سەرنجڕاکێشی گۆمی فێڵاو شەوانی باڵەکایەتى پڕکردوە لە چالاكی هونەریی و فەرهەنگی

باڵەكایەتی

سەرەڕای نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەك و خراپی ڕێگا و ئاستەنگیەكانی بەردەم گەشتیاران لە سنوری باڵەكایەتی، بەڵام گەشتیاران بە ڕێژەیەكی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان و سروشتی ناوچەكە دەكەن بەتایبەت گۆمی فێڵاو، زۆربەی شەوان پڕە لە گەشتیارو كاتەكانیان بە ئەنجامدانی چەندین چالاكی هونەری و فەرهەنگی بەسەر دەبەن.

 

هێشتا وەرزی بەهارە و هاوین نەهاتووە، بەڵام پلەی گەرمی لە ناو شارەکان وردە وردە بەرزبوونەتەوە، خەڵکى بۆ گەشت و سەیران ڕوو لەناوچە گەشتیارییەکان و چیاکان دەکەن، گۆمی فێڵاو یەکێکە لەو ناوچە گەشتیارییە سەڕەنجڕاکێشانەى کە جگە لە فێنکی کەش و هەواکەی دیمەنێکی ناوازەو ئەفسوناوی هەیە، هەر ئەمەش سێحری ڕاکێشانى هەزاران گەشتیارە.

بەتایبەتی شەوانی گۆمی فێڵاو کە گەشتیاران تێیدا بمێننەوە و دیمەنی یادگاری تێدا تۆمار بكەن، تامەزرۆیی لای گەشتیاران زیاتر دەکات، هۆکارەکەش هەر ئەوەیە کە سەرنجڕاکێشی ئەو شوێنە زیاتر لەشەودا خۆی دەنوێنێت.

ئاری غەفور

ئاری غەفور، یەكێك لەو گەشتیارانەیە كە تەنیا لەمساڵدا دوو جار سەردانی گۆمەكەی كردووەو ئەمە پێنجەم جارە شەوان تێیدا دەمێنێتەوەو دەڵێت: جوانی و سەرنج ڕاكێشی ناوچەكە وای كردووە چەندین جار سەردانی ناوچەكە بكەین و شەوان تێیدا بمێنینەوە و كاتێكی لەگەڵ دۆستان و ئازیزانمان خۆشی تێدا بەسەر دەبەین.

ئەو گەشتیارە باس لە خراپی ڕێگاكە دەكات و دەڵێت: تا ئێستا هیچ خزمەتگوزاریەكی لە لایەن حكومەتەوە بۆ نەكراوە و ڕێگاكەی زۆر لە جاران خراپترو ناخۆشتربووە، بۆیە داواكارین حكومەت ئاوڕێك لەو گۆمە بداتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەم گۆم ناسراوە و گەشتیار و خەڵكی زۆری بۆدێت.

گۆمی فێڵاو بە دووری پێنج كم دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی چۆمان و كەوتۆتە بناری چیایی سێكێل  كە بەردەوام بەفرو شاخی حەساری سەكران لەناو گۆمەكەدا ڕەنگ دەداتەوە و ئەوەش وای كردووە، لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستان خەڵكی بۆخۆی ڕابكێشێت لە باوەشیان بگرێت.

هەڤرەس عەلی

هەڤرەس عەلی یەكێكی تر لەو گشەتیارانەی كە لە دهۆكەوە سەردانی گۆمی فێلاوی كردووە و لەگەڵ هاوڕێكانیدا چادریان هەڵداوە و شەوێكیان لە گۆمی فێڵاو بەسەربرد و وتی: لە شەواندا ئەم شوێنە بۆ ئەوە خۆشە كە چەندین چالاکی جۆراو جۆری تێدا ئەنجام دەدەین وەك گۆرانی گوتن و چالاكی دیكەی هونەری و كەلتوری و فەرهەنگی.

گۆمی فێڵاو دەكەوێتە دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، بە دووریی نزیكەی ١٦٠ كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە، ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەکەن.

س.س

Comments are closed.