سبەینێ لە توركیا چی ڕوودەدات؟ بەپێی كۆتا ڕاپرسی کێ براوە دەبێت؟

سبەینێ، زیاتر لە ٦٠ ملیۆن هاوڵاتی باكوری كوردستان و توركیا دەتوانن لە ماوەی نۆ كاتژمێردا دەنگبدەن و پاش داخستنی دەرگای بنكەكانی دەنگدان، دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا ئەنجامی گشتی دەنگدان ڕادەگەیەنێت و بەپێی كۆتا ڕاپرسیش، کەمال کڵچدار ئۆغلۆ دەنگی پێویست بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست دەهێنێت.

سبەینێ ١٤ی ئایار، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار توركیا ئەنجامدەدرێت، كاتژمێری ٨ی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و دەنگدەران دەتوانن لە ماوەی نۆ كاتژمێردا دەنگبدەن و كاتژمێر ٥ی ئێوارە دەنگدان كۆتایی دێت.

لە هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەناوخۆی وڵاتدا ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار كەس ٨٤٣ مافی دەنگدانیان هەیە و سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٩٨ کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، كە لە كۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە دەنگدان كردووە.

لەو ژمارەیەی لەناوخۆی وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەیە، ٣٠ ملیۆن و ٧١٠ هەزاریان ژنن كە دەكاتەوە ٥٠.٦٪یان ژنن، ٢٩ ملیۆن و ٩٨٨ هەزاریان پیاون کە دەکاتە ٤٩.٤٪، ژمارەی ئەوانەی بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ کەسە.

سیستمی هەڵبژاردنی توركیا بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان داڕێژراوە، بۆ نمونە پارێزگای ئیستەنبوڵ ١٥ ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٩٠٠ کەسە و ٩٨ كاندیدی دەردەچێت، بەڵام پارێزگای بایبورت کە ٨٤ هەزار و ٢٤١ کەسە و پارێزگای دەرسیم  کە ٣٥ هەزار و ١٦١ کەسە، یەكی یەك کاندیدیان دەردەچێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن سەرۆكی بنكەكانی هەڵبژاردن دەتوانن بڕیاربدەن بە درێژكردنەوەی ماوەی دەنگدان، بۆ ئەوەی تەنها ئەو دەنگدەرانەی لە ڕیزەكاندا وەستاون دەنگ بدەن.

دوای داخستنی دەرگای بنكەكانی دەنگدان، سندوقەكانی دەنگدان لەدوای كاتژمێر ٦ی ئێوارەوە دەكرێنەوە و دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێت، دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە كاتژمێر٦ تا ٩ زانیاری لە بارەی دەنگی كاندید و پارتەكانەوە بڵاودەكەنەوە.

ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتی دەنگدان هەمان شەو ڕادەگەیەنرێت و لە كاتژمێر ١٢ی شەو، دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا ئەنجامی گشتی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت.

بەپێی دواین ڕاپرسی كە ناوەندی لێكۆڵینەوە و ڕاپرسی ئێرۆپۆڵ ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، لە نێوان هەشت تا ١٠ی مانگ لە ٢٨ پارێزگای گەورەی تورکیا ئەنجامدراوە و دوو هەزار و ٣٨٧ دەنگدەر بەشدارییان کردووە.

لە ڕاپرسییەكەدا پرسیار كراوە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا دەنگ بە كام كانددت دەدەیت؟ ٥١.٥٪ی بەشداربووان دەنگیان بە کەمال کڵچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت داوە و ٤٦.٢٪ دەنگیان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار داوە، ٢.٣٪ دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە.

س.س

Comments are closed.