داگیرکارییەکانی نەوەستا و بە شەڕ وەڵامی ئەم پەیامەی دایەوە.
هـ.ح
Comments are closed.