د.مەحمود عوسمان: ئەردۆغان کەسێکی شەڕخوازە و بە ڕۆیشتنى گۆڕانکاری دروست دەبێت

د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لە باشوری کوردستان، ئومێدەوارەوە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا، کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەکەپە و حکومەتەکەی ئەردۆغان بێت، چونکە بەبڕوای ئەو ئەکەپە و ئەردۆغان لە ھەموو لایەکەوە بەردەوام شەڕ بەرامبەر کورد دەکەن، دەشڵێت: ئەردۆغان کەسێکی شەڕخوازە و بە ڕۆیشتنى گۆڕانکاری دروست دەبێت.

د.مەحمود عوسمان سیاسەمەتداری کورد لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەبارەى دەسەڵاتى ئەردۆغان و ئاکەپە قسەی کردو ڕایگەیاند: ئومێدەوارم ئەکەپە حکومەکەی کۆتایی پێبێت، چونکە ئەکەپە بەتایبەتی ئەردۆغان باش نەبووە، بەردەوام سیاسەتیان شەڕ بووە بەرامبەر بە کورد، باس لەوەش دەکات، ئەوانەى پشتگیری ئەردۆغان دەکەن بۆ بەرژەوەندییەکى تایبەت پشتگیری دەکەن، داواکاریشە ئەو لایەنانە بۆچوونی خۆیان بگۆڕن.

ڕۆژنیوز: ئەم هەڵبژاردنە چی جیاوازییەکى لەگەڵ هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو دەبێت؟

د.محمود عوسمان: ھەر وەک ھەڵبژاردنەکانی دیکە دەبێت کە ئەردۆغان ماوەی پێنج ساڵە لە حکومن، بەڵام ڕەنگە دژایەتی ئەکەپە زۆرترببێت لە چاو ھەڵبژاردنەکانی دیکە، بۆیە ڕەنگە گۆڕانکاری بکرێت .

“بۆچوونی کەمال کڵچدار ئۆغلو وەک ڕای دەمیرتاشە، من ڕای دەمیرتاشم زۆر لا گرنگە”

ڕۆژنیوز: ئەگەر گۆڕانکاری لەدەسەلاتى تورکیادا ڕوویدا، پێتوایە چی لە دۆخی کورد دەگۆڕێت؟

د.مەحمود عوسمان: ئەگەر هەیە گۆڕانکاری ڕووبدات، چەند جارێکە گوێمان لێ دەبێت لە کەمال کڵچدار ئۆغلۆ کە کاندیدە لە بەرامبەر ئەردۆغان، دەڵێت ئێمە شەڕ ناکەین شەڕ دەوەستێنین، چونکە کێشەی کورد بە شەڕ چارەسەر نابێت، کێشەکە لە پەڕلەمان چارەسەر دەکەین، بەڵام ناڵێت چۆن؟، کێشەکە حەل دەکەن، بەڵام شتێکی تازەیە نەک وەک ئەردۆغان بەردەوام شەڕ بکەین، بۆیە لەوەی ئەردۆغان و ئەکەپە باشترە.

ڕۆژنیوز: پێشبینی ئەوەى دەکەی کە پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا دووبارە دەست پێ بکاتەوە؟

د.محمود عوسمان: بە پێی ئەو قسانەی گوێمان لێی بووە لە کەمال کڵچدار ئۆغلو و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیشن دژی ئەکەپەن کە وا دەگەیەنێت، چونکە دەڵێن لە پەرلەمان چارەسەری دەکەین و شەڕ ناکەین، ئەمە وا دەگەیەنێت بەرنامەیەکی سیاسیان ھەبێت، ھەرچەندە نەشیان وتووە سیاسەتەکەیان چۆنەو چیە، بەڵام جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەردۆغان، چونکە ئەردۆغان سیاستەکەی وایە لەم دیوی سنور و لەو دیوی سنور شەڕ لە دژی کورد بکات، تا ئستا ھاوکاری کوردی نەکردوە، بە تایبەتی ئەو کوردانەی پەڕلەمانتارن ئەو کوردانەی سەرۆکی شارەوانیەکانن یان حزبە کوریەکان وەک پارتی و سۆسیالیست و حزبی تر، خۆ ئەمان چەکیان ھەڵنەگرتوە، ئەو دەڵێت تورکیا کێشەی کورد نییە، ھەروەھا ڕای و بۆچوونی کەمال کڵچدار ئۆغلو وەک ڕای دەمیرتاشە، من ڕای دەمیرتاشم زۆر لا گرنگە، چونکە ئەو کەسێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرە، ماوەی ٥ بۆ ٦ ساڵ دەبێت گرتوویانە.

