یەکگرتوو و هەدەپە

سه‌ردار عه‌زیز

یەکێک لە ڕەخنەکانی برادەرانی یەکگرتوو لە هەدەپە ئەوەیە کە دەبوو لەگەڵ ئەردۆگاندا حکومەتیان پێکبهێنایە بۆ ئەوەی بەر ئەو هەموو سزایە نەکەوتنایە. ئەمە تەنها ڕایەکی میدیایی نیە، بەڵکو خۆم لە زۆرێک لە کەسانی باڵای یەکگرتووم بیستوە.

برادەرانی یەکگرتوو ئەم ڕایە وەها دەخەنە ناو گفتوگۆوە وەک ڕەوایی دانێک بێت بە ڕەفتارەکانی ئەردۆگان بەرامبەر هەدەپە، بەو پێیە هەدەپە نەیویستوە هاوکاری ئەردۆگان بێت بۆیە، سزا دەدرێت. ئەم دیدە لە چەند ئاستێکدا ترسناکە، لە ئاستی تێگەیشتن لە دیموکراسی، لە تێگەیشتن لە حوکومڕانی، لە ئازادی و چەندین بواری تر. بەڵام لە سەروی هەمویەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە هێزێکی سیاسی دونیابینی چۆنەو ئەگەر سبەینێ بێتە سەر دەسەڵات چۆن ڕەفتار دەکات.

بۆچی ترسناکە؟ 

گریمان ئەو تێزەی کە دەڵێت ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆگان بوایە، وەهای بە سەر نەدەهات، ڕاستە. ئەم تێزە زەمینەی ئەو دیدەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە ئێمە لەناو کایەی پاداشت و سزاین نەک دیموکراسی. بەم پێیە، لەناو ئەم کایەیەدا براوەی موتڵەق یان رەها هەیە لەگەڵ ئەوانەی تر کە نەک هەر دۆڕاون بەڵکو شایستەی ئەوەی یان دەکرێت سزا بدرێن. بەپێی ئەم دیدە ئەردۆگان مافی هەیە سزای هەدەپە بدات چونکە هاوکاری نەبووە. ئەمە دیموکراسی نیەو مۆدێلێکی ئێجگار ترسناکە بۆ حوکمڕانی.

بنەمای حوکمی دیموکراسی نابێت لەسەر براوەی ڕەهاو دۆڕاوی ڕەهای، یان لەسەر بوونی مافی سزادان بەوەی هاوکاری براوەنیت هەتا بگات بە ئامانجەکانی بونیادبنرێت. کرۆکی سیستەمی حوکمڕانی تەندروست ئەوەیە کە گشتگیربێت نەک پەرتکەرو سزادەرو بە شەیتانکردن.

ئەگەر هەدەپە لەبەر ئەوەی هاوکار نەبووە ڕەوابێت سزا بدرێت، ئەوا زەمینە دەڕەخسێنەت بۆ ئەوەی هەمیشە بەهێز مافی هەبێت سزای لاواز بدات بەوەی کە گوێڕایەڵی نیە، ئەمەش لەڕووی ئەخلاقیی و مرۆییەوە تاوانە.

برادەرانی یەکگرتوو دەبێت کەمێک فراوانتر بیر بکەنەوە. ئەوەی ئەردۆگان لە تورکیا دەیکات، مودیش لە هیند دەیکات، بەڵام لە هیند مودی سزای موسوڵمانان دەدات.

حوکمڕانی تەندروست لە سەر بنەمای هێز و سزادان و بێبەریکردن و بردنەوەی ڕەهانابێت، چونکە دەرئەنجامەکەی پەرتبون و قین و کینە و شلەژانە.

هـ. ح

Comments are closed.