ژمارەى تووشبووان بە نەخۆشی بەرزە پەستانی خوێن لە جیهان ئاشکرا کرا

ناوەندى هەواڵەکان

رۆژی١٧ی ئایار بە رۆژی جیهانی بەرزە پەستانی خوێن دانراوە و ئەو یادە دەكرێتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گرنگی پەستانی خوێن و زانینی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن و بەپێى ئامارەکان یەك ملیار و ٢٨٠ ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان لە تەمەنی نێوان ٣٠-٧٨ ساڵ تووشی بەرزە پەستانی خوێن بوون.

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى، لەبارەى ڕۆژى جیهانى بەرزە پەستانی خوێن ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەو نەخۆشیە دەدات و دەقى ڕاگەیەندراوەکەش بەمجۆرەیە:-

رۆژی١٧ی ئایار بە رۆژی جیهانی بەرزەپەستانی خوێن دانراوە و ئەو یادە دەكرێتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گرنگی پەستانی خوێن و زانینی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن.

بەرزە پەستانی خوێن چیە؟

نەخۆشیەكی باوە و دەكرێت مەترسیدار بێت ئەگەر بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە، هەندێك تووشبوو نازانێت تووشی نەخۆشیەكە بووە و هەست بەهیچ نیشانەیەك ناكات، پشكنینی پەستانی خوێن تەنیا رێگایە بۆ زانینی ئەوەی مرۆڤ تووشی بەرزەپەستانی خوێن بووە یاخود نا.

كاتێك دڵ خوێن بۆ دەمارەكان دەنێرێت ئەو كاتە پەستانی خوێن دیاری دەكرێت لەرێگەی بەهێزی پاڵنانی خوێن لەناو دەمارەكان و هەر كەسێك پەستانی خوێنی بەرز بێت تووشی گرفتی تەندروستی دەبێت.

ئامانجەكانی رۆژی جیهانی بەرزە پەستانی خوێن چیە:-

یەکەم- بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نیشانەكانی نەخۆشیەكە.

دووەم- هاندانی خەڵكی بۆ زانینی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن.

سێیەم- زانینی رێگاچارەكانی خۆپاراستنی پێشوەختە لەم نەخۆشیە.

چوارەم- تیشك خستنەسەر قەبارەی بەرزەپەستانی خوێن لەناو كۆمەڵگا.

چەند راستیەك لەبارەی بەرزە پەستانی خوێن:

بەرزەپەستانی خوێن كاتێك دەبێت ئاستی پەستانی خوێن یەكسان بێت یاخود بەرزتر بێت لە ١٤٠ مللیمەتر و بەرزتر لە ٩٠ مللیمەتر.

ئەم نەخۆشیە هۆكاری سەرەكی مردنی پێشوەختە لەسەرتاسەری جیهان.

یەك ملیار و ٢٨٠ ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان لەتەمەنی نێوان ٣٠-٧٨ ساڵ تووشی بەرزە پەستانی خوێن بوون.

دوو كەس لەكۆی پێنج كەسی پێگەیشتوو لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی بەرزە پەستانی خوێن بوون.

بەرزەپەستانی خوێن بە كوشندەی بێ دەنگ ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی نیشانەكانی بەڕوونی دەرناكەوێت.

لە٤٦%ی ئەوانەی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە نازانن تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و لە٢١%ی تووشبووان حاڵەتەكەیان لەژێر كۆنترۆڵدایە.

هۆكارەكانی تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن چین؟

یەکەم- بەساڵاچوون و هۆكاری بۆماوەیی.

دووەم- كێشی زۆر و قەڵەویی.

سێیەم-گرتنەبەری سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بەچەوری تێر.

چوارەم- زیادەڕەویی كردن لە بەكارهێنانی خوێ.

پێنجەم- كەمكردنەوەی خواردنی میوە و سەوزەوات.

شەشەم- ئەنجام نەدانی وەرزش و سیستمی خۆراكی ناتەندروست.

حەوتەم- جگەرەكێشان و زیادەڕەویی لەخواردنەوە كهولیەكان.

هەشتەم- گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان وەك سیستمی خۆراكی تەندروست و وازهێنان لەجگەرەكێشان و زیادكردنی وەرزش یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزینی پەستانی خوێن، بەڵام هەندێك تووشبوو پێویستان بە بەكارهێنانی دەرمان دەبێت.

نیشانەكانی بەرزە پەستانی خوێن کامانەن؟

زۆرینەی تووشبووانی ئەم نەخۆشیە هەست بەهیچ نیشانەیەك ناكەن و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكان بریتین لە:

یەکەم-سەرئێشەی توند و ئازاری سنگ.

دووەم- گێژبوون و گرانی هەناسەدان.

سێیەم- هێڵنجدان و ڕشانەوە.

چوارەم- گۆڕانكاریی لەبینین و گوێچكە زراندنەوە.

پێنجەم-هەستكردن بەنیگەرانی و تێكچوون.

شەشەم- ناڕێكی لێدانەكانی دڵ.

چارەسەری بەرزە پەستانی خوێن چیە؟

یەکەم- گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان و گرتنەبەری سیستمی خۆراكی تەندروست.

دووەم- كەمكردنەوەی بەكارهێنانی خوێ و دابەزاندنی كێش.

سێیەم- وەرزشكردن و وازهێنان لەجگەرەكێشان.

خۆپارێزی لەبەرزەپەستانی خوێن چۆن دەبێت؟

یەکەم-گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی پەستانی خوێن.

دووەم- خواردنی برێكی زیاتر لەمیوە و سەوزەوات.

سێیەم- كەمكردنەوەی دانیشتن و زیادكردنی ڕاهێنان و وەرزش كردن.

چوارەم- ئەنجامدانی وەرزش ٧٥ بۆ ١٥٠ خولەک لەهەفتەیەكدا.

پێنجەم- دابەزاندنی كێش و پارێزگاری كردن لەكێشێكی تەندروست.

شەشەم- بەكارهێنانی دەرمان بەپێی رێنمایی پزیشك.

ئ.م

Comments are closed.