پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد – زنجیرەی ١

پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد، کە پڕۆژەیەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەستیپێکراوە، بەمەستی دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستی ئەکادیمی تایبەت بە ژن.

لەوبارەیەوە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە دەربارەی ناوەندەکە و کارەکانی ئاڕاستەیان دەکرێت، هەروەها ڕوونی دەکەنەوە کە چۆن بیرۆکەکان لا گەڵاڵە بووە و ئامانجیان لێی چییە.

پرسیار: لە ئێستادا کار بۆ دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد دەکرێت، ناگیهان ئاکارسەل کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تیرۆرکرا، لە نزیکەوە پەیوەندی و سەروکاری لەگەڵ کێتبخانەکەدا هەبوو و کاری زۆری بۆ کرد، دەکرێت سەرەتا هەندێ باسی ڕۆڵیی لە پرۆسەی دامەزراندنی کتێبخانەکەدا؟

وەڵام: ئەڵبەتە سەرەتا دەمەوێ بڵێم کە زیاتر لە ٤٠٠ کتێبخانە و ئەرشیفی ژن، فێمینست و جێندەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە بەڵام ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە گفتوگۆ لەسەر بیرۆکەی دامەزراندنی دەکرێت، یەکەمین پرۆژەی ژنی کوردە لە کوردستان و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا. کاتێ باسی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد دەکەین یەکسەر ناوێک دێتەوە بیرمان؛ ” ناگیهان ئاکارسەل”. ناگیهان ئاکارسەل لە کاتێکدا کە لەگەڵ گروپێک لە ژنانی ئاکادیمی، چالاکوان، هونەرمەند و نوسەر سەرقاڵی کاروبارەکانی کتێبخانەکە بوو لە ٤ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق (باشوری کوردستان) لە لایەن دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆرکرا. ئەمە شتێکی نهێنی یان زانیاری نییە کە تەنها لە ڕای گشتیدا باسی لێوە بکرێت، بەڵکو دەسەڵاتدارانی تورکیا دانیان بەوەدا نا لە کۆبونەوەیەکی هەولێر تەنیا رۆژێک دوای تیرۆرەکە. هەر بەو هۆیەشەوە جارێکی تر ئەو تاوان و تیرۆرەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەم و لە کەسایەتی هاوڕێمان نەگیهان ئاکارسەلدا یادی هەموو شەهیدانی قەڵەم، هزر و ئازادی دەکەمەوە.

گەڵاڵە بوونی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد

دەمەوێ بڵێم کە بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد سەرەتا لە گفتوگۆی گروپێک ژن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دەستیپێکرد کە یەکێکیان ناگیهان ئاکارسەل بوو، گفتوگۆ لەسەر خەباتی ستراتیژی ژنی کورد کرا کە چۆن بتوانرێ جێیەکی کۆکردنەوەی یادەوەری مێژوویی ژنی کورد سازبکرێت و ببیتە دەرفەتێک بۆ سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژووی ژن و بەتایبەتی ژنی کورد و هەروەها بۆ پاراستنی ئەو یادەوەرییە. ناگیهان خەونی ژنی کوردی لەگەڵ ئەو گروپەدا کردە بیرۆکە و هەنگاوی بۆ بواری کرداریشی نا. ئەو خەونەکەش ئەوە بوو کە جێیەک بۆ ژنانی کورد فەراهەم بێت بۆ ئەوەی کە مەعریفەی خۆیان ئالۆگۆڕ بکەن، هەم لە ئاستی هەرێمیی و هەم لە ئاستی گەردوونیدا، ژنان هەستی خۆیان و مەعریفەی خۆیان لەگەڵ یەک بەش بکەن و هەست بەوە بکەن کە سنور و دەوڵەت ناتوانێ بکەوێتە نێوانیانەوە، دەتوانن بە جیاوازییەکانیانەوە مەعریفەی خۆیان لەگەڵ یەک بەش بکەن، لە ئەزموونی یەکتر، لە یادگای مێژووی یەکتر فێر ببن و یەکتر تەواو بکەن و بەهێز بکەن.

لە دوای تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل ژنان دەستیان لەو خەونە بەرنەدا و پێداگری خۆیان نیشاندا، ئەوەش لە پێشخستنی کولتووری هیوابەخشی، کولتووری پێکەوەکارکردن و کولتووری بەرخوداندا هەنگاوێکی گرنگ بوو. چوونکە بینیان ژنی کورد ئامادەیە بە ژیانی خۆشی بەهایەکی گران بدا بۆ ئەوەی پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ ژن سەربخات، دوودڵی و ترسی لە ژناندا شکاند و بووە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی کە درێژە بەو پرۆژەیە بدەین. هەروەها ئەو پێداگرییەی ژن تەحەداییەکە لە بەرامبەر ئەو پرۆسەی بێناسنامە کردن و بێیادەوەرکردنەیە کە زهنیەتی پیاوسالاریی لەبەرامبەر کۆمەڵگە بەگشتی و ژن بە تایبەتی ئەنجامی دەدا. ئامانج سەپاندنی یادەوەری دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە بەسەر کۆمەڵگەدا چونکە یادەوەری مێشکە، ئەگەر کۆمەڵگە بێ یادەوەری بێ دەبێتە جەستەیەکی بێمێشک و کراوە دەبێ بۆ هەموو داگیرکارییەک، ئەمە لە خودی ژندا بە ئاسانی لەبەرامبەر هەموو کۆمەڵگە کراوە. سەرلەنوێ دەستڕاگەیشتنەوە بە یادەوەری کۆمەلگە، یادەوری ژن و خۆناسین لە ڕێی ئەو یادەوەرییە و پاراستنی و بەڵگاندنی زۆر گرنگە.

