کۆمەڵکوژیی هەولێر، ئەو تاوانەی پەدەکە نەیتوانی پەردەپۆشی بکات

تەنها گوزەرکردنێکی خێرا بەناو مێژووی پەدەکەدا، چەندین تاوان و خیانەتی ئەو حزبە بەرامبەر گەلی کورد بەدی دەکەیت، کە هەتا ئەمڕۆش ئاسەوارەکانیان ماون.

کۆمەڵکوژیی هەولێریش کە تێیدا ٨٣ بریندار و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار لەناو جەرگەی هەولێردا شەهید دەکرێن، یەکێکە لەو تاوانانەی پەدەکە، کە ویژدانی کوردی هەژاند و هەتا ئەمڕۆش پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی ئەو حزبەوە.

کۆمەڵکوژیی هەولێر چۆن ئەنجامدرا؟

هەر لە سەرەتای دامەزاندنی ستاتۆی باشوری کوردستانەوە، کە گەلی کورد بەگشیی ئومێدێکی گەورەی لەسەر هەڵچنیبوو، پەدەکە بەپێچەوانەوە کردییە وێستگەیەک بۆ زەفەربردن بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد.

لەو چوارچێوەیەشدا لە هیچ کارێک بۆ هێزە دەرەکییەکان و بەتایبەت دەوڵەتی تورک نەسڵەمییەوە.

ڕۆژی ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ دەوڵەتی تورک بە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەربازەوە هێرشێکی گەورەی دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەستپێکرد، هەزاران پێشمەرگەی پەدەکەش بەشدارییان لەو هێرشەدا کردبوو دژی پەکەکە.

دوای تەنها دوو ڕۆژ لەو هێرشە و لە ڕۆژی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧، هێزەکانی پەدەکە لە هەولێر لەیەک کاتدا هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان، نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانی مانگی سووری کورد، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی وەتەن شەمس.

بەپێی بەڵگەنامەکان، لەو هێرشەدا ٨٣ بریندار، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و هونەرمەند بە رۆژی رووناک شەهید و بێسەروشوێن کراون، هەتا ئێستاش چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان نازانرێت، کە ئاخۆ ئەوانیش شەهیدکراون یاخود هێشتا لە ژیاندان و زیندانییکراون؟.

هەروەک تاوەکو ئێستاش شوێنی بەخاکسپاردنی شەهیدەکان نازانرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی چەتریش کە لە ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠١١دا بڵاوکراوەتەوە، تەرمی بەشێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە لە شوێنێک لەسەر ڕێگای هەولێر-مەخمور نێژراون، کە ناسراوە بە مەعمەل قیر.

هەرزوو ئەو کۆمەڵکوژییە کاردانەوەی لەناو گەلی کورد-دا دروستکرد، سەرباری هەلومەرجی ناهەمواری سیاسیی و سەربازیی ئەوکاتیش، بەڵام جەماوەرێکی بەرچاو لە سلێمانی ڕژانە سەر شەقام و ئەو تاوانەیان شەرمەزارکرد.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٠یشیەوە مەودایەکی فراوانتر بۆ وروژاندنی ئەو کەیسە فەراهەم بوو و کەسوکاری شەهیدەکان زنجیرەیەک هەوڵیاندا بۆ ڕوونکردنەوەی ئایندەی ڕۆڵەکانیان.

ساڵی ٢٠١١ لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارکردن لەسەر ئەو کەیسە کرد و یاداشتێکیشی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد و تێیدا داوای ڕوونکردنەوەی ئایندەی بیسەروشوێنکراوەکانی کرد.

ساڵی٢٠١٢ وەزارتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە به‌یاننامه‌یه‌كدا بەفه‌رمیی دانی به‌وه‌دانا‌، كه‌ هیچ یەکێک له‌ به‌ركه‌وتووانی ئەو كۆمه‌ڵكوژییە نه‌ماون و هه‌موویان کۆمەڵکوژکراون، به‌ڵام شوێنی گۆڕه‌كانیانی ئاشكرا نەکرد و ڕوونی نەکردبووەوە كێ كوشتوونی و چۆن کۆمەڵکوژکراون؟.

کۆمەڵکوژیی لە تۆڵەی شکستی سوپای تورک

بەشێک لەوانەی چاودێریی ئەو کەیسەیان کردووە، پێیان وایە ئەوەی ڕوویدا لە تۆڵەی شکستی هێرشەکەی سوپای تورکدا بووە، کە لەسەر دەستی گەریلا چەشتیان.

شایەتحاڵانی ڕووداوەکەش ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە میتی تورک لەناو ئەو پێشمەرگانەدا هەبووە، کە کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە.

پاش ٢٦ ساڵیش لەو تاوانە، ئێستا ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژییەکەیان تێدا ئەنجامدراوە، خاپوورکراون و بینا و باڵەخانە لە شوێنەکانیان دروستکراوە، لەکاتێکدا گومان هەیە هێشتا ئێسکوپروسکی شەهیدانی ئەو تاوانە لەو شوێنەدا هەبن.

هـ.ح

Comments are closed.