دوای حەوت كاتژمێر لە كۆتایی هاتنی دەنگدان ئەنجامی هەڵبژاردنی توركیا ڕادەگەیەندرێت

زیاتر لە ٦٠ ملیۆن هاوڵاتی باكوری كوردستان و توركیا ڕۆژی ١٤ی ئایار دەتوانن لە ماوەی نۆ كاتژمێردا دەنگبدەن و پاش داخستنی دەرگای بنكەكانی دەنگدان، دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا ئەنجامی گشتی دەنگدان ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژی ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار توركیا ئەنجامدەدرێت، كاتژمێری هەشتی بەیانی دەنگدان دەستپیدەكات و دەنگدەران دەتوانن لە ماوەی نۆ كاتژمێردا دەنگبدەن و كاتژمێر پێنجی ئێوارە دەنگدان كۆتایی دێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن سەرۆكی بنكەكانی هەڵبژاردن دەتوانن بڕیاربدەن بە درێژكردنەوەی ماوەی دەنگدان، بۆ ئەوەی تەنها ئەو دەنگدەرانەی لە ڕیزەكاندا وەستاون دەنگ بدەن.

دوای داخستنی دەرگای بنكەكانی دەنگدان، سندوقەكانی دەنگدان لەدوای كاتژمێر شەشەوە دەكرێنەوە و دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێت، دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە كاتژمێر شەش تا نۆ زانیاری لە بارەی دەنگی كاندید و پارتەكانەوە بڵاودەكەنەوە.

ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتی دەنگدان هەمان شەو ڕادەگەیەنرێت و لە كاتژمێر ١٢ی شەو، دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا ئەنجامی گشتی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت.

ڕۆژی ١٤ی ئادار، لە هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەناوخۆی وڵاتدا ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار كەس ٨٤٣ مافی دەنگدانیان هەیە و سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٩٨ کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، كە لە كۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە دەنگدان كردووە.

لەو ژمارەیەی لەناوخۆی وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەیە، ٣٠ ملیۆن و ٧١٠ هەزاریان ژنن كە دەكاتەوە ٥٠.٦٪یان ژنن، ٢٩ ملیۆن و ٩٨٨ هەزاریان پیاون کە دەکاتە ٤٩.٤٪، ژمارەی ئەوانەی بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ کەسە.

سیستمی هەڵبژاردنی توركیا بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان داڕێژراوە، بۆ نمونە پارێزگای ئیستەنبوڵ ١٥ ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٩٠٠ کەسە و ٩٨ كاندیدی دەردەچێت، بەڵام پارێزگای بایبورت کە ٨٤ هەزار و ٢٤١ کەسە و پارێزگای دەرسیم  کە ٣٥ هەزار و ١٦١ کەسە، یەكی یەك کاندیدیان دەردەچێت

س.س

Comments are closed.