لە باڵەکایەتى زەنگی مەترسی لەسەر ژینگەو لەناوچوونی یەکجارەکی گوڵە شلێرە لێدەدرێت

رۆژنیوز- باڵەكایەتی

كوێستانەكانی باڵەكایەتی لە بەهاردا بە چەندین جۆر گوڵ دەڕازێتەوە و دیمەنێكی جوان بە ناوچەكە دەبەخشێت ئەمەش دەبێتە جێگەى سەرنجی گەشتیاران و بەمەبەستی بینینان ڕوو لە ناوچەكە دەكەن، بەڵام بەشێك لەو كەسانەی دەچنە شوێنەكە زیانی زۆری ژینگەیی بە ناوچەكە دەگەیەنن بەتایبەت گوڵە شلێرەكان لە ڕەگەوە هەڵیان دەكێشن.

لە بەرامبەر تێكدان و شێواندنی گوڵە شلێر و سروشتی باڵەكایەتی، بەشێك لە هاوڵاتیان و ژینگە دۆستانی ناوچەكە نیگەرانن و داوا دەكەن ئەو كەسانەی سەردانی ناوچەكە دەكەن سروشت و ژینگەی ناوچەكە نەشێوێنن و تێكی نەدەن، چونكە تا دێت گژوگیا و گوڵی جۆراوجۆر لەناو دەچن و بەرەو كەمی دەچن بەتایبەت گوڵە شلێر، كە گوڵێكی دەگمەنی چیاكانی كوردستانە.

ئاوارە مام هەژار، کە ژینگە دۆست و شارەزایە لە بواری گژوگیا، دەڵێت: ناوچەی باڵەكایەتی ناوچەیەكی گرنگە لە ڕووی هەبوونی گژوگیایی جۆراو جۆرو دەگمەن، كە بەشێكی زۆریان لە وەرزی بەهار دەڕوێن بەتایبەت گوڵی شلێر، كە لە كەش و هەوا و ئاستی بەرزیەكی تایبەت نەبێت ناڕوێت، بەڵام بەهۆی نا هۆشیاری بەشێك لەو كەسانەی سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن زیانی زۆر بەر ژینگە و سروشتی كەوتووە.

ئاوارە مام هەژار

دەشڵێت، چەند ساڵێكە ڕێژەیەكی زۆر گەشتیار و خەڵك لە زۆربەی شوێنەكان سەردانی ناوچەكە دەكەن بەمەبەستی بینین و بردنەوەی گژوگیا بەهاریەكان، بەڵام بەداخەوە هەنێك كەس هەیە، كە زیانی زۆر بەژینگە و سروشتەكە دەگەیەنێت بەتایبەت گوڵە شلێرەكان، كە لە بە ئۆتۆمبێل بەناوى دەكەون و دەیان شكێنن و لە ڕەگەوە هەڵیان دەكێشن بەمەبەستی چاندن لە شارەكان لە كاتێكدا ئەم شلێر و ڕووەكانە لە كەش و هەواو بەرزی تایبەت نەبێـت ناڕوێن ئەمەش بە خەسارەت دانە و زیان بە سروشتەكە دەگات.

ئەو ژینگە پارێزە داواكارە، كە ئەو كەسانەی سەردانی ناو سروشت و ناو گوڵە شلێرەكان دەكەن سروشتی ناوچەكە بپارێزن گوڵەكان نەشێوێنن، چونكە ئەمە سامانێكی نەتەوەیی و نشیتیمانیە و دەبێت نەوەكانی ئایندەش چێژ و سود لە ژینگە و سروشتە ببینن .

هەروەها، گەلاوێژ خالید، کە ژنێكی بە ساڵاچووە و بە باوەشێك لە شلێری شكاو، كە كۆی كردونەتەوە دەڵێت: ئەو كەسانەی، كە سەردانی ناو سروشت دەكەن بەشێكی زۆریان زیانی زۆر بە شلێرەكان و سروشت دەگەیەنن و لە رەگەوە دەریان دێنن و دەیان بەن، كە ئەمەش كارێكی خراپە و پێویستە ئەم تێكدانە بوەستێنن.

گەلاوێژ خالید

گەلاوێژ دەشڵێت: بەشێكی زۆری گژوگیا بەهارییەكان بەرەو لەناو چوون دەڕۆن لە كاتێكدا، كە دەبوو بەرەو زیادبوون چووبان، بەڵام لەبەرەوەی خەڵكێكی زۆر  زیان بە سروشت دەگەیەنن تادێت گوڵ و روەكەكان بەرەو كەمی دەڕۆن و لەناو دەچن، بۆیە داواكارم لەو گەشتیار و ئەو كەسانەی سەردانی شوێنەكە دەكەن گوڵە شلێرەكان بپارێزن و نەیان شكێنن و دەریان نەهێنن.

شلێر، گوڵێكی وەرزیی خۆڕسكییە، لە سەرەتا تا كۆتایی مانگی ٤ و لە دوای توانەوەی بەفر تا سەرەتای هاوین چرۆ دەكات و دەڕوێت، ئەم گوڵە شوێنی سەرەكی ڕوانی بەرزاییەكانی زنجیرە چیاكانی زاگرۆسە و زۆر شتی جیاوازە لە گوڵەكانی تر.

گوڵی شلێر شێوەكەی زۆر جوان و ناسك و سەرنجراكێشە، بە شێوەی یەك قەد ستونییە و قەدی قاوەییە و گوڵەكانی بە شێوەی زەنگۆڵە زەنگوڵ بەلاكانیدا شۆڕبووتەوە، زۆرجار درێژی و بەرزی شلێر لە نیو مەترە و دەستپێدەكات تا سەر و مەتر، ماوەی تەمەنیشی لە نێوان ٣٥ ڕۆژ بۆ ٦٠ ڕۆژدایە.

ئ.م

 

 

Comments are closed.