گۆشتی زیادەی ناو لووت چییە و هۆکارەکانى دروستبوونى کامانەن ؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر دیلان عارف دەڵێت، گۆشتی زیادەی ناو لووت بەوە ناوزەند دەکرێت، کە بریتیە لە چەند گرێیەکی نا شێرپەنجەیی بێ ئازاری نەرم لەناو لووتدا، دەشڵێت، کاتێک ئەم گرێیانە گەورە دەبن ئەبنە هۆی گیرانی ڕێڕەوی لووت و بەمەش لووت گیرانی درێژ خایەن دروست دەکەن.

دکتۆر دیلان عارف، پسپۆڕی نەشتەرگەری قورگ، گوێ و لووت لە نوسینێکدا ئاماژە بە گۆشتی زیادەی ناو لووت و هۆکارەکانى دروستبوونى و چارەسەرى دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

گۆشتی زیادەی ناو لووت بەوە ناوزەند دەکرێت، کە بریتیە لە چەند گرێیەکی نا شێرپەنجەیی بێ ئازاری نەرم لەناو لووتدا.

ئەم گرێیانە دروست دەبن لە ئەنجامی هەوکردنی ئەو بەرگە لینجیەیی، کە ناوپۆشی لووت ئەپارێزێت و لە ئەنجامدا توشی سوربوونەوەو هەڵئاوسان دەبێت و ئەم گرێیانە دروست دەبن.

بۆماوەیی هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئەم حاڵەتە هەروەها چەند هۆکارێکى دیکە هەن، کە ڕێخۆشکەرن بۆ حاڵەتەکە وەک نەخۆشی ڕەبۆ، هەوکردنی بەردەوامی جیوبەکان، هەستیاری لووت بەکارهێنانی هەندێک دەرمان وەک ئەسپرین .

کاتێک ئەم گرێیانە گەورە دەبن ئەبنە هۆی گیرانی ڕێڕەوی لووت و بەمەش لووت گیرانی درێژ خایەن دروست دەکەن لەگەڵ هەندێک نیشانەی دیکەى وەک ئەمانەى خوارەوە:-

یەکەم- هەستکردن بە قەپاتبوونی لووت.

دووەم- ئاوی لووت.

سێیەم- کەمبوونەوەی هەستی بۆنکردن.

چوارەم- هەستکردن بە پەستان لەناوچەوان و دەمووچاودا.

زیاتر کەسەکە  هەناسە بەدەم دەدات

چارەسەرى چیە؟

سەرەتا لەڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانی تایبەتەوە دەست بە چارەسەر دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی هەوکردنی ناوپۆشی لووت و بچوک بوونەوەی گرێکان و لووت گیران .

لە ئەگەری قورسبوونی حاڵەتەکەدا، پەنادەبرێتە بەر نەشتەرگەری بۆ چارەسەر و لابردنی گرێکان .

ئ.م

Comments are closed.