چی بەسەر هەرێمەکەمان دێت؟

ئارێز عەبدوڵلا

تا چەند ساڵێك لەمەوبەر هەرێمی کوردستان نیمچە دەوڵەتێکی ڕێز لێگیراوبوو، بەهەموو پێوەرەکان دەبوو لە هەموو ڕووەکانەوە بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێ، چونکە هەلومەرجەکانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی گونجاو و لەباربوون، بەڵام هەڵەکانی خۆمان و سود وەرنەگرتن لە فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەرێمیان گەیاندە ئاستێك کە لەدەرەوە بەقەوارەیەکی لەرزۆک و کارتۆنی ببیندرێ و لە ناوەوەش ناڕەزایی و نیگەرانییەکان ئەوەندە لە دەسەڵات گەورەبن مەگەر لە بەرژەوەندیی نەبێ ببیندرێن دەنا دیارە هەڕەشەی زەق و مەترسیدارن.

ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوە و بەراوردێک بکەین دەبینین:

– جاران هەرێم لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەچاوی بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەبیندرا، بەڵام ئێستا بەهەمان شێوە نییە.

– دەستوری عێراق و بەشداری کورد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق فاکتەری بەهێزی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام دوای نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دەست بەو فاکتەرانەوە نەگیرا و بەپێچەوانەشەوە هێزەکانی دەوڵەت بوونە فشار بۆ سەر هەرێم.

– باری ئابووری کوردستان لەباربوو، داهاتەکان زۆر و قەبەبوون، تاڕاددەیەک تواندرا بەو داهاتانە کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام ئاوەدانکردنەوەکە لەلایەک بەشێوەیەکی مۆدێرن نەبوو و لەلایەکی دیکەش نەتواندرا ژێرخانێکی ستراتیژیی درێژخایەن و سەقامگیری پێدروستبکرێ. ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و دەبێ چاومان تەنیا لە دەرگای بەغدا بێ داخوا چەند و چۆن بەشمان دەدرێ، بۆیە دیار نییە لەمەودوا چیمان پێدەکرێ.

– پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان زۆر بەهێز بوون و ئەو پشتیوانییەی لە هەرێمی کوردستان کراوە و تا ئێستاش دەکرێ کەم وێنەیە، بەڵام پێناچێ بەم شێویەی تاسەر بەردەوامبێ.

– لەڕووی ئازادیی دەربڕین و ڕاگەیاندن بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری، بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراو و دامودەزگاکانی دەوڵەت، چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەتایبەت ژنان بەپێی هەمواری یاسایی باری کەسێتی عێراقی و کۆمەڵێک یاسایتر هەنگاوی بەرچاو بوون و بەهۆیانەوە هەرێم وەک نمونەیەکی جوان و پێشکەوتوو دەبیندرا، بەڵام ئێستا نەک هەر لەو بوارانەدا یاساکان پێشێل دەکرێن، بەڵکو بەرتەسککردنەوەی ئازادیی دەربڕین و کپکردنی دەنگی ناڕازی و قبوڵنەکردنی ڕەخنە مایەی نیگەرانی و بێئومێدیەکی گەورەن لە سیستەمی حوکمڕانی .

ئەوانە و زۆر بابەتیتر، بەڵام لە هەمووی ترسناکتر ئەو ململانێ نالۆجیکیەی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی جومگەکانی دەسەڵات دروست بووە و پەرەی پێدەدرێ، کە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی کردۆتە سەر تەواوی بوارەکانی ژیان. ئەوە لە کاتێکدایە، کە هێشتا هێزە چەکدارەکان وابەستەی حزبەکانن و دیاردەی چەکداری نایاساییش لە ئاستێکی زۆر گەورە و بەرفراواندایە، بۆیە دەبینین کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و یەکلاییکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە زەبری هێز و لولەی تفەنگ بۆتە دیاردەیەکی قێزەون، ئەوەش نیشانەی سستبوون و بێتوانایی دامودەزگاکانی دەوڵەتن !

کەس نییە نەزانێ، کە هێشتا پێگە و کۆڵەگەکانی قەوارەی هەرێم لەناو دەوڵەتی عێراقی پڕ لە کێشە و ناسەقامگیر و جێگیرنین و زەوی و ئاسمانیشمان بۆ دەوڵەتانی دەر و دراوسێ کراوەن و هەبوونی سوپای تورکیا لێرە، بوردومانە بەردەوامەکانی بادینان، هەولێر، کۆیە و سلێمانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەچی بەداخەوە لە جیاتی لەبەرچاو گرتنی هەڕەشە و مەترسییەکان و هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی ئیرادەی گەل تازە بەتازە سلێمانی لە دەستی نادادپەروەریی دەسەڵات داد و فیغانیەتی و دەسەڵاتی هەولێریش دڵی بەوە خۆشە کە ناتواندرێ لەوێ موچە وەکو هەولێر و دهۆک بدرێ!

لە سیستمی دیموکراسی، جیاوازی و ململانێی سیاسی بۆ پێشکەوتنی وڵات گرنگن، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ململانێیەکی سیاسیی توند و کوێرانەیە، بۆیە نازاندرێ بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.

لەبەرچاونەگرتنی داخوازییە سیاسی و ئابورییەکانی خەڵک و هەلومەرجەکانی کوردستان و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە ئەوەندە نالۆجیکین، هاووڵاتییانی ئاسایی هەستی پێدەکەن و سەریان لە ئاستی ئەو بێباکیەی دەسەڵات سوڕماوە، کەچی ئەوان نە با و نە باران دەبینن!

دیارە هەرگیز بەو شێوەیە کێشەکان نەک هەر لەبەرژەوەندیی لایەنێک یەکلایی نابنەوە، بەڵکو ڕەنگە سەر بکێشێ بۆ سەرخواردنی هەمووان و ئەوکاتیش نازانین ئەم هەرێمەی بەخوێن و ئێسک دروستکراوە، چیی بەسەر دێ؟

چاوەڕوانی گەڕانەوەی لۆجیک و حیکمەتین..

Comments are closed.