دانیشتوانی مەخمور: هەتا یەکێک لە ئێمە بمێنێت ناهێڵین دەورمان تەلبەند بکەن

دایکانی مەخمور کە ئێستا بەرگری لە هەوڵی گەمارۆدانی کەمپەکە دەکەن دەڵێن؛ ئەوان چییان لە ئێمە دەوێت؟ ئێمە پەنابەرین و هەموو هاوڵاتی مەدەنیین؟ هەتا یەکێک لە ئێمە هەبێت، ڕێگە نادەین کەمپەکە گەمارۆ بدرێت و تەلبەند بکرێت.

سوپای عێراق لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە هەوڵی گەمارۆدانی کەمپی مەخمور دەدات، بۆ ئەوەش بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەک و پۆلیس و هێزی تایبەت بۆ تەلبەندکردنى کەمپەکە لەنزیک ئەو کەمپە کۆبوونەتەوە، بەڵام بەرخۆدانی خەڵکی کەمپی مەخمور بەردەوامە ئەو دایکانەی کە بەرگری لە گەمارۆکە دەکەن بەمجۆرە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

دایکانی کەمپەکە سەرەتا داوایان لە هەمووان کرد کە دژی ئەم هەوڵەی سوپای عێراق بوەستنەوە و دەڵێن: ئێمە پەنابەرین و دەیانەوێت جارێکی تر گەمارۆمان بدەن،  با ئەردۆغان بەڵای خۆی لەسەر ئێمە لابەرێت، ئیدی بەسە، با جیهان ببینێت، عێراق هەوڵدەدات بچێتە ناو کەمپەکەوە و گەمارۆمان بدات..

دایکان دەشڵێن: ئەوان بە تانک و تۆپەکانیانەوە هاتن بۆ کەمپەکە و منداڵەکانمانیان ترساند ئێمە چ تاوانێکمان هەیە کە ئێمە بەهۆی سەرکوتکردن و زاڵمیەتى دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڵهاتووین، ئایا ئەمە ماف و حەقە؟،ئایا کەسێک نیە لە جیهاندا بڵێت ئەمە ڕاست نییە؟ ئێمه ئاوارەین ئەوانە چیان لە ئێمە دەوێت؟

هەر لە وتەکانیاندا دایکانى کەمپی مەخمور باس لەوە دەکەن، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر کەمپەکە و دەڵێن دەوروبەرتان تەلبەند دەکەین تەلەفۆن دەکەن و دەڵێن؛ ماوەی ۳۰ ساڵە کەمپ بە کەمپ دەگۆڕین، ئەوان چی هاوکارییەک دەدەن بە ئێمە تا گەمارۆمان بدەن، تەنانەت ئەگەر ئەو تانکانە لەسەرمان دابنێن، ئێمە ڕێگەیان پێ نادەین بچنە ناو کەمپەکەمان و دەور و بەرمان تەلبەند بکەن.

هەروەها دانیشتوانى کەمپی مەخمور ئەوەش دەڵێن: ئەمانە هەموویان هاوبەشی میت و ئەردۆغانن، ئێمە سەری خۆمان بۆ هیچ کەسێک نەوی ناکەین تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.

بەیانى ئەمڕۆ بەدەیان تانک و زێرپۆش گەمارۆی کەمپی مەخموریاندا کە هەزاران پەنابەری باکوری کوردستانی تێدایە کە دەیان ساڵە لەدەست زوڵم و زۆری دەوڵەتى داگیرکەری تورک هاتوونەتە باشوری کوردستان.

هـ.ح

Comments are closed.