زیاتر لە ١٦٠ هاوڵاتی سوری لە سودانەوە گەڕێندرانەوە قامیشلۆ

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكەم کاروانی پەنابەرانی سوری لە سودان گەڕێندرانەوە بۆ شاری قامیشلۆی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ژمارەی ئەو پەنابەرە سوریانە زیاتر لە ١٦٠ پەنابەر بووە، ئیدارەی خۆسەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كار بۆ گەڕاندنەوەی کاروانی دیكەی پەنابەرانی سوریا دەكات.

لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەكی ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە سودان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكەم وەجبەی پەنابەرانی سوری، كە لەزیاتر ١٦٠ كەس پێكهاتبوون گەڕێندرانەوە شاری قامیشلۆی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

مستەفا بالی، ئەندامی ئەو لیژنەیەی ئەركی گەڕنەوەی پەنابەرە سورییەكانی لە سودان پێسپێردراوە ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی سوریا ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە ١٦١ پەنابەرە و دەڵێت: ئیدارەی خۆسەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كار بۆ گەڕاندنەوەی کاروانی دیكەی پەنابەرانی سوریا دەكات، كە لە سودان گیریان خواردووە.

ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەند هەفتەیەك لەمەوبەر دەستپێشخەرییەكی پێشكەشكردبوو، بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیە سووریانەی لە سودان گیریان خواردبوو، هەروەها ئیدارەی خۆسەری پەیوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێكدا كرد بوو، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانە.

هـ.ئ

Comments are closed.