پەتای کۆلێرا مەترسی لەسەر ژیانی یەک ملیار کەس دروست کردوە

نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە، پەتای کۆلێرا لە ٤٣ وڵاتدا مەترسی لەسەر ژیانی نزیکەی یەک ملیار کەس دروست کرووە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا تیشکیان خستووەتەسەر ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتان رووبەڕووی پەتای کۆلێرا بوونەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی تووشبووان زیادی کردووە و دۆخی تایبەت بە پەتای کۆلێرا بەراورد بە ١٠ ساڵ لەمەوبەر خراپتر بووە.

هاوکات باس لەوە کراوە نزیکەی یەک ملیار کەس لە ٤٣ وڵاتدا مەترسی تووشبوونیان بە کۆلێرا هەیە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم مەترسییە بەتایبەتی لە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا زۆر زیاترە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە مردن بە نەخۆشی کۆلێرا لە ئاستێکی مەترسیداردا زیادی کردووە و ژمارەی تووشبووان لە مالاوی و نێجیریا لەمساڵدا زیاتر بووە لەوەی پێشبینی دەکرا و پاتاکە بەشێوەیەکی خێرا بە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقادا بڵاوبووەتەوە.

باس لەوەش کراوە بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە مالاوی و مۆزەمبیق مەترسی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆلێرای لە ناوچەکەدا زیاد کردووە.

بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هێنری گرای ئاماژەی بەوە داوە کە پێشبینی دەکەن حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا بەپێی وەرزەکان بگۆڕێت.

هێنری گرای رایگەیاندووە: “لە ١٠ ساڵی رابردوودا، پێشکەوتنی جیددی لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرادا بەدیهات، بەڵام لەئێستادا مەترسی ئەوە هەیە دۆخەکە بگەڕێتەوە دواوە”.

بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەئاماژەدان بەوەی کە بە هاوکاری لەگەڵ ریکخراوی یونیسێف هەوڵ دەدەن تا ساڵی ٢٠٢٥ ژەمە ڤاکسینەکان بۆ دوو هێندە زیاد بکەن رایگەیاند: کوتان ئامرازێکە، بەڵام چارەسەرێکی گشتی نییە. دەبێت پاکوخاوێنی ئاوی خواردنەوە بە پێشینە وەبگرین. بۆ ئەنجامدانی وەبەر‌هێنان بەو ئاراستەیە پێویستمان بە سندوقی دارایی بەپەلە هەیە”.

ر،س

Comments are closed.