لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی؛ چەندین کەس دەستگیرکران

ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی بۆ سەر چەندین ماڵ ئەنجامدرا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین کەس دەستگیرکران لەناویاندا هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی نسێبینی تێدایە .

ئەمڕۆ سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییانی ناوچەکانی نسێبین و قۆسەر لە پارێزگای مێردین. لە ئەنجامی ئەو هەڵکوتانەدا لە گوندی مەندەرە لە نسێبین، شیار کۆچ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی نسێبین، کوێخای گوندەکە بە ناوی فارس ئالاک و هاوڵاتییەک بە ناوی فرات دەمیر دەستگیرکران.

هەر لەو هەڵکوتانەدا لە قۆسەر، مەحمود دامار، هاوسەرۆکی دەبەپەی قۆسەر و هاوڵاتیان مەتین یڵماز و سامی ئیلدەم دەستگیرکران.

بەپێی سەرچاوەکان بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی ڕێکخستن” دەستگیرکراون و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

هاوکات لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک، کە لەلایەن داواکاری گشتیی مێرسینەوە ئەنجام دەدرێت، پۆلیس لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتالیا، ئەدەنە و ئیزمیر لە یەک کاتدا هەڵیکوتایە سەر ٢٨ ماڵ و شوێن. لەو هەڵکوتانانەدا بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، توای-دەر لە چوکورۆڤا و کەسوکاری زیندانییان دەستگیرکران. ئاماژە بەوەدەکرێت، ئەو هەڵکوتانانە بە تۆمەتی  “پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن” و “هاوکاریکردنی دارایی زیندانییان” بەڕێوەدەچێت و هێشتا پشکینین و لێکۆڵینەوە لە بینای توای دەر لە چوکورۆڤا بەردەوامە.

ئۆزکان یاڵچن، برای ڕۆژنامەنووس هاکان یاڵچن-یش دەستگیرکراوە، هاکانی ڕۆژنامەنووس لە ١٦ی ئایار ئازاد کرابوو. ئۆزکان لە ئەنقەرە دەستگیرکرا و لەلایەن پۆلیسەوە توندوتیژی و ئەشکەنجەی بەرامبەر ئەنجامدراوە  لەئەنجامدا بنەماڵەی پاڵچن لە دژی دڕندەیی و توندوتیژیی و ئەشکەنجەی پۆلیس سکاڵایان تۆمار کرد

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، دەلال ئاکیوز پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ئیزمیر دەستگیرکراوە،  ئاکیوزیش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی کۆماری لە مێرسین دەستگیرکرا و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیزمیر لە چانکایا کراوە.

ر.س

Comments are closed.