پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان چۆن پشتیوانی لە داگیرکردنى کوردستان و کۆمەڵکوژی کوردان دەکەن؟

ناوەندى هەواڵەکان

بە پشتیوانی کردن لە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی، پەدەکە و حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان، پشتیوانی لە داگیرکردنى خاکی کوردستان و کۆمەڵکوژی بەرامبەر کورد و سیاسەتی شەڕەنگێزی و دوژمنکارانە دەکەن.

پاش هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان چاوەڕوانی هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستم و دەسەڵاتی تورکیا دەکەن، بەڵام پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان، بە ئاشکرا پشتیوانی لەو دەسەڵاتە دەکەن، کە بە سەرکوتکەری دەنگی ئازاد و کوردکوژ ناسراوە.

سەرباری ئەوەی هەمووان ڕاستی سیاسەتە دوژمنکارانەکەی ئەردۆغان باش دەزانن، بەشێکیان بوونەتە هاوپەیمان و پشتیوانی و ٢٠ ساڵ زیاترە دەستیان لەناو دەستی ناوە، هیچ کاتێکیش هۆکارێکی باوەڕپێکەریان بۆ ئەو پشتیوانی و هاوکاریکردنە ئاشکرا نەکردووە، ئەوەشی لە سروشتی ئەو هاوکاری و هاوپەیمانێتییە دەردەکەوێت، تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حزبی و بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئەو لایەنانەیە لەسەر حسابی خیانەت و دوژمنایەتی کردنی گەلەکەی خۆیان.

ئەردۆغان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکوەزیران، بە چەند هەنگاوێکی ئەرێنی دەستی بە کارەکانی کرد، کە بۆ ماوەیەک سەقامگیری ئابووری و سیاسی لە ناوخۆدا دروستکردبوو، وای نیشان دەدا، کە سیاسەتیێکی دیموکراسی، لیبراڵی و ئایینیەکی میانڕەو پیادەدەکات.

بەڵام تا پێیەکانى دەسەڵاتى خۆی جێگیرکرد، دواتر دەرکەوتن هەموو ئەوانە تەنها فریودانی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بووە بۆ ڕەگ داکوتان و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی و گەیشتن بە ئامانجە ڕاستەقینەکانی.

ئێستا ئەردۆغان و ڕژێمەکەی سەرچاوەی نائارامی، پشێوی و ناسەقامگیرین نەک تەنها لە ناو تورکیادا، بەڵکو لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا.

ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لە تاوانکارییەکانی ئەردۆغان بەرامبەر گەلانی تورکیا و کورد بەتایبەتی، هەروەها ئەو شکستانەی لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا وایکرد تورکیا بە وڵاتێکی نادیموکراسی و پاشکەوتوو لە ئابووری و داهێناندا هەژمار بکرێت.

– سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر کورد و داگیرکردنی خاک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو بەرامبەریان، ئەنجامدانی دەیان کۆمەڵکوژی و تیرۆری سیاسی لە تورکیا و دەرەوەی تورکیاش.

– هەروەها داهات و سامانی وڵاتەکەی خستووەتە خزمەت جەنگ و داگیرکارییەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لیبیا، یۆنان، ئازەربایجان، ئۆکراین و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا چ بە دەستوەردانی سیاسی بێت یاخود بازرگانی چەک بێت لە جەنگدایە.

– ئەو خاڵەی سەرەوە هۆکارێکن بۆ خراپبوونی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بۆ ٨٠٪، دابەزینی لیرەی تورکی بەشێوەیەک بەهاکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، کە یەک دۆلار بەرامبەر ١،٥ بوو، ئێستا گەیشتووەتە سەروو ١٩،٥.

– ئەوە جگە لە، بە کوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی تورکیا، کە زۆربەیان بەهۆی سەربازی زۆرە ملێیەوە بەشداری جەنگی داگیرکاری و دوژمنکارییەکانیان پێدەکرێت.

– بەفیڕۆدانی کات، ووزە و ڕەنجی حوکمەتەکانی پێش خۆی بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە بە دوورکەوتنەوە لەو ئامانجە و ناشرینکردنی تورکیا و بوونە هۆکاری پەراوێزبوونی تورکیا.

– ڕێژەی بێکاری و هەژاری گەیشتۆتە بەرزترین ئاست.

