عەباسی کەمەندی.. ئەو هونەرمەندە حەوت بەهرەیەی هونەرەکەی نەیهێشت بمرێت

ئەمڕۆ ٢٢ی ئایار رۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند و شاعیر و شێوەکارو سینەماکارو نوسەرێکە کە وەک مرۆیەکی نائاسایی بەناو حەوت سروشتی ژیاندا گەشتی کرد، بەڵام لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا، کەشتیە پڕ لە سامانە هونەرییەکەی لەنگەری گرت و فڵەچەى دەستی دانا و پەنجەکانى لە ژەنین کەوتن، لێوەکانى لە گۆرانی وتن وەستان، دڵە ئەفسووناوییەکەى  وەستا و چاوەکانى بۆ هەمیشە لێکنا، ئەو مرۆیە نا ئاساییە عەباسی کەمەندە.

عەباسی کەمەندی هونەرمەندێکى هەرە دیاری دونیای هونەر و ئەدەبی کوردیییە، گۆرانییەکان شێعرو ئاوازەکانی، نوسین و کتێبەکانی لەناو گەلی کورددا پەنگی خواردووەتەوەو هەردێ ڕوون و ڕوونتر دەبێتەوە، ئەوەى نەیهێشت ناوی ئەو هونەرمەندە وون بێت و چراکەی بکوژێتەوە هونەرەکەیەتى، کە نەوە لە دوای نەوە لەسەر زارو لەبەر چاوانە، ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ماڵئاوایی ئەو هونەرمەندە مەزنە.

هونەرمەند عەباس کەمەندی، لەساڵی ١٩٥٢لە گەڕەکی جەواراوای شاری سنە لەدایکبووە، ئەگەرچی وەک پیشە بنەماڵەیەکەى سەرقاڵی کاری دیکە بوون بەتایبەتى قەسابی، بەڵام دەنگ خۆش و هونەرپەروەر بوون، باوکی شمشاڵ ژەن و دەنگ‌ خۆشی سنە بووە.

کەمەندی کە تا حەوت ساڵی دایکی خۆی نەبینیوە لە دیمانەیەکدا دەڵێت: گەر دایکی نەگەڕابایەتەوە لای لەناو قەسابخانەکان لەناودەچوو، ئەوەش دەرفەتى پێنادات کە درێژە بەخوێندن بدات، بۆیە  قۆناغی زانکۆشی نەخوێندووە.

لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کەمەندی چووەتە ناو دونیای هونەر و ئەدەبیاتەوە، لەو تەمەنەوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە و یەکەم خەڵاتی زمانی کوردی بۆ نووسینی چیرۆکێکی کوردیی بەناوی “شەوبۆ و حەمە شوان” بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نووسەر بۆ ڕادیۆی سنە وەرگرتووە، کە ئەم چیرۆکەش پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا.

ئەم چیرۆکە کانیاوی ئەدەب و هونەری کەمەندی زیاتر جۆش دەدات و وای لێدەکات بیر لە نووسین و کاری بە پێزی زیاتر بکاتەوە، بۆ ئەوەش دووبارە ئەو چیرۆکە بەشێوەیەکى جوانترو سەرەنجؤڕاکێشتر دەنوسێتەوە، دیسان پێشوازییەکەی ئەدەبدۆستان زیاتر دەبێت.

لەتەمەنى ٢٠ ساڵیدا ئەو هونەرمەندە تازە لاوە لە تەلەفزسیۆنى سنە وەردەگیرێت و بە نووسینی سیناریۆ بۆ بەرنامە و فیلم و زنجیرە کارە هونەرییەکان دەست بەکار دەکات، لەو کاتەشدا یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی تەلەڤیزیۆنیی بریتیبوو لە دۆبلاژکردنی زنجیرەی «لۆرێڵ و ھاردی» بۆ زمانی کوردی، کە خۆی کاری دۆبلاژی بۆ چوار کەسایەتیی ناو زنجیرەکە کردبوو.

عەباسی کەمەندی خۆ دەڵێت، یەکەم کاری هونەری لە بوار گۆرانى وتندا بە وتنەوەى گۆرانیەکی حەسەن کامکار دەست پێدەکات و هێدی هێدی هەنگاوەکانى بەرەو هونەری گۆرانى کوردی دەهاوێژێت، تەنیا دوای دوو ساڵ بە فەرمى دەستى  بە گۆرانى وتن کردو ئیدی لێرەوە یەک لەدوای یەک گۆرانییەکانى لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنى سنە تۆمار دەکردو گۆمی مەنگی هونەری کوردی لەو کاتەدا دەشڵەقاند.

عەباس کەمەندی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوسەریی پێک ھێناوە و سێ کچ و کوڕێکی لەپاش بەجێ ماون.

