چەند زانیارییەک دەربارەى بەرزى ئاستى چەورییەکان لە جەستەى مرۆڤدا

دکتۆر سەعید عوسمان دەڵێت، چەورى یاخود چەورى خوێن دوو جۆرى هەیە، کۆلیسترۆڵ و تراگلیسراید، بەڵام ئەوەى زیاتر کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات کۆلیسترۆڵە، دەشڵێت، بۆماوەیی، خورادن و خواردنەوەیی نادروست، نەبوونى جووڵە لە هۆکارە دیارەکانى بەرزبونەوەى کۆلیسترۆڵن.

دکتۆر سەعید عوسمان پسپۆڕى نەخۆشییەکانى هەناوى و دڵ لە نوسینێکدا زانیارییەک دەربارەى بەرزى ئاستى چەورییەکان لە جەستەى مرۆڤدا دەخاتەڕوو، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-

لەناو جەستەى مرۆڤدا بەز هەیە، هەروەها چەورى بەشێوەى تواوە لەناو خوێندا هەیە.

چەورى یاخود چەورى خوێن دوو جۆرى هەیە، کۆلیسترۆڵ و تراگلیسراید، بەڵام ئەوەى زیاتر کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات کۆلیسترۆڵە.

بۆماوەیی، خورادن و خواردنەوەیی نادروست، نەبوونى جووڵە لە هۆکارە دیارەکانى بەرزبونەوەى کۆلیسترۆڵن.

کاتێک پشکنین بۆ چەورى دەکەین، مەبەستمان چەورى تواوەى ناو خوێنە نەک بەز.

هەموو کاتێک گونجاوە بۆ پشکنینی کۆلیسترۆڵ، بەڵام بۆ تراگلیسراید پێویستە نۆ کاتژمێر پێشتر خواردن و خواردنەوە نەخورابێت.

بەرزى کۆلیسترۆڵ هیچ نیشانەیەکى نییە، تەنها ژمارەیەکى زۆر کەەمى خەڵک هەندێک پەڵە لەسەر پێستیان دروستدەبێت، بەڵام نابێتە هۆى سەرئێشە و ئازار.

ئەوانەى چەوریان بەرزە، پێویستە یەکەم شت گۆڕانکاریی لە خواردن و خواردنەوەیاندا بکەن.

پێویستە جووڵە زیاد بکەن و ئەوانەشى کێشیان بەرزە کێشیان دابەزێنن.

خواردنى سەوزە و میوە و زەڵاتە بۆ کەمکردنەوەى کۆلیسترۆڵ بەسودە.

هەروەها چەرەزى بێخوێ، فستق، بادەم، گوێز و ناوکە کولەکە بۆ دابەزاندنى کۆلیسترۆڵ بەسوودن.

بەکارهێنانى حەب بۆ کۆلیسترۆڵ، پەیوەستە بە تەمەن، جگەرەکێشان، بوونى شەکرە و زەخت.

ئەوانەى بە پارێز و کۆنترۆڵ کۆلیسترۆڵیان دانابەزێت، پێویستە تا کۆتایی تەمەن حەب بخۆن.

کەسێکى گەنج گەر چەورییەکەى بەرز بێت، بەڵام کێشەى دیکەى نەبێت، پێویست ناکات حەبى چەورى بخوات.

ئەوانەى نەخۆشى شەکرەیان لەگەڵدایە، ڕەنگە بە کۆنترۆڵکردنى شەکرەکە، چەوریەکەیان داببەزێت.

ئەوانەى  نەخۆشى دڵیان هەیە، پێویستە تا کۆتایی تەمەن حەبى چەورى بخۆن، ئەگەر کۆلیسترۆلیشیان بەرز نەبێت.

ئ.م

Comments are closed.