دەروازەی ئۆڤاكۆی.. خەونی فراوانخوازی تورکیا و هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەى هەرێم

دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، توركیا بۆ سزادانی هەرێم لە٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراق ڕێككەوت بۆ دروستكردنی دەروازەی ئۆڤاكۆی لە نزیك فیشخابور، دەروازەی سنووری ئۆڤاكۆی دەكەوێتە پارێزگای شرناخ لەباكوری كوردستان نزیك لە باشوری كوردستان، هەروەها دەكەوێتە نێوان هەرسێ وڵاتی عێراق و سوریا و توركیا.

بولێنت توفەنجی، وەزیری گومرگ و بازرگانی توركیای ئەوكات ڕایگەیاند، توركیا و عێراق گەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەركردنەوەی دەروازەیەكی سنووری نوێ، هەروەها زۆربەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدایە نەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

توركیا بەخێرایی كار لەسەر كردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاكۆی دەكرد، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەك بۆ هەردوو دەروازەی پێشخابور و ئیبراهیم خەلیل، كە بە خوێنهێنەر و دەماری سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردسان دادەنرێت، دەروازەی ئۆفاكۆی لە بە درێژایی ١٢٠ كم لە بن سنووری سوریاوە دەستپێدەكات، تا دەگاتە تەلعەفەر لە موسڵ، جگە لەوەی ڕێگایەكی بازرگانی و نێودەوڵەتییە، دەبێتە پەیوەندیی سەرەكی نێوان موسڵ و ئەنقەرە.

هەردوو حكومەتی ئەو كاتەی عێراق و توركیا كۆمەڵێك ئامانجیان لە كردنەوەی دەروازەی ئۆفاكۆی هەبوو، کە ئەویش دژایەتیکردنی هەرێمی كوردستانە، گرنگرترین ئەو ئامانجانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:

كردنەوەی ئەم دەروازەیە دەبێتە هێڵێكی ڕاستەوخۆ بۆ بازرگانی دوو قۆڵی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، پەراوێز حستنی دەروازەكانی پیشخاپور و ئیبراهیم خەلیل، هەروەها دەبێتە هۆی بڵاوەپێكردنی  هێزە چەكدارەكانی عێراق و توركیا لەناوچەكە، لەلایەكی دیكەوە بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی بەغدا و كاریگەری عێراق لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.

یەكێكی دیكە لەئامانجەكانی توركیا لەكردنەوەی دەروازەی ئۆفاكۆی فراوانكردنی دەسەڵاتەكانیەتی لە شاری كەركوك و یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێت، لە لاوازكردنی كاریگەریی كورد، بەمەش كورد گەمارۆ دەدرێت، ناچاری دەكرێت هەنگاوێك بۆ دواوە بنێت، هەروەها كردنەوەی ئەم دەروازە ڕێگای نێوان سوریا و عێراق دەبڕدرێت، ناهێڵێت هاوكاری بۆ  ڕۆژئاوای كوردستان بڕوات.

ڕاهی عەلیاوی، نوسەر و شارەزای ئابوری عێراق دەڵێت: لە ئەگەری ئەوەی دەروازەی “ئۆفاكۆی” بچێتە بواری كاركردنەوە، سەرجەم هەناردەی توركیا دەگاتە شارەكانی تەلعەفەر لە موسڵ، بەبێ ئەوەی بە دەروازەی پێشخابور تێپەڕێت، كە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندایە، دەبێتە هۆی وەستانی هەموو ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەرچاوەكان لەگەڵ هەرێم، كە لەوانەیە بەو هۆیەوە نەتوانێت ئیدارەی خۆی بە تەواوی زیندوو ڕابگرێت، بەهۆی وەستانی هەموو ڕێڕەوی بازرگانی و هاتوچۆی بەرەو هەرێم و بەپێچەوانەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەكاركردنی دەروازەی ئۆڤاكۆی دەروازەكانی هەرێم گرنگی ستراتیژی خۆی لەدەست دەدات، بەهۆی گواستنەوەی زۆربەی جوڵەی كەلوپەل و گواستنەوە بۆ دەروازەی نوێی ئۆڤاكۆی، چونكە هەموو بازرگانییەك دەچێتە ئەم دەروازە سنوورییە.