لەو سەروبەندی تەمەنى ٢٥ ساڵیدا نزیکەی ٣٠ گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە دەنگی کەمەندی بڵاو بوونەوەو ئەستێرەی هونەری ئەو کەسایەتیە لە ئاسمانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان گەشایەوە.

کەمەندی دوای یەکەم و دووەم گۆرانی خۆی، چالاکییە هونەرییەکانی لەگەڵ گرووپی کامکاران دەستپێکرد و یەکەم بەرھەمی ئەم کارکردنەیان ئەلبومی «ھەورامان» بوو، کە ساڵی ١٩٨١ بڵاوکرایەوە. کەمەندی و گرووپی کامکاران دواتر ئەلبومی «پرشنگ» و دواتر «گەلاوێژ» یان بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش بە یەکێک لە جوانترین کارەکان لەبواری مۆسیقای کوردی لە کوردستان سەیر دەکرێت.

هونەرمەند عەباس کەمەندی بەهۆی ئەوەی کە بە حەوت هونەری “گۆرانیبێژی، دانەری مۆسیقا، نیگارکێش، نووسەر، شاعیر، دەرهێنەر، فیلمنامە نووس” ئاشنا بووە  دەستێکی ڕەنگینی لەواندا بووە بە مامۆستای حەوت هونەری کوردستان ناسراوە.

ئەو هونەرمەندە گەورەیە لە بواری ئەدەبیاتیشدا ئەسپی خۆی تاوداوەو لەچەندین پەرتوک و نوسینى ئەدەبی بڵاوکردونەتەوە یان وەریگێڕاوەتە سەر زمانى کوردی، بەشێک لەو بابەتە ئەدەبیانەش بریتین لەمانە(دیوانی شێعری کوردی و فارسی، کۆکردنەوەی دیوانی میرزا شەفیع، وەرزشی کۆنی پاڵەوانە کوردەکان، ژیاننامەی سەیید عەلی ئەسغەر کوردستانی، ھەورامان، لێکدانەوەی دیاردە کلتوورییەکان، کۆکراوە شێعری ھیجایی پێش ئیسلام).

دەیسان کەمەندی بەوە نەوەستاوە لەبوار فیلم و سینەماشدا دەستى ڕەنگینى هەبووەو دواتنیویەتى ئەم فیلمانە بەرهەمبهێنێت(ئەسپ، یەک سەبەتە گیا، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە ڕەحیم، ئەندامی نوێی ئۆپک، جەنگی ڕەمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، وەکیلی یەکەم، قەڵەم و شەیتان، پاڵەوان پەنبە)

یەکێک لە شاکارەکانى عەباسی کەمەندی بەرهەمهێنانى کتێبیکی شەش هەزار لاپەڕەییە لەسەر فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردستان نووسیوە کە لە کتێبخانەی فەرهەنگی تاران پارێزراوە، نووسینی چوار ڕۆمان، ٣٠ فیلمی کورت و درێژ، دوو کتێب شێعر بە زمانی فارسی و کوردی، کێشانەوەی ١٠٠ تابلۆ، ووتنی ٦٠ گۆرانی و سازکردنی چەند زەنجیرەفیلم لە کارەکانی تری ناوبراو ئەژمار دەکرێن.

گۆرانییەکانى تا ئەمساتەش بەردەوام بەسەر دەمی خەڵک و هونەرمەندانەوەیە، بەرهەمەکانى هەردێ دەڵێیت ئەمڕۆ و بۆ سەردەمی ئەمرۆ وتراون، هونەرمەندان بەردەوام نوێی دەکەنەوە و ناهێڵن شاکارەکانى خامۆش بن، بەتایبەت یەکێک لەوانە “نەتۆرێی”یە نەتۆرێی، کە یەکێکە لە شاکارە بەنێوبانگەکانی کەمەندی و زۆربەی هۆنراوەکەی هەورامییە، خۆی بەمجۆرە لەبارەیەوە دەدوێ و دەڵێت، بەم گۆرانییە داخێکم کرد بە دڵی عاشقاندا، ئەو سووتانەی کە هەمبوو، تینکەی گەیشتە دڵی ئەوانیش.

هونەرمەند عەباس کەمەندی لە ڕۆژی ٢٢ی ساڵی ٢٠١٤ و لە تەمەنى ٦٢ ساڵیدا بەهۆی وەستانی دڵ لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە بۆ هەمیشە دڵە ئەفسوناوییەکەى لە لێدان کەوت و چاوە تیژ و هونەرییەکە لێکناو هەمووانى تووشی خەمێکی قوڵکرد، ئیدی ئەو بۆ هەمەیشە بە هونەرەکەی لەناو گەلێکى ٥٠ ملیۆنیدا زیندیە و نەمردوە.

هـ.ح

Comments are closed.