سوریا دوایین مەرجی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند

وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەیی حكومەتەكەی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە، هەروەها مەرجەكانی حكومەت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا كشانەوەی هێزەكانیانە لە سوریا.

فەیسەڵ مەقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا بە تۆڕی ڕوسیا تودەی ڕاگەیاند، ئامادەیی حكومەتەكەی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە، ئەمەش یەكەمجارە لە كاتی دەركردنی بڕیارنامەكەوە بەرپرسێكی باڵای حكومەتی سوریا باس لە جێبەجێكردنی بڕیارنامەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، مەرجی دیداری سەرۆكی سوریا لەگەڵ هاوتا توركیەكەی پەیوەستە بە دەرچوونی هێزەكانی توركیا لە خاكی سوریا.

بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٥٤بریتی بوو لە پەسەندكردنی جاڕنامەی ژنێڤ و پاڵپشتیكردنی جاڕنامەی ڤیەننا سەبارەت بە سوریا، وەك زەمینەیەكی بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە پرۆسەی سیاسی بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ململانێ لە سوریا، هەروەها جەختی لەوە كردەوە، كە دەبێت گەلی سوریا ئایندەی سوریا دیاری دەكات.

لە بڕیارنامەكەدا پاڵپشتی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێڕەوی سیاسی سوریا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پێكهێنانی دەستەیەكی حوكمڕانی باوەڕپێكراو و گشتگیر و ناتایفەگەری و پەسەندكردنی ڕەوتی داڕشتنی دەستوورێكی نوێ بۆ سوریا لە ماوەی شەش مانگدا دەردەبڕێت.

لە بڕیارنامەكەدا داوای هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەكات، لەسەر بنەمای دەستووری نوێ لە ماوەی ١٨ مانگدا، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەكانی بڕیارنامەی ٢٢٥٤، هەروەها پێشنیاری كراوە هەموو لایەنەكانی سوریا ڕێوشوێنی بگرنەبەر بۆ  دروستكردنی متمانە، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرۆسەیەكی سیاسی و ئاگربەستی هەمیشەیی.

هـ.ئ

Comments are closed.