ڕۆژنامەنووسان: دەبێت ڕووداوەکەی مەخموور بەجیهانی بکرێت

بڕوا ئەسعەد

ڕۆژنامەنوسان دەڵێن: دەبێت ئەم ڕووداوەی مەخموور بکرێت بە جیهانی، بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکان هەڵوێستەی لەسەر بکەن، نابێت ڕێگریی لە ڕووماڵ کردنی بکرێت، دەشڵێن: ئێستا ئەرکی هێزە کوردییەکانە، لەگەڵ حکومەتی عێراقی دانیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، نەک ئەوەی هێزێک بێت و بیان خنکێنێت.

لەبارەی هێرش و هەوڵەکانی سوپای عێراق، بۆ تەلبەند کردنی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور و ڕیگریی کردن لە ڕووماڵکردنی ئەو دۆخە، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

جوتیار قادر

جوتیار قادر، نوسەر و ڕۆژنامەنووس، کە لە هەمانکاتدا خەڵکى مەخموورە بۆ ڕۆژنیوز وتی: پەنابەرانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، سەرەتا لە کامپەکانی بادینان بوون، بە هۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک، دەیویست کۆمەڵکوژیان بکات و بەردەوام هێرشی دەکردە سەریان، بە ناچاری لەم کامپەی ئێستا نیشتەجێ بوون.

وتیشى: دانیشتوانى کامپى مەخموور لە ژێر سیادەی حکومەتی عێراقدان و دەبێت حکومەت پاڵپشتیان بکات و بیانپارێزێت، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پلەی یەکەم ئەرکیانە پەنابەرانی کامپی مەخموور و هەموو پەنابەرانی دیکە بپارێزن.

جووتیار قادر لەبارەی پڕوپاگەندە و بیانووەکانی عێراقەوە کە دەڵێت “کامپەکە جێگەی مەترسییە”، وتی: پەنابەرانی کامپی مەخموور لە کاتی هاتنی داعش، ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە بەرپەرچدانەوە و ڕووبەڕووبونەوەی داعش، هاوشانی هێزە کوردییەکان و پێشمەرگە، تەنانەت مەسعود بارزانی سەردانی کردن، بۆ کامپەکە و لەگەڵیان دانیشت و سوپاسی کردن.

ئاماژەى بەوەش کرد، ئێستا ئەرکی هێزە کوردییەکانە، لەگەڵ حکومەتی عێراقی دانیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، نەک ئەوەی هێزێک بێت و بیان خنکێنێت، پەنابەرانی ئەو کامپە بەشێکی گەورە بوون لە پاراستنی خەڵکی مەخموور، ئەوان مەخمووریان ئاوەدان کردووەتەوە کردوویانە بە شوێنێکی جوان.

سەبارەت بە ڕێگریی ڕووماڵکردنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن سوپای عێراقەوە، لەسەر ڕووداوەکانی مەخموور ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: بە دەستهێنانی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان دەبێت لە هەموو بوارێکدا فەراهەم بکرێت، ڕۆژنامەنووس دەبێت ئازادبێت لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن چی ڕوودەدات، لە یاسای ڕۆژنامەنوسیشدا، نابێت ڕێگریی لە کاری ڕۆژنامەوانی بکرێت.

سۆما خالید

هەر لەم بارەیەوە سۆما خالید، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، بەداخەوە ڕێگریی لە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، لە ڕووماڵ کردنی ڕووداوەکانی مەخموور، لەکاتێکدا ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە ڕوماڵى نەهامەتی و ڕووداوەکان بکەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە، دەبێت ئەم ڕووداوەی مەخموور بکرێت بە جیهانی، بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکان هەڵوێستەی لەسەر بکەن.

وتیشى: هەموو ڕێگرییەک لە کاری ڕۆژنامەنووسی بە پێشێلکردن هەژمار دەکرێت، هاوکات ساردییەک لە میدیاکاندا دەبینرێت، کە هەندێکیان گرنگی بەو ڕووداوە نادەن، ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە دامەزراوە میدیاییەکان سەر بە حزبەکانن، ڕوماڵ نەکردنی میدیاکان وا دەکات ژیانی ئەو پەنابەرانەی ئێستا گەمارۆیان لە سەرە قورستر ببێت.

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق، کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودییان لە مەخموور گەمارۆ داوە، دەیانەوێت کامپەکە تەلبەند بکەن، دانیشتوانی کامپەکەش لە دژی ئەم بڕیارە دەستیان بەبەرخۆدان کردووە و ڕێگا نادەن تەلبەندیان بکەن.

ئ.م

Comments are closed.