داوا دەکرێت بەشار ئەسەد دادگایی بکرێت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، بەشار ئەسەد بە “کوشتنی سەدان هەزار کەس و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی” تۆمەتبارە و دەبێت دادگایی بکرێت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند “دەبێت ئەسەد دادگایی بکرێت، شەڕکردن دژی تاوان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران، بەشێکە لە دیپلۆماسییەتی فەرەنسا.”

کاترین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوی فەرەنسا دەڵێت: دەبێت ئەوەمان لەبیربێت، کە بەشار ئەسەد کێیە؛ ئەو سەرکردەیەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ دوژمنداری لەگەڵ گەلەکەی کردووە.”

کاترین لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر حکومەتەکەی ئەسەد ڕایگەیاند، ئەگەر ئەسەد نەگۆڕێت و پابەندی ئاشتەوایی، شەڕی تیرۆر و شەڕی ماددە هۆشبەرەکان نەبێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان بەرامبەری بگۆڕین. پێموایە کە ئەوە ئەسەدە دەبێت بگۆڕێت؛ نەک فەرەنسا هەڵوێستی خۆی بگۆڕیت.”

ئەمە لەکاتێکدایە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ئەوە لەگەڵ دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی خۆپیشاندان و جەنگ لەو وڵاتە دەستیپێکرد و زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، جەنگی سوریا بویە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.

دوای سڕکردنی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی و دانانی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دیمەشق، لەمساڵدا سووریا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان ئاسایی کردووەتەوە و رۆژی یەکشەممە،٧ـی ئایاری ٢٠٢٣ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن، لە دواهەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە ١٩ـی ئایار، لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد وەک سەرۆکی سوریا بەشداری کرد.

 

ر.س

Comments are closed.