کوڕانی نەوشیروان مستەفا: هەڵەکانمان هۆکار بون دەنگدەرانی هوشیار سزای بزوتنەوەکە بدەن

هەردوو کوڕی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی باوکیان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و داوای گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە زیز بوون لە بزوتنەوەکە و داوای لێبوردنیان لە دەنگدەرەکانیان کرد کە بەهۆی هەڵەکانیانەوە زویر بوون

هەردوو کوری کۆچکردوی نەوشیروان مستەفا ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەشەمین ساڵیادی کۆچی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، هەموان گەواهیدەری ئەو راستیە تاڵەن کە لەم شەش ساڵەدا ژیانی خەڵک و دۆخی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپتر بووە. لە هەمان کاتدا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەکشەی کردوە.

لەم بۆنە خەمناکەدا، دور لە زمانی خۆدزینەوە و پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکان، بە نەنگی نازانین ئێمە دەستپێشخەربین و یەکەم کەس بین لە پێش میللەتی سەربەرزی خۆماندا، دان بەم راستیەدا بنێین: بەڵێ، لە دوای کۆچی دوای باوکمان لە چەند ئاستێکدا کۆمەڵێک هەڵەی شوێندانەر بەسەر هەموماندا تێپەڕی. ئەمەش یەکێكە لە وانەکانی ژیانی رەوانشاد کە بەبێ پاکانە دانی بە هەڵەکاندا دەنا و تەواوی ژیانی تێکۆشان بو بۆ رێگری لە دوبارە بونەوەیان و راستکردنەوەیان.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشیان وت، ” ئەو هەڵانە هۆکار بون کە گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی هوشیاری بزوتنەوەی گۆڕان، سزایەکی راست و رەوای بزوتنەوەکەمان بدەن تاکو خۆی رێکبخاتەوە و جارێکی دیکە ببێتەوە بە قەڵا و قەڵغانی خەڵکی کوردستان.

ئێمە مسقاڵە زەڕەیەک شکمان نیە ئەگەر رەوانشاد لە ژیاندا بمایە ژیانی خەڵک، خەبات و کاروانی گۆڕان و گۆڕانخوازی و ژیانی رێکخراوەی بزوتنەوەکە بۆ ساتێك لە هاوڵاتیان و شەقام دانەئەبڕا و ترپەی دڵی لەگەڵ ترپەی دڵی خەڵک ئەبو.

لە بەشێکی تری بەیاننامەیەکدا چەند پێشنیازێکیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند، ” هەرچی زوە بە کردار نەک تەنیا گوفتار، ئاشتەوای و خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان کە بڕیاری هەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیە سەرپێ بخرێت. هەمو هاوڕێکانی دە ساڵ کاری گۆڕانخوازی بەسەر بکرێنەوە و راستەوخۆ داوایان لێبکرێت بگەڕێنەوە ناو بزوتنەوەکەی خۆیان، هەروەها ئێمە پێشتر وتومانە هەر هەنگاوێک بەبێ بەشداری و رەزامەندی زۆرینەی هەڵسوڕاو دەنگدەران بدرێت، هەڵەیەکی ترە بە ئاراستەی لاوازتر بونی گۆڕان و نابێ رێگەی پێبدەین.

لە پێشنیازێکیتردا کوڕانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن، ” خواستی گۆڕانخوازان ئەخوازێ کە جڤاتی نیشتیمانی لیژنەیەکی کاتی پێکبهێنێت لەو هاوڕێیانەی لە ئێستادا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامن، بەشێک لە تیمی حکومەت و هەڵسوڕاوە دیار و بە توانا و دڵسۆزانەی کە جێگەی رەزامەندی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەن لە ئێستادا کار ناکەن.

ئەم لیژنە دەسەڵاتی تەواوی ئەبێت تاکو لەگەڵ دامەزراوەکان، بە تایبەت جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی، بۆ بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ژیانی رێکخراوەیی و سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ: بڕیاردان لە پرسی بونی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتە خۆجێیەکان، کۆنفرانسی نیشتیمانی، سیاسەتی میدیایی و دارایی، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و هەڵبژاردنی داهاتو. بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، ئێمە نەخشەڕێگای کارکردنمان لەو نامەیەدا پێشنیارکردوە کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس و هەر دو جڤاتەکەدا خوێنرایەوە.

باسیان لەوەشکردوە، ئامانجمان ئەوەیە هەنگاوی بوێرانە بۆ بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بنێین، ئەم ئامانجە هێندە پیرۆزە، شایەنی هەمو قوربانیدانێکە. دەخوازێت پێش هەر کەس ئێمە کوڕانی نەوشیروان مستەفا، ئینجا ئەو هاوڕێ بەرێزانەی ئێستا گۆڕان بەڕێوە دەبەن، هاورێیانی بەرێزی حکومەتی هەرێم پشتیوان و پابەند بڕیارەکان بن کە لە خاڵی دوەمدا باس کراوە.

ئەو کات هەمومان پێکەوە بە یەکدەنگی داوا لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان بکەین دەرفەت بدەن بە ئەو هاوڕێیانەی لە قۆناغی داهاتودا ئەرکی بزوتنەوەکە دەگرنە ئەستۆ، پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەین، پاشان ئێمە پێمانوایە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، چاوەڕوانی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان دەخوازێت لە نێو خۆماندا لێبوردەیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بکەین بە دو کۆڵەکەی سەرەکی چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە هەنگاوەکانی داهاتودا.

بیرکردنەوە لە یەکتر گوشین و تۆڵەکردنەوە و خۆ خۆری، لە رابردودا زیانی گەورەی لە میللەتەکەمانداوە، با ئێمە خاڵێک بۆ ئەم نەریتە ژەهراویە دابنێین.

لەم سۆنگەیەوە رو دەکەینەوە هەڵسوڕاوە دیار و دڵسۆزەکان کە لە ئێستادا لە ماڵی خۆیاندان و پێیان ئەڵێین: ئەگەر تا دوێنێ هاوڕێیان لە گردەکە بەرپرسیار بوبن، لە ئەمڕۆوە حەقە ئێوەش شان بدەنە بەر ئەرکی ئەم قۆناغە و چیدی تەماشاکەر مەبن. بەڵکو لە نزیکەوە چالاک و دەستپێشخەر و هاندەربن بۆ سەرپێخستنەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی و داڕاشتن و جێبەجێکردنی شێوازی کاری داهاتو و بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەکەو گێڕانەوەی هیوا بۆ میللەتەکەمان

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باسیان لە پرۆژەکانی نەوشیروان مستەفا کرد لە گردەکە و ڕایانگەیاند ، پلان و خواستی باوکمان ئەوە بو لە گردەکە کۆمەڵێک دامەزراوەی رۆشنبیری و توێژینەوە و پەروەردەیی تێدا جێبەجێ بکات بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی ئایندە. کات دەرفەتی نەدا ئەم ئاواتە بکات بە ئامانج. ئێمە کوڕانی نەوشیروان مستەفا بە پلەی یەکەم جێبەجێکردنی ئەم خواستەی باوکمان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و ماوەیەکە کاری بۆ ئەکەین و بە هیمەت و پشتیوانی دڵسۆزانی رەوانشاد ئەگەیەنین بە ئامانج.

 

ر.س

Comments are closed.