ناگیهان ئاکارسەل وەک هەر ژنێکی تێکۆشەر بە قەڵەمەکەی هەوڵی بەدەستهێنانەوەی یادگای مێژوویی ژنی کوردی دا

ناگیهان ئاکارسەل وەک هەر ژنێکی تێکۆشەر لە تێکۆشانی ئازادی، بە قەڵەمەکەی، بە هێزی بیرکردنەوەی، بە ئیرادەی، بە وشیاریەکەی بە تایبەتی سەرەتا لە بواری ڕۆژنامەوانی، دواتر لە ئاکادیمیای ژنۆلۆژیدا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی یادگای مێژوویی ژنی کوردی دا، کە زەمینەکی گرنگە بۆ خودناسی ژنی کورد، وشیاربوونەوەی لە مێژووی خۆی، یادەوەرییەکانی کە دەتوانێ هێزی پێببەخشێت بۆ ئازادی خۆی، ژن و کۆمەڵگە و گۆڕانکاری لە پیاودا.

ناگیهان هەرگیز ژنی پۆلێن نەکرد، کە کێ پێویستی بە ئازادییە و کێ پێویستی پێی نییە، لەگەڵ ڕەنگی جیاوازی کۆمەڵگە و ژنان بە تایبەتی پەیوەندی بەست و سنوری نەناسی لە پەیوەندیەکی ڕۆحی بە ژنانەوە، هاسۆزی نیشاندان، ژیانی و ئەزموونی خۆی لەگەڵ بەشکردن. لەگەڵ ئازارەکانیان گریا ولەگەڵ خۆشیەکانیان پێکەنی، ئەو بەو فەلسەفەیە کاری کرد کە دەلێت ” بەر لە کتێب، مرۆڤ بخوێننەوە”، بێ خوێندنەوەی مرۆڤ کتێب ناتوانێ بە تەنیا گۆڕانکاری لە ژیانماندا دروست بکات.

ئێمە خەونی ناگیهان پێکدێنین

ژنانی کورد و تەنانەت ژنان لە کەلتوور و بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و فێمینستەکانیشەوە لە دوای تیرۆرکردنی ناگیهانەوە یەک پەیامی ڕوویاندا کە؛ ” ئێمە خەونی ناگیهان پێکدێنین”. لەبەرئەوەی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی کتێبخانەکە و کارکردن و بەردەوامکردنی ئەو پرۆژەیە، پەیامێکە کە ژنی کورد تەنیا لەبەرامبەر داگیرکاریی خاک و لە پێناوی ئازادی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوریدا تێکۆشان ناکات بەڵکو بەڕێی بەدەستهێنانەوەی ئەو یادگا مێژووییەی دەیەوێ زهنیش لە داگیرکاری ڕزگار بکات و ژنی کورد خۆی ببێتە هێزی داینامیکی ئەو ئازادییە و گەرەنتیکردنی ئازادی، هەم لە ڕووی پرۆسەی بەردەوامی گۆڕانکاری لە رووی هزریی و هەم لە ڕووی خۆرێکخستنکردنەوە، سەرخستنی پرۆژەی کتێبخانەی ژنی کورد لەهەمان کاتدا بەشێکە لە میکانیزمای خۆپاراستن کە ژنی کورد و کۆمەڵگە بە گشتی پێویستی پێیە، لەبەرئەوەی یەکەمین داگیرکاری لە مێژوودا لەبەرامبەر ژن و زۆرینەیەکی کۆمەڵگە بە دەستوەردانی زهنی ڕوویداوە. بۆ ئەوەش بەدەستهێنانەوەی یادگای مێژوویی و سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژوو لە دیدی ژنەوە گرنگە.

ناگیهان ئاکارسەل لە کەسایەتی خۆدا نوسەر، ڕۆژنامەوان، ئاکادیمی و تێکۆشەرێکی سەرکەوتوو بوو، لە پەیوەندییەکانیدا کۆمەڵایەتی بوو، دید و پراکتیکی ئافرێنەری هەبوو، دەچووە هەر کوێیەک شەپۆلێکی گەورەی وزەی ئەرێنی و پڕ لە ژیانی هەبوو. زمانێکی شیعرئاسای قسەکردنی کردنی هەبوو. داکۆکیکردن ژنان لە خەونی ناگیهان داکۆکیکردنێکی تاکەکەسیانە نیە، خۆ بەخۆ ئەو لە تێکۆشانی خۆیدا هێندە بەهای کۆلێکتیڤی ئافراند، بووە پێشەنگی ئاواکردنی کولتوور و ڕۆحێکی بەرخودان. لەبەرئەوەی ناگیهان ژیانی خۆی هەموو بۆ خوڵقاندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد تەرخان کرد.

ناگیهان ئاکارسەل بە جۆش و ڕەنجێکی بێسنوور و بێماندووبوونی نیشاندەدا لە سازکردنی کتێبخانەکەدا. لە وڵاتێکدا کە لە ژێر کاریگەری زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی و پیاوسالاری ژنانی گەنج، مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، نوسەر و ئاکادیمی زۆر چالاکی لە دەوری ئەو پرۆژەیە کۆکردەوە. نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش ژنان بەشداری گفتوگۆکان و پرۆسەی دامەزراندنی کتێبخانەکەیان دەولەمەند کرد بە پێشنیار، لێکۆڵێنەوە و گفتوگۆکانیان.

درێژەی هەیە…

ش. ئـ

Comments are closed.