بەهۆی پەراوێزخستنی لەلایەن حکومەتەوە هەڵەبجە کار و گوزەرانی تێدا نەماوە

هەرێم قادر

هاوڵاتیانی هەڵەبجە نیگەرانن لەخراپی دۆخی شارەكەیان و باس لەوە دەكەن، بازاڕ بەتەواویی چۆڵ بووە و كار و گوزەرانی تێدا نەماوە، هەروەها سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی ئەم كابینەیە بە بەرپرسیار دەزانن لەو دۆخە خراپەی خەڵكی تێدایە.

بەرپرسانی یەنەكە چەندین جار ڕایانگەیاندووە، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سنووری سلێمانی پێشتگوێ دەخات و ئەمەش هۆكاری سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان پەدەكە و یەنەكەیە و ئەو سیاسەتەی حكومەت، كاریگەریی كردووەتەوە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان.

هادی محەمەد

پارێزگای هەڵەبجە یەكێك لەو ناوچانەیە، کە باجی سیاسەتی حكومەت دەدات و بەوتەی هادی محەمەد، كە هاوڵاتییەكی پارێزگاكەیە، ژیان و گوزەرانی خەڵك هیچ باش نیە و بازاڕ بەتەواویی چۆڵبووە و كار و كەسابەتی تێدا نەماوە.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی ئەم كابینەیە بەرپرسن لەو دۆخە خراپەی خەڵكی تێدایە، بەرپرسان ناتوانن بێن سەیریی جادە و بان و ژیانی خەڵك و میللەت بكەن، بزانن میللەت هیچی هەیە یاخود نا، لەكاتێكدا پارە و داهاتی باشیان هەیە.

ئەحمەد حسێن

ئەحمەد حسێن، هاوڵاتییەكی دیكەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەوەی موچەیەكی نەبێت ژیانی بەتەواویی خراپە، كاروكەسابەت لەبازاڕدا هیچ نەماوە، هەر كۆمپانیاو كارێكیش هەبێت هی حیزبەكان خۆیانە، كەسی خۆیان هەیە نایەڵن خەڵكی دیكە سودی لێوەربگرێت.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی: ژیان و گوزەران لەناوبازاڕی هەڵەبجەدا وێرانە، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەرپرسن لەخراپی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان.

س.س

Comments are closed.