عێراق لەبارەی مەخموورەوە دانیپێدانا کە خواستی تورکیا جێبەجێ دەکات

بۆتان گەرمیانی

ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عێراق، بە دەیان زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورسەوە لەگەڵ پۆلیس و هێزی تایبەت دەوری کامپی مەخمووریان داوە و دەیانەوێت تەلبەندی بکەن، تاکە بیانووشیان پاراستنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ تورکیا و کۆتاییهێنانە بە گرتنەوەی ئاو و فشارەکانی تورکیا لەسەر عێراق.

شەوی ١٩ی ئەم مانگە سوپای عێراق هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی مەخموور کرد، لە ٢٠ی مانگ کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-یان لە مەخموور گەمارۆدا و هەوڵیاندا کامپەکە تەلبەند بکەن و ئابڵوقەی توند بخەنە سەر دانیشتوانەکەی.

لە بەرامبەردا دانیشتوانى کامپەکە، بەپێشەنگایەتی دایکان و ژنان دژى ئەو هەنگاوە چوونە بەردەم تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی عێراق و ڕێگرییان لەو کارە کرد.

دواتر لەلایەن سوپا و هێزە عێراقییەکانەوە هێرش کرایە سەر خەڵکەکە و کوێرانە گولەیان داباراند بەسەریاندا و لە ئەنجامدا دوو گەنجی کامپەکە برینداربوون، هەروەها گولـلە بەر هەندێک ماڵ کەوت.

سەرەڕای بوونی چەندین بەڵگە لەسەر هێرش و پەلاماردان و بریندارکردنی هاوڵاتیانى  کامپی مەخمور، کە وێنە و دیمەن لەبەردەستدایە و بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کەچی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند: هێزەکانیان هێرشیان نەکردووەتە سەر دانیشتوانى کامپی مەخمور و هیچ کەسیش بریندار نەبووە.

بۆ ڕۆژی دواتر عێراق هێزێکی تایبەت و زۆری لە موسڵەوە ڕەوانەی سەر کامپەکە کرد و بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەک و پۆلیس و هێزی تایبەت دەوری کامپەکەیاندا و هەوڵیاندا بە فشار و بەکارهێنانی هێز تەلبەندی بکەن و بەدەوری کامپەکەدا کۆنکرێت دابنێن، بەڵام خەڵکی کامپەکە بەرخۆدانییان کرد و دایکان لە پێشی پێشەوە وەستان.

دایکانی مەخمور کە ئێستا بەرگری لە کامپەکە دەکەن دەڵێن: “ئەوان چییان لە ئێمە دەوێت؟ ئێمە پەنابەرین و هەموو هاوڵاتی مەدەنین؟ هەتا یەکێک لە ئێمە هەبێت، ڕێگە نادەین کەمپەکە گەمارۆ بدرێت و تەلبەند بکرێت”.

ئەم ‌هێرشە ناڕەوایە بۆسەر کامپەکە ناڕەزایەتی و تووڕەیی کوردی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیداهێناوە، بەتایبەتی خەڵكی شارۆچکەی مەخموور کە دراوسێی کامپەکەن، بۆ پشتیوانی کردن لێیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و هەندێک چالاکوان خۆیان گەیاندە ناو ناڕەزایەتی و بەرخۆدانی دانیشتوانی کامپەکە.

هەروەها، غازی فەیسەڵ، فەرماندەی سەربازی لە ‌هێزەکانی پێشمەرگە، لە چیای قەرەچووخ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: دانیشتوانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی خەڵکی مەدەنی  و ڕۆشنبیرن، بێ زیان و بێ چەکن، هەتا ئێستا هیچ جۆرە زیانێکیان بۆ خەڵکی ناوچەکە نەبووە.

هەر لەم بارەیەوە، بێوار ئونڤەر، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کامپی مەخمور، ئاشکرای کرد، عێراق لەژێر کاریگەریی سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکەدایە و دەیەوێت فشار لە دژی گەلەکەمان بەکاربهێنێ.

ئەوەشی دووپات کردەوە، ٣٠ ساڵە پەنابەرن و لەبەرامبەر سیاسەتەکانى پەدەکە و دەوڵەتى تورک وەستاونەتەوە، بۆیە ئەوان بە هیچ شێوەیەک سەرشۆڕیی  و بێ ئیرادەکردن پەسەند ناکەین.

لەسەر ئەم هێرشە، کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە، هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، دەوڵەتی فاشیستی تورک و هاوکارەکەی پەدەکە، لە پشت هێرشەکەی سەر مەخمورەوەن هەربۆیە بانگەواز لە هەموو گەلی کوردستان دەکەین، کە پشتگیری لە مەخمور بکەن، کەجەکە داوایکرد،  حکومەتی عێراق دەست لەم هەڵوێستەی بەرامبەر کامپى مەخمور هەڵگرێت، چونکە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی خەڵکی مەخمور، خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات.

بەرپرسانی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا دانیانپێداناوە کە بەم کارە خواستی تورکیا جێبەجێدەکەن، بەوەی کە هیچ بیانوویەکیان لەدەستدا نییە بۆ ئەم هێرشە، جگە لەوەی کە دەڵێن:” کامپەکە بووە بە مەترسی بۆسەر دەوڵەتێکی دراوسێ و کاریگەریی کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و دەوڵەتێکی دراوسێ” کە مەبەست لێی تورکیایە.

هەروەها بە وتەی دایکانی مەخموور، بەرپرسانی سوپای عێراق پێیان وتوون: ئێمە ناچارنین بەهۆی ئێوەوە باجی بێ ئاوی بدەین، بە گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات، لەلایەن دەوڵەتێکی دراوسێوە، کە هەردوو ڕووبارەکە لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێت بۆ ناو خاکی عێراق و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، وەک چەکێک دژی عێراق بەکاریدەهێنێت.

ئەم هەوڵەی عێراق لە کاتێکدایە، کە لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٠، لە دوای کوشتنی عوسمان کۆسە بەرپرسی هەواڵگری دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە هەولێر، بە فەرمانی ئەردۆغان پەدەکە گەمارۆی خستەسەر کامپی مەخموور و ڕێگای هەولێری بەڕوویاندا داخست، ئێستاش دەیانەوێت لە ڕێگای سوپای عێراقەوە بەتەواوەتی کامپەکە ئابڵوقە بدەن و تەلبەندی بکەن.

هـ. ح

 

Comments are closed.