“تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” ڕێگایەکی دیکەن بۆ دەستدرێژیی کردنە سەر ژنان

هەولێر

تۆڕەکانی پەیوەندی یاخود وەک ئەوەی پێی دەناسرێت “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”، بوونەتە ڕێگایەکی دیکە بۆ دەستدرێژی کردنە سەر و سوکایەتی کردن بە ژنان، هەروەها بەکاردەهێندرێت بۆ ڕەوایەتی دان بەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت و دووجار دەیانکەنە قوربانی.

نووسینی وتەی نەشیا و دوور لە ئاکاری کۆمەڵایەتی کورد، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئاسایی کردنەوە دەبرێن، هەوڵدەدرێت هێندەی تر کۆمەڵگە بەرەو تاریکی بەرن و کۆمەڵێک دیاردەی ناشرین و دوور لە ڕەوشتی کۆمەڵ ببێتە شتێکی ئاسایی و پیاوان ماف بە خۆیان بدەن بێ سڵکردنەوە سووکایەتی بە ژنان بکەن و دەستدرێژییان بکەنە سەر.

مەترسی ئەوەش زۆر بە ئاشکرا و زەقی لە “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”دا دەبینرێت، چونکە بەئاسانی و بێ چاودێری پێویست بۆ هەمووان بەردەستە و بەهۆی لاوازی جێبەجێکردنی یاساکانیش ترسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سزا و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی وتە و بانگەشەکانیان نییە، بۆیە چۆنیان بوێت و چۆن بخوازن “جنێو، بوختان، سووکایەتی، هاندانی کوشتن، دەستدرێژی” دەکەنە سەر ژنان.

ژنان هەرێمی کوردستان دەڵێن: هێرشکردنە سەر کچان و ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکاندا، جۆرێکی دیکەیە لە دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بۆیە ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکاندا، هەموو نێریک حەقی بەخۆی دەدات قسە و گوفتاری نەشیاو بەرامبەر ژنان و کچان ئەنجام بدەن.

ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر پارێزە و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەموو جۆرە هێرشکردنە سەر و سووکایەتی کردن بە ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدان بۆ تاوانبار کردنی ژنانی قوربانی ڕووداوەکانی دەستدرێژی و سووکایەتی پێکردن بە ناڕەوا ناوبرد و وتی: لەکاتێکدا تاوانباری دەستدرێژی و سوکایەتی پێکردن بە ژنان، پیاوانن، بەڵام بێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی قوربانییەکە و لایەنی دەروونی، هەموو تاوانەکە دەدرێتە پاڵ ژنەکە و هەوڵدەدرێت خۆی بکرێتە هۆکاری ئەو تاوانەی پیاوێک بەرامبەری ئەنجامی داوە، لەبری ئەوەی پشتیوانی لە ژنەکە بکرێت و بکەری تاوانەکە سزا بدرێت.

ڕێزان شێخ دلێر باسی لەوەشکرد: ئەو جۆرە هێرش و سووکایەتی پێکردنانە لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان، جۆرێکی دیکەیە لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ ڕووخانی دەروونی ژنە قوربانییەکان و هاندانی خێزانەکانیان بۆ بەندکردنی کچەکانیان تا ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتە نەبێتەوە.

دێرین خدر

هەروەها ژنە چالاکوان دێرین خدر وتی: کۆمەڵگەی ئێمە پیاو سالاریە، کاتی گوێبستی هەواڵێکی دەستدرێژی بۆ سەر کچێک یاخود ژنێک دەبین، بەبێ هۆکار کچەکە تاوانبار دەکرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە، لەکاتێکدا پیاوان خۆیان ئەنجامدەر و تاوانباری سەرەکەین.

دێرین خدر وتیشی: هێرشکردنە بۆ سەر کچان و ژنان لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەهەر شێوەیەک بێت، جارێکیتر دەستدرێژیە، لەکاتێکدا دەبێت هاوکاری بکرێت و پشتیوانی لێبکرێت، بۆئەوەی بگەرێتەوە دۆخی پێشوتری، بەڵام لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایتیەکان فشاری دەخرێتەسەر دووجار  دەبێتە قوربانی و هەندێک جار کارەساتی گەورەتری لێدەکەوێتەوە.

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد: ژنان پێشوتر لە کۆمەڵگەی کوردیدا  بەهیچ جۆرێک باس نەدەکران، بگرە هێڵی سووریش بوون، بەڵام ئێستا تاکەکان لە تۆرە کۆمەڵایتەکان بڕیار لەسەر بڕیار لەسەر کەسایەتیان دەدرێت، باڵادەستبوونی فکری ئاینی توندڕەو، هەروەها خراپ بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایتیەکان و چەندین هۆکاری دیکە، کە بوونتە هۆی کەمکردنەوەی بەها وپێگەی ژنان، لەسەرووی هەموویانەوە ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژنان.

ش. ئـ

Comments are closed.