نەتەوە یەكگرتووەكان: هاوڵاتیانى مەدەنی لە جەنگەكاندا ناپارێزرێن

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕەخنەی لە “شكستهێنان”ی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت، لە “پاراستنی” هاوڵاتیانی مەدەنی لە كاتی جەنگەکاندا، بەجۆرێك لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی قوربانیانی شەڕ و كارەساتە مرۆییەكانیان نزیكەی ١٧ هەزار كەس بووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕایگەیاند، سەبارەت بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە كاتی شەڕی چەكدارییەكاندا ڕاستییەكان ترسناكن و دەریدەخات جیهان شكست دەهێنێت لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لەبارەى پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو بەڵێنانەی لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا چەسپێنراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نەتەوە یەكگرتووەكان لانیكەم ١٦ هەزار و ٩٨٨ قوربانی مەدەنی لە ١٢ شەڕی چەكداریدا تۆماركردووە، كە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٥٣% زیادیكردووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دەشڵێت، ئۆكراین لە كۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە لە ژێر هێرشەکانى ڕووسیادایە، نەتەوە یەكگرتووەكان كوژرانی حەوت هەزار و ٩٥٧ مەدەنی و برینداربوونی١٢ هەزار و  ٥٦٠ كەسی تۆمارکردووە، هەرچەندە پێدەچێت ژمارەکان زیاتر بن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاشكرایكرد، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١١٧ ملیۆن كەس بەدەست كەمیی خۆراكی توندەوە گیرۆدە بوون و هۆكاری سەرەكی ئەوەش “جەنگ و نائارامى” بووە.

هەروەها، میرجانا سپولجاریچ، سەرۆكی لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لەم ساتەدا خەڵكێكی بێشومارى مەدەنی بەهۆى جەنگەکانەوە ئاوارەى وڵاتانى دیکە بوون و لە دۆخێکى زۆر خراپدا دەژین.

لە میانی كۆبونەوەكەدا، ئالان بێرسیە، سەرۆكی سویسرا هۆشداریدا لەوەی بە ئەنقەست برسیكردنی خەڵكی مەدەنی تاوانی جەنگە، ڕەخنەی لە وڵاتانی وەك كۆنگۆ، سودان، ساحل عاج، سۆماڵ، ئەفغانستان گرت، چونکە لە ئەنجامی ململانێكانیان ئازارى خەڵكی مەدەنی دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.