پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد – زنجیرەی ٢

پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد، کە پڕۆژەیەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەستیپێکراوە، بەمەستی دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستی ئەکادیمی تایبەت بە ژن.

لەوبارەیەوە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە دەربارەی ناوەندەکە و کارەکانی ئاڕاستەیان دەکرێت، هەروەها ڕوونی دەکەنەوە کە چۆن بیرۆکەکان لا گەڵاڵە بووە و ئامانجیان لێی چییە.

پرسیار: ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد له شاری سلێمانی باشووری کوردستان دامەزراوە، بۆچی ئەم شوێنەتان هەڵبژارد؟ کەی مەراسیمی کردنەوە ئەنجام دەدەن؟

وەڵام: بۆ جێگەی کتێبخانەکە گفوگۆیەکی زۆر کرا، ئەڵبەتە بۆ ژنانی کورد هیچ شارێک لە شارێکی تر یان گوندێک لە گوندێکی تری کوردستان گرنگتر نییە، بەڵام بۆ دامەزراندنی کتێبخانەکە هەڵبژاردنی شاری سلێمانی هەروا ڕێکەوت نەبوو بەڵکو هۆکاری خۆی هەیە. لەبەرئەوەی کتێبخانەکە ناوەندێکی هزری، ڕۆشەنبیری، کولتووری، ئاکادیمییە و شاری سلێمانی بەشاری ڕۆشنبیری ناسراوە لە مێژووی دامەزراندنی شارەکە تا ئێستا و کردنەوەی کتێبخانەکە لەوێ مانادارە.

لە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد-دا چەندین لایەن لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەشدارن

بێگومان  لە بونیاتنانی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد دا کە هەم پرۆژەیەکی نەتەوەیی ژنی کوردە و هەم پرۆژەیەکی گەردوونییە بۆ ژن بە گشتی. چەندین ڕێکخراو، دامەزراوە و کەسایەتی تری لە هەرچوار بەشی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەشدارن لە دامەزراندنی ناوەندەکە. وەک بوارە زانستی و ئاکادیمییەکەی زانستی ژن- ژنۆلۆژی ڕێنمایی زانستی و تیۆریی کتێبخانەکەدا ڕۆڵ دەبینێ و ئەزموونەکانی ژنانی تری کوردستان کە بۆچوون و دیدی جیاوازیان هەیە بەگرنگ دەبینێ. لە هەمان کاتدا ڕێبازەکانی زانستی ژن-ژنۆلۆژی ڕۆشنکەرەوەیە بۆ کاری ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد، کە ئێمە بە چ ڕێبازێک دەتوانین زانینی خۆمان بەرهەم بێنین، بپارێزین، بەشی بکەین و ڕێکخستنی بکەین. ئەڵبەتە ژمارەیەکی کەم لە ژن لە کۆمەڵگەدا بیر لە کاری زانست یان کاری ئەرشیف و بەڵگاندن یان کاری کتیبخانە دەکەنەوە، چونکە لە ژندا ترس لە دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانین و زانیاری دروست کراوە یان زانست و زانین لەبەرئەوەی مۆنۆپۆلکراوە، بۆ داماڵینی لە داگیرکاری و بەشکردن پێویستی بە تێکۆشان هەیە، تێکۆشان پێویستی بە خۆرێکخستنکردن هەیە، خۆڕێکخستنکردن پێویستی بە هزر و ئیرادەی ئازاد هەیە.

ئەوانەش هەمووی گرێدراوی یەکتر. کتێبخانە ڕۆڵی ئەوە دەبێنێت کە زەمینە بۆ ئەو پرۆسەیە بڕەخسێنێت. لە لایەکی تر دەستەی دامەزرێنەری کتێبخانەکە پلانسازی کردووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەندەکە بکاتەوە، بەرنامەیەکی فراوانی ئامادە کردووە هەم بواری کولتووری، هەم بواری هونەری، نیشاندانی کتێب و بەرهەمی ژن و زۆر بواری تر دەگرێتەوە.

پرسیار:  چۆن کارەکانتان دەهێننە ئاستی کتێبخانەکانی ژنان لە وڵاتانی تری جیهان؟ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە سەرنجتان لەسەر چی دەبێت؟ ئایا هەوڵدەدەن تۆڕێکی پەیوەندی لەگەڵ کتێبخانەکانی تری ژنان لە وڵاتانی دیکەدا دروست بکەن؟

