بۆچی کورد دەنگ بە کەمال کلچدار ئۆغڵو دەدات؟

كەمال چۆمانی

لەسەر بنەمای قسەکانی ئۆجەلان لە پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٥دا کە داوای لە گەلانی تورکیا کرد لەژێر ئاڵای ئیسلام، لەژێر پەیامە ئینسانییەکەی محەمەد، عیسا، و موسادا نەتەوەیەکی دیموکراتیک ئاوا بکەن و واز لە جیاکاری رەگەزی، نەژادی، نەتەوەیی، و تائیفیی بێنن و لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە وڵات بەڕێوەببەن، هەدەپە کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی بەست. لەکاتی بانگەشەش بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیندار و خەڵک بە گشتی بە بایەخەوە باسی پەیماننامەی مەدینەی کرد کە پەیامبەر لەنێوان جو، مەسیحی، و موسڵمان و بێبڕوای مەدینەی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو شارە ئیمزایان کرد. دەمیرتاش گوتی ‘پەیمانی مەدینە بەڵگەنامەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی و برایەتی بونیادبنێین، ناتوانین ئەم بەڵگەنامەیە فەرامۆش بکەین.‌
ئەم دەستپێکەم بۆیە بەو روداو و تێگەییشتنەی ئۆجەلان دەستپێکرد تا رونبکەمەوە ئۆجەلان لە قوڵایییەکی مێژویی، فیکری، و رۆحانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چارەسەرییەکەی پێشخستبو تا لەگەڵ کۆنزەرڤاتیزمی-ئیسلامیی تورکیی و کوردییش یەکانگیر بێ.
ئەردۆغان رێک دژی ئەو پەیامەی ئۆجەلان مامەڵەی کرد و چەندان شاری خاپورکرد، بەشێکی رۆژئاڤای کوردستانی داگیرکرد، و هەزاران کەسی خستە زیندان و هەزارانی دیکەشی ناچارکرد وڵات بەجێبهێڵن. تورکیا لەدوای کۆدێتاکەی ساڵی هەشتاوە بەو جۆرە زیندانییەکانی پڕ نەبونە و کەسایەتییە سیاسییەکان دەربەدەر نەبونە. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کرد. لە باشوری کوردستاندا زیاد لە ١٠٠ کەسی سیڤیلی کوشت لەڕێی بۆمبابارانکردنی بێویژدانانە و دوا تەکنەلۆژیاکانی بەکارهێنا دژ بە پەکەکە تا دەگاتە چەکی قەدەغەکراو.
هەمو ئەوانە وا دەکەن تورکیا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی نوێ بێ. کەمال کیلیچدارۆغلۆ غاندیی نییە، بەڵام بی ئەمڕۆی تورکیا وەک ئەردۆغانی ٢٠٠٣ پێویستە. ئەردۆغان سواری قیتاری دیموکراسی بو، کورد هاوکاری کرد، ئۆجەلان و پەکەکە زۆر سازشیان بۆ کرد، بەڵام دواجار خیانەتی لە پڕۆسەی ئاشتی کرد و وەک خۆی جارێک گوتبوی، کەی پێویستیان پێبو لە قیتاری دیموکراسی دادەبەزن.
ئێستا کیلیچدارۆغلۆ دەیەوێت تورکیایەکی جیاواز لە تورکیای ئەردۆغان ئاوا بکا. بەدڵنیایی سەختە، بەدڵنیاییش ئەو تورکیایە نییە کە کورد دەیخوازێ، بەڵام لای کەم ئەو تورکیایە نابێ کە ئامەدی سور و جزیر خاپور بکرێن. خەڵکی تورکیا پێویستی بە پشودانە لە جەنگ و کوشتن. کیلیچدارۆغلۆ وەک کورد پێویستی بە دیموکراسییە، وەک کورد ئەگەر دیموکراتخوازەکانی تورکیا دیموکراسی پێشنەخەن و پرسی کورد چارەسەر نەکەن، دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی قوڵ و میت و ئەردۆغان. ئێستا چیتر کوردەکان نین ئاوارە دەبن، ئێستا تورکەکانیش قوربانیی سیاسەتەکانی ئەردۆغانن. کاتێک ١٠ هەزار زیندانی کورد دەستیان بە مانگرتن کرد، زیاد لە ٢٠٠ ئەکادیمی تورکیا پشتیوانییان کردن، دواتریش کامپێینەکە بەرزتر بوەوە و بو بە سەروی هەزار کە داوایان دەکرد پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و تورکیا کۆتایی بێنێت بە خاپورکردنی شارە کوردییەکان. کۆی ئەکادیمییەکان بە تیرۆر تاوانبار کران، بەشێکیان زیندانی کران و سەدانیان وڵاتیان بەجێهێشت یا لە زانکۆکان دەرکران. بەپێی دوا راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، تورکیا لە پلەی ١٦٥ دایە لە کۆی ١٨٠ وڵات لەڕوی ئازادی رادەربڕینەوە. روسیا، تورکیا، عێراق، و یەکەم بەدوای یەک دێن لەو پاشکۆیەدا.
لەڕوی ئابورییەوە، هەرچەندە تورکیا نۆزدەهەمین گەورەترین ئابوریی دونیایە و ئەندامی گی ٢٠ە، واتا گەورەترین بیست ئابورییەکەی دونیا، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا دەژیێت بە هۆی شەڕ و توندوتیژییەکانی ئەردۆغان و سیاسەتە ئابورییەکانی لە چەند ساڵی رابردو.
ئەو تورکیایەی کە بانگەشەی <<سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان>>ی دەکرد، ئێستا لەگەڵ هەمو دراوسێکانی کێشەی هەیە.
بۆیە تورکیا پێویستی بە کەمال کلیچدارۆغلۆیە نەک بۆ ئەوەی تورکیا دیموکراسی بێ چونکە دیموکراسیبون و چارەسەربونی پرسی کورد بەیەکەوە گرێدراون و ئاسان نییە کلیچدارۆغلۆ ئاسان کارێکی وا بکا، بەڵام ئەو پێویستە بۆئەوەی کۆتاییەک بۆ تاکڕەویی ئەردۆغان دابنرێ کە هیوای دیموکراتیزەبون و چارەسەریی پرسی کورد دەگەڕێتەوە.
کورد لەنێوان خراپترین و خراپێک هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە؛ یان تەسلیمبونی بە ئەردۆغان و نەژادپەرستەکانی مەهەپە، یان دەنگدان بە کیلیچدارۆغلۆ بە هیوای دیموکراسییەوە. بێگومان کورد بێئاگا نییە لەوەی لەناو جەهەپە و لەناو هاوپەیمانێتییەکەشیدا نەژادپەرست هەن، بەڵام باڵادەست نین. هەرچییەک بێ، لەوەی لە سەردەمی ئەردۆغان بوە خراپتر نابێ.

Comments are closed.