ئەو شارەزایەی ئابوری عێراق دەشڵێت، پێشتر ئەمریكا هەر كە ئاگاداری ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕژێمی سەدام حوسێن سەبارەت بەكردنەوەی ئەم دەروازەیە، ناوچەی دەروازەكەی بە فڕۆكە بۆردومان كردبوو، كە فڕۆكە و بنكەی سەربازی توركیا تێدا بوو، ئەو كات ئەمریكا لە پەیامێكی ڕووندا وتی، ڕێگە بەكردنەوەی ئەو دەروازەیە نادەن، دووبارە كاركردن لە دەروازە نوێیەكە پەكیكەوت كاتێك ئەمریكا لە ئاداری ٢٠٠٣دا عێراقی داگیركرد.

هاوکات یاسین تەها شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق باس لەوە دەکات، ئەگەر کردنەوەى ئەم دەروازەیە سەری بگرتایە، ئەوا كۆمپانیا توركییەكان دەیانتوانی بگەنە ناوەڕاست و باشووری عێراق، جگە لەوەیش توركەكان بیریان لەوە دەكردەوە ئەگەر كونسوڵخانە لە مووسڵ بكرێتەوە و ناوچەیەكی بازرگانی سەلامەت دابمەزرێت، چالاكییە بازرگانییەكانی توركیا لە ناوچەكە زیاتر دەبن.

یاسین تەها دەشڵێت: سەرباری پەرۆشی عێراق بۆ ئەم پڕۆژەیە، هۆكارێك كە بووە مایەی نیگەرانی و سەرچاوەی بۆ هێزە شیعە حوكمڕانەكان، خەونی فراوانخوازییەكانی توركیایە؛ چونكە عێراق لەوە دەترسێ توركیا پەرەپێدان و كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بووژاندنەوەی پڕۆژە عوسمانییەكەی لە ناوچە توركماننشینەكانی تەلەعفەر، كە لەسەر ڕێگەی دەروازەكەیە.

شارەو شارەزایەى کاروباری عێراق ڕوونیدەکاتەوە، توركیا بە پاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانی هێزی ئەمنی و سەربازیی زیاتر دەهێناوە ناو خاكی عێراقەوە، چونكە بنكە سەربازییەكانی تری دوور نین لە ناوچەكە.

پڕۆژە نوێیەكەی “ڕێگەی پەرەپێدان” و “كەناڵی وشك”گرنگیدانی زۆر بە كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەگەڵ عێراق لای گوندی “ئۆڤاكۆی”ی توركیا، بەشێك بوو لە تۆڵەی توركیا لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، لە پاش كۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە، توركیا بیری لە چەندان ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە یەكێك لەوانە بەرتەسككردنەوەی بازرگانیی نەوت و داخستنی ئاسمان بوو بەڕووی هەرێم.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ توركیا خەونی كردنەوەی دەروازەی ئۆفاكۆی لەگەڵ عێراق هەبوو، هەروەها حكومەتی عێراقیش هەوڵی زۆری دا دەروازەیەكی سنوریی تایبەت بە خۆی لەگەڵ توركیادا بكاتەوە، بەڵام سەری نەگرت.

بە گوێرەی نەخشەكان ئەم دەروازە گریمانكراوە، ١٢ كم لە شاری “سلۆپی”ی توركیاوە دوورە و ٥١ كم لە ئیبراهیم خەلیل، ئەو سێگۆشە سنوورییەیشی دەروازەكە لەخۆ دەگرێت، نزیكترین خاڵی بەیەكگەیشتنی سنوورەكانی توركیایە (شڕناخ) لەگەڵ سنووری پارێزگای نەینەوایە.
هـ.ح، هـ.ئ

Comments are closed.