خێزانێکی کورد بە زۆرەملێ دیپۆرتى وڵاتی بۆسنە دەکرێنەوە

ناوەندى هەواڵەکان

دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران بڵاوی کردەوە، لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی کرواتیا کۆچبەران بە کۆمەڵ لە ڕێگەی پاسەوە دیپۆرتى بۆسنە دەکەنەوە و لەناویاندا خێزانێکی کوردیش بە زۆرە ملێ دیپۆرتى وڵاتی بۆسنە کرانەوە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویان کردەوە، لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی کرواتیا کۆچبەران بە کۆمەڵ لە ڕێگەی پاسەوە دیپۆرتى بۆسنە دەکەنەوە.

هەرچەندە ڕێکخراوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم کارانە مافی پەناخوازان پێشێل دەکەن، بەڵام کرواتیا بە مامەڵەکردن بەپێی ڕێککەوتنێکی دوولایەنە لەگەڵ دراوسێکەی، پاساو بۆ ئەوە کارە دەهێنێتەوە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگاکەمان کۆچبەران بە گەورە و بچووک بە پاس لە کرواتیاوە سنووری باکووری بۆسنە و هەرزەگۆڤینا دەبڕن و بەرەو کامپەکانی کۆچبەران لە شاری لیبا و پۆرێچیچ دەبرێن .

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ٣١ی ئازاردا “سەدان کۆچبەر بە پاس لە کرواتیا هاتوونەتە ناو بۆسنە” و دواتر خەڵکەکە گواستراونەتەوە بۆ کامپی لیپا، کە زۆر نزیکە لە شاری سنووری بیهاک لەگەڵ کرواتیا.

باس لەوەشکراوە، لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچونەکانی دەزگای لوتکە دەرکەوتوە لە ناو ئەو کۆچبەراکاندا خێزانێکی کورد دیپۆرت کراون بۆ بۆسنە و بەڵگەنامەیان پێ واژو کراوە بە بێ ئەوەی تێبگەن چی نووسراوە لە بەڵگە نامەکاندا.

دەشڵێن، بە پێی زانیاریەکانمان سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، خێزانێکی کورد،  کە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری کرواتیادا نیشتەجێ بوون دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئەو شوێنەی، کە بە “زیندانێکی ژێرزەمینیی” وەسفی دەکەن و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەوێ ماونەتەوە، بەبێ قەرەوێڵە و بەتانی، یان بەشی پێویست خواردن.

ڕاشیانگەیاندووە، دوای خێزانەکە بۆ ماوەی چوار شەو گواسترانەوە بۆ ناوەندێکی دەستبەسەرکردن، دواتر گواسترانەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لەوێشەوە دەسەڵاتدارانی کرواتیا بە پاس بردویانن بۆ بۆسنە.

هەربە پێی زانیاریەکان، ئەو خێزانە کوردە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کرواتیاوە پێیان گوتراوە، کە گەڕانەوەیان بۆ کرواتیا بۆ ماوەی ساڵێک قەدەغەیە، ئەگینا بۆ ماوەی ١٨ مانگ زیندانی دەکرێن، کە ئەمەش دژی تەواوی مافەکانی پەنابەرە .

ئ.م

Comments are closed.