ساختەكاری گەورەی دەسەڵات لە باكووری كوردستان و توركیا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و مەهەپە و لە زیانی كڵچدار ئۆغڵۆ و پارتی چەپی سەوز گۆڕیوە، بۆیە پارتی چەپی سەوز چەندین تانە و سكاڵای تۆمار كردووە و جەختدەكاتەوە، كە بەشێكی دەنگەكانی بۆ مەهەپە ئەژماركراوە.
ڕۆژی ١٤ی ئایار لە باكوری كوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەچوو، پێچەوانەی پێشبینییەكان و ڕاپرسییەكان ئەردۆغان نزیك بووەتەوە لە دەرچوون و مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان كورسییەكانی زیادی كرد.
تایبەت بە ئەنجامی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هاوپەیمانی میللەت ڕایگەیاندووە، كە كاندیدەكەیان كەمال كڵچدار ئۆغڵو دەنگی پێویستی هێناوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئەنجامدانی ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی دەنگەكان، تای تەرازووی بەلای خۆیدا گۆڕیوە.
هەروەها، پارتی چەپی سەوز كە دروشمی بردنەوەی ١٠٠ كورسی بۆ پەرلەمان بەرزكردبویەوە ڕایگەیاندووە، ساختەكاری گەورە ئەنجامداروە و زیاتر لە قەبارەی كورسییەكانیان دەنگیان بەدەست هێناوە، بەڵام دەنگەكانیان بۆ مەهەپە ئەژماركراوە.
لە ٢٣ شاری باکوری کوردستان لانیکەم ٣١٩ هەزار و ٤٢١ دەنگ هەژمار نەکراون، بەڵکو دەنگەکان بۆ ئاکەپە و مەهەپە نوسراون، کە ژمارەى کۆی ئەو دەنگانەى تائێستا بۆ پارتى چەپی سەوز نەنوسراون نزیکەى دوو ملیۆن دەنگە.
محەمەد ڕووشتوو تریاکی نوێنەرى پارتى چەپی سەوز لە دەستەى باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگانەى لەبەردەستى ئێمەدایە، لەگەڵ ئەو دەنگانەى خراونەتە سیستەمە جیاوازییەکى زۆریان هەیە، دەنگی ئێمە بۆ پارتە نەژادپەرستەکان نوسراون.
وتیشی: لە هەندێ ناوەند دەنگەکانى ئێمە بۆ مەهەپە نوسراون، ئەوەش بەبەڵگەى تەواوە لەلای ئیمە تۆمار کراون و هەموو ڕێگەیەک دەگرینە بەر بۆ سەندنەوەى ئەو دەنگانە کە بەساختەکاری لەدەست ئێمە سەندراون.
ساختەکاریەکان دەسەڵاتى ئاکەپە و مەهەپە چۆن کراون؟
لە سندوقی ژمارە ١١٥٨داو ٢٢ دەنگ و لە سندوقەکانی ژمارە ١٢٢٣ دەنگێک و لە سندوقی ژمارە ٢٠٤٨دا دەنگێک بۆ پارتی چەپی سەوز نووسراوە، پارێزەرانی پارتی چەپی سەوز رایانگەیاند کە لە سندوقی ٢٠٤٨دا ١١٢ دەنگیان بۆ مەهەپە نووسراون.
پارتی چەپی سەوز لە ئایدن ناڕەزایەتی دەربڕی بەهۆی پووچەڵکردنەوەی ٢٠ هەزار و ٢٥٣ دەنگ بۆ پەرلەمان و ١٦ هەزار و ٦٠ دەنگ بۆ سەرۆکایەتیی، بۆ ئەم مەبەستە پارتی چەپی سەوز سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی شارەکەی کرد بۆ دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە ناوچەکانی کۆچارلی و ئینچیرلۆڤا و کۆشک، پارتەکە لەو ناوچانە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە.
پارتی چەپی سەوز لە ئایدن ٥٨ هەزار و ٢٤ دەنگی بەدەستهێناوە، پارتەکە دەڵێت ئەگەر دەنگەکان لەو ناوچانە دووبارە هەژماربکرێتەوە، ڕەنگە ئەنجامی هەڵبژارنی پەرلەمان بگۆڕێت.
لە بسملی شاری ئامەد لە یەکێک لە سندوقەکاندا ژمارەى دەنگەکانى هەزارو ٢٣٤ دەنگبووە، دەنگەکانی پارتى چەپی سەوزیش ٢٣٣ دەنگ بووە کە بەدەستی هێناوە، ئەوە بە بەڵگە لای ئێمە تۆمارکراوە، بەڵام دوای ئەوەى کە دەنگەکان خراونەتە سیستەمە ئەو ٢٣٣ دەنگە بۆ مەهەپە نوسراوە.
لەو شوێنانەى کە پارتى چەپی سەوز زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، ئێستا ئاکەپە و مەهەپە تانە لە ئەنجامەکانی ئەو شوێنانە دەدەن تەنیا بۆ ئەوەى دەنگەکان بەساختەکاری لە پارتی چەپی سەوز بستێنن.
لەسەر ساختەكارییەكانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەردۆغان چەندین ساڵە بەمشێوەیە هەڵبژاردن دەباتەوە و مەهەپەش لە هێڵی ١٠٪دا هێڵدراوەتەوە.
دەمیرتاش دەشڵێت: ئەگەربێت و لە هەر سندوقێکدا ١٥٠ دەنگ لەو ٢٠هەزار سندوقە دزرابێت، ئەوە دەکاتە سێ ملیۆن دەنگ و ئەو ژمارەیەش بەسە بۆئەوەی گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا بێت.
چاودێرانی نێودەوڵەتی کە چاودێری هەڵبژاردنەکانیانی تورکیایان دەکرد ڕایانگەیاند، هیچ یەکسانی و دادپەروەرییەک لە نێوان کاندیدەکان و لایەنەکاندا نەبووە لە ماوەی پرۆسەی هەڵبژاردندا.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سەرۆکی ئێستای تورکیا و پارتی دەسەڵاتدار ئامڕازەکانى دەوڵەتیان بەشێوەیەکى نادادپەروەرانە لەبەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە، هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆنیش و پارتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا ڕێگرییان لێکراوە لە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا .
س.س
Comments are closed.