“پێویستە باشوری کوردستان پشتیوانى لە هەدەپە بکات”

رۆژنیوز: پشتگیریکردنى گەلی کورد بەتایبەت لە باشورەوە لە هەدەپە تا چەند بە گرنگ و پێویست دەزانی؟

د.مەحمود عوسمان: پشتگیریکردن لە هەپەدە زۆر پێویستە، چونکە هەدەپە ھەمیشە باش بووە بۆ تورکیا، لە کاتێکدا بارودۆخێکی دیموکراسی لە تورکیا بێتە پێش ھەم بۆ کوردیش باش بووە داوای کردوە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، چەندین جار نوێنەرانی هەدەپە ھاتون بۆ باشوور، چەندین بەرپرسی ھەرێمیان بینیووە،پێم باشە باشووری کوردستان زۆر پشتیوانی هەدەپە بکات، ھەروەھا ھەدەپە پشتیوانی کەمال کڵچدار ئۆغلو دەکات بوونەتە یەک لایەن، بۆیە ئومێدەوارم باشووریش ڕایەکی وای ھەبێت کە پشتیوانی هەدەپە بکات باشە .

رۆژنیوز: ئەم هەڵبژاردنە چی کاریگەرییەکى لەسەر بەشەکانى دیکەى کوردستان دەبێت بەتایبەت باشور و رۆژئاوای کوردستان؟

د.مەحمود عوسمان: بەڵێ کاریگەری دەبێت بە تایبەتی بۆ باشوور رۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەردۆغان دژی باشوور و رۆژئاوا شەڕ دەکات، ڕۆژھەڵات کەمێک دوورە لە کارەکانی ئەردۆغان، پاشان ئێران لەگەڵ ئەردۆغان سیاسەتیان یەکە ھاوکاری یەکتر دەکەن دژی کوردی ڕۆژھەڵات، بۆیە کاریگەری دەبێت، بە بڕوای من، نەمانی ئەو حکومەتەی ئێستای تورکیا کاریگەریەکی ئەرێنی دەبێت بۆ کورد بە گشتی.

ڕۆژنیوز: گۆڕانکارییەکە ئەگەر ڕوو بدات چی کاریگەرییەکى لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، چونکە ئەردۆغان دەستوەردانى لەچەند وڵاتێکى هەرێمەکە کردوە کە زۆر جار ئەم  زیانی بە بەرژەوەندی ئەمریکاو ئەوروپاش گەیاندوە؟

د.مەحمود عوسمان: لەو ڕووەشەوە کاریگەری دەبێت، چونکە ئەردۆغان لە لیبیا تەداخول دەکات لە سوریا تەداخول دەکات، ماوەیەکی زۆر دژی میسر بوو، ئێستا دەیەوێت ڕێبکەوێتەوە لەگەڵیان، یان تەداخول دەکات لە یۆنان لە قوبرس لە چەند شوێنی تر زۆر وڵات ھەیە، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری ئەو دەست توەردانانە ناکەن لەبەر ئەوە ڕەنگە ئەو حکومەتە نەمنێنێ تاڕادەیەک کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ھەبێت.

” ئەردۆغان کەسێکی شەڕخوازە و ھەمیشە شەڕی دژی کورد کردوە”

ڕۆژنیوز: هەندێک لە لایەنە کوردییەکان پشتگیری لە ئاکەپەو ئەردۆغان دەکەن، بۆچوونى تۆ چییە؟ پێتوا نییە ئەگەر ئەردۆغان بمێنێتەوە ڕەنگە سیاسیەتى داگیرکاری و کوشتن و دژایەتى کورد زیاتر ببێت؟

د.محمود عوسمان: ئەوانەی کە پشتگیری دەکەن ڕەنگە نازانم چۆنن، بەڵام ھەن خەڵک ھەیە پتشگیری ئەردۆغان و حزبەکەی دەکات، بەس بەپێی ئەوە ڕووداوەکان نیشانمان ئەدا ئەم پیاوە شەڕخوازە و ھەمیشە شەڕی کردوە لەگەڵ کورد، کە شەڕیشی کردوە فەرقی نەکردوە ئەمە پەکەکەیە ئەمە پەکەکە نییە، یان لەو ناوچەیە ئەدا یان لەو ناوچەیە نادات، لە باشوور ئەدا یان لە رۆژئاوا ئەدا، یانی بێ جیاوازی ھاوڵاتی کورد دەکوژێت، بۆیە من پشتگیری ئەوە ناکەم کە پشتیگری ئەو حکومەت و سیاسەتە بکات، بەڵام ھاوکاری ھەیە ئومێدەوارم کەم ببنەوە.