وەڵام:  ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد لە سەر دوو بوار دامەزراوە یەکەم بوارێکی هەرێمیی کە کوردستان دەگرێتەوە و ئەوەش پێویستی سەرەکییە لە دامەزراندنیدا بەڵام بەشەکەی تری کە گەردوونیبوونی کتێبخانەیە هەم وەڵامدانەوەی پێویستیەکەی یەکەمە و هەم دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەزموون و یادەوەری و بەرهەمی ژنی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەش بکات و هەم ئەزموون و بەرهەم لە کتێبخانە و ئەرشیفەکانی تری ژنانەوە وەرگرێت. لە ئێستا کتێبخانەکە سەرقاڵی دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندییە لەگەڵ ژنانی کورد و ژنانی دیکەش کە کولتوور و باگراوندی جیاواز. لە ئێستا لە نێو تۆڕی فیلای کتێبخانە و ئەرشیفی ژنانی جیهانە. بە ڕێی کۆبونەوە، کۆنفرانس، ماڵپەڕ و لە ڕێی تۆڕێکی پەیوەندییەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە کتێبخانە و ئەرشیفی ژنان، فێمینست و جێندەر لە پەیوەندیدا دەبێت.

لە ڕێی ئەو پەیوەندییانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ژنی کورد و ژنانی جیهان ببینە وەڵام بۆ ئەو پرسیارەی کە ژنی کورد چی هەیە بۆ بەڵگاندن، چی هەبووە لە ڕابردوودا و لە مێژووی نزیکدا چی لێ زیاد کردووە و چۆن ئەو یادەوەرییە دەپارێزێت و دەگوازێتەوە. کتێبخانەکە ئەو بەرهەم و کتێبانە کۆدەکاتەوە کە یەکەم: کە لە لایەن ژنی کوردەوە نوسراوە یان بەرهەمهێنراوە چ نوسین، چ دەنگ و ڕەنگ. دووەم؛ ئەوانەشی لەسەر ژنی کورد نوسراون. مەرج نیە کە لەلایەن ژنی کورد خۆیەوە نوسرابێ بەڵکو لەسەر ژنی کورد نوسراوە بە هەر زمانێک بێ یان هەر کوێیەک بێ یان لە لایەن هەرکەسێکەوە نوسرابێت. سێیەمیش ئەو بەرهەم و کتێبانەشی کە گشتی بەڵام بۆ توێژینەوە لەسەر ژنی کورد وەک سەرچاوە سوودیان دەبێت.

پرسیار: ئامانج تەنیا ئەوەیە کە کتێبخانە بێت، یان ناوەندێکی ئەرشیف، یادەوەری و لێکۆڵینەوە؟ چ بەرهەم و کەرەستەیەک کۆدەکەنەوە؟ بڕیارتانداوە سەرنجت لەسەر بابەتی تایبەت بێ بە ژن بێ یان گشتی؟

وەڵام : کتێبخانەی ژنی کورد نابێتە جێیەک تەنیا بۆ بەڵگاندن بەڵکو بۆ هاندانی ژنان و گەنجانیش بەتایبەتی بۆ خۆدەربڕین لە هەر بوارێکدا، لە هەمان کاتدا بۆ بەڵگاندنی بەرهەمەکانیان، بۆ گێرانەوەی چێرۆکەکانیان و سەرپێهاتەکانیان. بۆ هاندانی ژن بۆ بیرکردنەوە، بۆ نوسین و خۆدەربڕین بەهەموو جۆرەکانیەوە و هەروەها بۆ بەشکردنی و بەستنی بەڕایەڵەی ژیان، کۆمەڵگە و سرو‎شتەوە. بەشکردنی وا لە زانین دەکات کە تەنیا نەبێتە توخمێکی مردوو بەڵکو زیندوو. ئەوەش دیدێکی نوێیە کە ئەرشیفکردن کارکردن نیە تەنیا لەسەر ڕابردوو بەڵکو زیندووهێشتنەوەی یادەوەرییە لە هەموو بوارەکانی ژیان و ڕێگرتنە لە دووبارەبونەوەی داگیرکاریی.

بەشێکی تری ناوەندەکە بواری لێکۆڵینەوەیە. لێکۆڵینەوە لە کولتوور، زمان، وێژە، هونەر، بواری سۆسیۆلۆژی و شیکردنەوەیان بەشێکی تر لە کارەکان. ئەم بەشە زیاتر لە دەرەوەی کتێبخانەکە بە تیمی گەڕۆک ساز دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی ژن و ئەنالیزکردنیان. ئەڵبەتە ئێمە لە سفرەوە دەست بەو کارە ناکەین بەڵکو زۆر بەرهەمی ژن کە لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە بەڵام ئەو لێکۆڵێنەوانە لە جێیەکدا کۆنەکراونەتەوە. کتێبخانەکە هەم جێیەکە بۆ پێشوازیکردن لە خوێنەر، نوسەر و هونەرمەند، ئاکادیمی ژن کە دەتوانێ کتێب وەرگرێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، بەرهەمی خۆی بناسێنێ و بەرهەمی ژنی کورد و ژنانی دیکەشمان پێبناسێنی و جێی چالاکی کتێب و لێکۆڵینەوەش دەبێت.

بەردەوامی هەیە..

ش. ئـ

Comments are closed.