نیشانەکانى تووشبوون بە نەخۆشى زەهایمەر کامانەن؟

دکتۆر شوان ئەبوبەکر دەڵێت، نەخۆشى زەهایمەر نەخۆشییەکی مێشکە، کە بە شێوەیەکی هێواش و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی شێواندن و لەناوبردنی ئەو خانانەی مێشک، کە زانیارییان تێدا هەڵدەگیرێت، دەشڵێت، لە بیرچوونەوەی شتێک یان ڕووداوێک، کە ماوەیەکی زۆری بەسەر تێنەپەڕیوە و قسەکردن و پرسیارکردنی دووبارە لە نیشانەکانى تووشبوون بە زەهایمەر.

دکتۆر شوان ئەبوبەکر، پسپۆڕى نەخۆشیەکانى، مێشک و دەمار لە نوسینێکدا ئاماژە بە نەخۆشى زەهایمەر و هۆکارەکانى تووشبوون بەو نەخۆشیە و نیشانەکانى دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

زەهایمەر نەخۆشییەکی مێشکە، کە بە شێوەیەکی هێواش و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی شێواندن و لەناوبردنی ئەو خانانەی مێشک، کە زانیارییان تێدا هەڵدەگیرێت، هەتاوەکو ئەو کاتەی، کە بە تەواوی دەبێتە هۆی لە ناو چوونی بیر و هزر و توانای بە بەجێگەیاندنی کاروباری ڕۆژانە، بە جۆرێک، کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەم گۆڕانکارییانە دەبێتە هۆی مردنی توشبوەکە .

بەپێی ئامارێک، لە وڵاتی ئەمەریکا وا دادەنرێت، کە ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشییەکە زیاترە لە پێنج ملیۆن کەسە.

هۆکاری نەخۆشی ئەلزەهایمەر چییە؟

هۆکاری نەخۆشییەکە بریتیە لە ناڕێکی لە دروستبوون و ڕێکخستنی دوو جۆری تایبەت لە پڕۆتین لە ناوەوە و دەرەوەی خانەکانی مێشک، پڕۆتینی ئەمایلۆید، کە کۆدەبێتەوە لە دەوروبەری خانەکانی مێشک و پڕۆتینی تاو، کە دەنیشێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە گرێ لە ناو خانەکانی مێشک.

نیشانەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر چین؟

یەکەم- لە بیرچوونەوەی شتێک یان ڕووداوێک، کە ماوەیەکی زۆری بەسەر تێنەپەڕیوە.

دووەم- قسەکردن و پرسیارکردنی دووبارە.

سێیەم- گەڕان و ونبوون.

چوارەم- کێشەی ناسینەوە و نوسین و تێگەشتن.

پێنجەم- ونکردنی شتەکان.

شەشەم- نەمانی ئارەزوو بۆ ئەو چالاکییانەی، کە پێشتر چێژی لێ دەبینن.

حەوتەم- قورسی و زەحمەتی لە جێبەجێ کردنی کاری ڕۆژانە.

مەترسییەکان بۆ گەشەکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر چین؟

یەکەم- تەمەن، بەزۆری لە دوای تەمەنه ٦٥ ساڵی مەترسی زۆرتر دەبێت.

دووەم- هۆکاری بۆماوەیی.

سێیەم- نەخۆشیەکانی دڵ و بەرزە پەستانی خوێن و شەکرە.

چوارەم- بەرکەوتنی زەبری توند یان دووبارو بووەوە بە مێشک.

پێنجەم- هۆکاری ژینگەیی.

چۆن نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەستنیشان دەکرێت؟

پشکنینی تایبەت بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، ئەگەر پزیشکێک گومانی لە بوونی حاڵەتەکە هەبێت ئەوا چەند پرسیارێک لە بارەی نیشانەکان، ئەزموونەکان و مێژووی نەخۆشی کەسەکە لە کەسەکە خۆی یانیش لە ئەندامی خێزان و چاودێری کەسەکە دەکات، چونکە بەشێوەیەکی گشتی ئەندامانی خێزان یان هاوڕێکانی کەسەکە لەوانەیە زوتر تێبینی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکەن و سەرەڕای ئەمەش پزیشکی پسپۆڕ هەڵدەسێت بە ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بۆ هەڵسەنگاندنی فرمانە دەمارییەکان، هاوسەنگی، توانای زانین و یادەوەری.

چارەسەری نەخۆشی ئەلزەهایمەر چییە؟

هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی و بنبڕکەر نییە بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر، بەڵام هەندێک دەرمان یارمەتی دواخستن و کەم کردنەوەی نیشانە و باشتربوونی ژیانی کەسەکە دەدەن و سەرەڕای وەرگرتنی هەندێک چارەسەری تر، لە کاتێکدا، کە نەخۆشەکە نیشانەی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێی هەبێت.

بەم دواییە و لە ساڵی ۲۰۲۱ دا دەرمانی ئادوکانوماب، پاش ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱۹ لە قۆناغی دووەمی لێکۆڵینەوەکاندا، بەهۆی کەمی سودەکانی و بونی کاریگەریە لاوەکیەکانیەوە، وەستێنرا، بەڵام دواتر لە لایەنFDA ەوە ڕێگەی درا بەکار بهێنرێ لە نەخۆشی زەهایمەر لا قۆناغەکانی سەرەتادا.

ئەوەی شایەنی باسە دۆزینەوەی ئەم دەرمانە هیوایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر لە داهاتودا.

ئ.م

Comments are closed.