ڕۆژنیوز: بەبۆچوونى تۆ ئەو لایەنە کوردیانە بۆچی مەبەستێک پشتگیری لە ئاکەپەو ئەردۆغان دەکەن؟

د.محمود عوسمان: چونکە حزبی خۆیەتی خەڵک ھەیە، لەگەڵیەتی ھاوکاریان ئەکات پشتگیری ئەکەن دیارە ئیسفادەیان لەو حکومەتە کردوە، یانی ئەویش ھاوکاری ھەیە، بەڵام وابزانم ئەوانەى هاوکاری دەکەن کەمترن لە جاران.

ڕۆژنیوز: ئەمجارە ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیری لە گۆرانکاری لە دەسەڵاتى تورکیا دەکەن بۆ ئەوەش نەیان شاردۆتەوە کە پشتگیری کەمال کڵچدار ئۆغلۆ دەکەن بەبڕوای تۆ هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە لە هەڵوێستى ئەمریکاو ئەوروپادا چییە؟

د.محمود عوسمان: من بڕوام بە ئەمریکا نییە، وڵاتێکی درۆزنە، زۆر وڵاتێکی پیسە، سیاسەتیان دژی کوردە ھەمیشە لەگەل ئەردۆغان بوون، درۆ ئەکەن بڵێن پشتگیری ئەم ئەکەین یان پشتگیری ئەو ئەکەین، ئەوان جێگای متمانە نین، ئەوروپا ڕەنگە زۆر لە ئەردۆغان ڕازی نەبن، بەڵام ئەوە ئەمێنێتەوە بزانین ئەنجامەکە چۆن ئەبێت، بەڕای من ھەرکەسێک بێت ئەوان پشتگیری ئەکەن ناگۆڕێ زۆر سیاسەتی ئەمریکا و ئەوروپا بە گۆڕینی شەخس.

رۆژنیوز: لەدوای ئەم هەڵبژاردنە بەبڕوای تۆ کورد پێویستە چی بکات و سیاسەتێکى چۆن پەیڕەو بکات؟

د.محمود عوسمان: ئەم ھەڵبژاردنە ھەبێت یان نەبێت کورد پێویستە یەکگرتوو بێت، ھاوکاری یەکتربن لە ھەموو پارچەکان پێکەوە مەبەستم خەباتی نەتەوەیە، وابکەن لە دەرەوە نوێنەرێکیان ھەبێت بەیەکەوە بیر بکەنەوە، بەڕای من کورد ھەموو پێکەوە وا بکەن گۆڕانکاری لە تورکیا بکرێت، ئەکەپە و حکومەکەی دووبارە نەبێتەوە باشترە

“سیاسەتەکانی هەدەپە بە ڕاست دەزانم و پشتگیریان دەکەم

ڕۆژنیوز: ماوەی چەندین ساڵە ئەردۆغان خەریکی شەڕ و شەڕخوازیە بەرامبەر کورد، ئەگەر ھەموو کورد یەکگرتوو بن حکومەتەی ئەردۆغان لە تورکیا کۆتایی پێدیت؟

د.مەحمود عوسمان: کاریگەری دەبێت ئەگەر کورد یەکگرتووبن وابکەن لە کوردستانی باکور دەنگی بۆ نەدەن تا کەمتر بێت دەنگی، بەڵام ناتوانم بڵێم کۆتایی پێدیت، چونکە تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام ئومێدەوارم کاریگەری ھەبێت بتوانن ھەمووان پێکەوە ئەوانە ڕازی بکەن کە کوردن و لەگەڵ ئەردۆغانن کە ڕای خۆیان بگۆڕن پشتگیری ئەردۆغان نەکەن.

ڕۆژنیوز: لە کۆتاییدا پەیامی تۆ بۆ هەدەپە چییە و داوای چی لە گەلی کورد دەکەی لەم هەڵبژاردنە؟

د.مەحمود عوسمان: پەیامی من بۆ هەدەپە ئەوەیە کە ئەوان خۆیان ئێستا چی ئەکەن من بە ڕاستیان ئەزانم، پشتگیری سیاسەتەکانی هەدەپە دەکەم، چونکە بیستومە کە چی ئەڵێن و چی ناڵێن، لە ھەمان کاتدا ئومێدەوارم هەدەپە زیاتر لە جاران دەوریان ھەبێت و کار بکەن بۆ ئەوەی لەو حکومەتەی کە دێتە ئاراوە ئەگەر ئەردۆغان دەرنەچوو لایەنەکەی تر دەرچوو، ھەوڵێکی جدی تر بدەن بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، عەبدوڵا ئۆجەلانیش ئازاد بکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.