– زیادبوونی ڕێژەی ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەر ٪٧٠٠.

– رێژەی دەستدرێژی سێکسی گەیشتووە بە ٪٤٥٠، هەروەها ڕێژەی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان (کچ و کوڕ) ٪٤٠٠.

– ڕێژەی تاوانکردن بەرامبەر بەژنان ٪٣٧٠ زیادیکردووە.

– تێکڕای ئەنجامدانی تاوان ٪ ٢٦٠ بەرزبووەتەوە.

– بومەلەرزەکەی ٦ی شووباتیش شکستی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکەی لە چاودێری و سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی ڕێساکانی تایبەت بە سەلامەتی خانووبەرەی سەلماند، ئەو کارەساتە سروشتییە بەشێکی کاریگەرییەکەی لەسەر ناوچە کوردییەکان بوو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٥٠ هەزار کەس، زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی بێلانە بوون.

بەڵام ئەردۆغان  خۆی لە کۆشکێکدا دەژی سەدان ملیۆن دۆلاری تێچووە، خاوەنی فڕۆکەی تایبەتە نرخەکەی سەروو ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە، مووچەی سەرۆکایەتیشی لە ٨٨ هەزارەوە کردووە بە ١١٩ هەزار لیرەی تورکی.

– ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی لە نزمترین ئاستدایە بەشێوەیەک، کە تورکیا ئێستا یەکێکە لە خراپترین ووڵاتەکانی جیهان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربرین. وەکو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەیان پێکردووە، تەنها ئەفغانستان و کۆریای باکوور لە تورکیا خراپترن لەم ڕووەوە.

– ئیفلیجکردنی سیستەمی دادوەری و دەستوەردانە کاریانەوە، دەرکردن یان پەراوێزخستنی دادوەرە بێلایەنەکان و وە دامەزراندنی زۆرێک لەو دادوەرانەی، کە تەنها وەلائیان بۆ خۆی هەیە.

 ئەردۆغان بەردەوام ئەم دادوەرانەی بەکارهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی و شەرعیەتدان بە زیندانیکردنی هەزاران کەسی بێتاوان، کە بە تاوانی دروستکراو، وە بەحوکمی ناڕەوا و نادادپەروەرانە حوکمدراون و زیندانیکراون.

بەپێی ئامارێکی ماڵپەڕی (دەبلیو ئێف بی)، کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاری و ژمارەی زیندانیان لەسەرجەم وڵاتانی جیهان، تامانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢،  ٣٣٦ هەزار و ٣١٥ زیندانیکراو لە تورکیادا هەن، لەکاتێکدا پێش دەسەڵاتی ئەردۆغان کەمتر لە ٦٠ هەزار زیندانی کراو هەبوون.

– پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی سەرەوەری ووڵاتانی دراوسێ و نادراوسێ، داگیرکردنی خاکی ئەو ووڵاتانە و گوێنەدان و بێڕێزیکردن بە یاسا نێودەوڵەتیەکان.

– دەرچوون لە پەیماننامەی ئەستەنبوڵ، کە پەیوەستە بە مافی ژنانەوە، دەرکردنی یاسایەک، کە ماف بەو پیاوانی دەستدرێژیکاری سەر ژنان دەدات، دەتوانن بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە سزا ڕزگاریان ببێت.

– ٢١ ساڵە نەوەی داهاتووی کۆمەڵگەی تورکیا لەسەر بنەمای نەژادپەرستی و دژایەتی کردنی ئاین و بیروباوەڕی جیاواز پەروەردە دەکات، دەیان ئەردۆغانی دروستکردووە بۆ بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیە بەرامبەر تەواوی گەلانی تورکیا و بەتایبەتیش کورد.

گەر ئەمانە پێناسەی خزمەتی گەل، سەقامگیری ئابووری و سیاسی بێت وەک ئەوەی پەدەکە و حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەی دەبێت چی مامەڵەی دوژمنکاری و شەرەنگێزی و دەسەڵاتخوازی بێت؟

ڕەنگیشە لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی خواستی دەسەڵات و هەژموونخوازییان هەیە، ئەوا دروستە ئەمانە دەبنە خزمەت و هەوڵی بێ وێنە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خواستە ڕەشەکانیان.

ش.ئ

Comments are closed.