ناوچە مینڕێژکراوە پاكنەكراوەکان هەڕەشە لەسەر ژیانی دانیشتوانی کۆیە دروست دەکەن

کۆیە

دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان، تائێستا سنووری شارۆچكەی كۆیە لە مین و پاشماوەی جەنگی پاك نەكراوەتەوە و چەندین كەس بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینانەوە گیانیان لەدەستداوە، پاكنەكردنەوەی سنوورەكە لە مین و تەقەمەنی هەڕەشەن لەسەر ژیانی دانیشتووانی سنورەكە.

ڕژێمی بەعس بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بزوتنەوەی چەكداری لە باشوری كوردستان و بە تایبەت  ناوچە سنور و شاخاوییەكانی مینڕێژكرد، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە، سەرەڕای ئامادەیی ڕێكخراوەكانی بیانی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە و پاككردنەوەی هەرێمی كوردستان لەمین، بەڵام حكومەتی هەرێم وەك هەموو سێكتەرەكانی تر لەو بوارەدا سەركەتوو نەبوو، بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینانەوە سەدان كەس بوونە قوربانی.

ڕزگار فەقێ محەمەد

ڕزگار فەقێ محەمەد، هاوڵاتیەكی شاری كۆیەیە كوڕێكی بەناوی محەمەد لە شاخی هەیبەسوڵتان مین پێیدا دەتەقێتەوە و گیانی لەدەست داوە، داواكارە سنورەكە لە مین تەقەمەنی پاك بكرێتەوە، تا چیتر كەسی تر نەبێتە قوربانی.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: دوای تێپەربوونی چەندین ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەڵام پاشماوەكانی ئێستاش مەترسی بۆ سەر هاوڵاتییانی قەزای كۆیە هەیە، چونكە ناوچەكە شاوخاویە بەشێكی زۆری مین ڕێژ كراوە.

ماوەی مانگێكە تیمەكانی دەزگای كاروباری مین لە شاخی هەیبەسوڵتان سەرقاڵی پاكردنەوەی ناوچە مینڕێژ كراوەكانن، و تائێستا زیاتر لە پەنجا مین و پاشماوەی جەنگیان هەڵگرتۆتەوە، لە كۆی زیاتر لە ١٧٠ هەزار مەتر  دووجا  تەنها سەدا پانزەی  پاكراوەتەوە.

جەبار مستەفا

جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان  لە شاخی هەیبەسوڵتان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وتی: لە قەزای كۆیە  ٢٦ كێڵگەی مینڕێژ كراو هەیە و زیاتر لە  یەك ملیۆن مەتر دووجا زەوی  مینڕێژ كراوە و بەشی زۆری ئەو ناوچانە دەكەونە  شاخی هەیبەسوڵتان و دۆڵی سماقوڵی و سكتان و گوندی نازەنین، كە بەشی زۆری ئەو ناوچانە  نزیكی ئاوەدانی و ناوچەی گەشتیارین.

باسی لەوەشكرد، تەنها لە سنوری قەزای كۆیە ٣٠٠ هاوڵاتی تائێستا بوونەتە قوربانی مین و پاشماوەی جەنگی، كە نزیكەی ٢٠ كەس گیانیان لەدەست داوە و جەختیكردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاكردنەوەی ناوچەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی توانای دەزگاكەیان سنوردارە ناتوانن هەموو ناوچەكە بەكاتێكی دیاریكراو  پاك بكەنەوە، چونكە  پێویستیان بە  ئامێری زیرەك و پێشكەوتوو هەیە كە تائێستا ئەوان بۆیان دابین نەكراوە.

ئەو تەقەمەنییانە تەنیا مەترسیان لەسەر هاوڵاتیان نییە، بەڵکو لەلایەکى دیکە مەترسیان لەسەر خودی ژیانى ئەو کەسانەش هەیە کە کاری هەڵگرتنەوەى بۆ دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن: مەترسییەکى گەورە لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام حکومەت وەک پێویست ئاوڕیان لێ ناداتەوە.

بێستوون فەرەج

بێستوون فەرەج یەكێكە لە  كارمەندانی دەزگاكە زیاتر لە دەساڵە  خەریكی پاكردنەوە و هەڵگرتنەوەی مینە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: بەردەوام ژیانمان لە مەترسی دایە، تائێستا هیچ شتێكی پێویستمان بۆ نەكراوە و حكومەت نەیتوانیوە دامانبمەزرێنێت كە تائێستا گرێبەستین، هەركاتێك شتێك بەسەرماندا بێت هیچ قەرەبوو ناكرێینەوە، چەندین  هاورێمان لەم كارەدا گیانیان لەدەست داوە و بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.

ماوەی مانگێكە تیمەكانی دەزگای كاروباری مین لە شاخی هەیبەسوڵتان سەرقاڵی پاكردنەوەی ناوچە مینڕێژ كراوەكانن، تائێستا زیاتر لە پەنجا مین و پاشماوەی جەنگیان هەڵگرتۆتەوە، لە كۆی زیاتر لە ١٧٠ هەزار مەتر  دووجا  تەنها سەدا پانزەی  پاكراوەتەوە

س.س

Comments are closed.