لەسەر هەڵپەڕکێی کوردی پۆلیسی تورک هێرش دەکەنە سەر چوار گەنج

لەشاری ئەستەنبوڵ دوای ئەوەی چوار گەنج هەڵپەڕکێی کوردی دەکەن، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە بە توندی هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، دوای دەستگیرکردنیان لەهەمان شوێن پۆلیسەکان دەست بە وتنەوەی سروودى نەژادپەرستانەی تورکی دەکەن، ئەمڕۆش ئەو چوار گەنجە کوردە ڕەوانەی دادگای ئەستەنبوڵ کران.

بەپێى کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دوێنێ لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ، پۆلیسی تورک هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە گەنجانی کورد، کە گوێ لە موزیکی کوردی دەگرن و هەڵدەپەڕن.

وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، لە کاتی هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئەو گەنجانە پۆلیسى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، لە گەنجەکان دەدەن و دەست دەگرن بەسەر کەلوپەلە هونەرییەکانیاندا.

هەروەها، گەنجان لە بەرامبەر هێرشەکەى پۆلیسى تورک هەوڵدەدەن بەرگریی لە خۆیان بکەن، پۆلیسیش گازی فرمێسکرێژیان بەکارهێنا و تەقەیان بەسەر گەنجەکاندا کرد.

هاوکات، چوار لەو گەنجانە لەلایەن پۆلیسى تورکەوە دەستگیرکران و ئەمڕۆش ڕەوانەی دادگای ئەستەنبوڵ کراون.

ئ.م

Comments are closed.