ڕۆمانی میری خانزادی ئارێز عەبدوڵا بڵاوكرایەوە

ڕۆمانی میری خانزاد، كە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەنەكە نوسیویەتی، بڵاوكرایەوە و نووسەر لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت، لێهاتوویی ئەو میرە ژنە وایكردووە ئەو ڕۆمانە بنوسێت و ئەو چیرۆكانەیشی لەسەر میرخانزاد وتراوە لە كتێبەكەدا جێگەی كردووەتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، لە شاری هەولێر بۆردی ژنانی ئازاد بە هاوکاری یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، کۆرێکیان بۆ ناساندنی کتێبی میری خانزاد ڕێكخست، كە نوسەرەكەی ئارێز عەبدوڵایە.

ئەمە دووم كتێب و ڕۆمانی ئارێز عەبدوڵایە، لەسەر میرنشینی سۆران و پێشتر كتێبی پاشای گەورەی سۆرانی نوسی و بڵاوی كردەوە.

ئارێز عەبدوڵا دەربارەی كتێبەكەی دەڵێت: لەسەرەتادا کچێکی وەکو میر خانزاد لە ترۆپی دەسەڵاتدا بە نامۆ دەبینرا، کە گومان لە توانای بەرێوەبردن و کارگێڕیی دەکرا، بەڵام وەکو ژنە کوردێک شێرانە لە مەیداندا ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان بوویەوە بەسەریاندا زاڵبوو، بەهێز و بازووی خۆیی دەبێتە سەردار و دەیسەلمنێت کە نێر و مێر وەک یەکەن جیاوازنین.

لەبارەی ئامانجی نوسینی كتێبەكەوە وتی: ئامانجم نیشاندانی و زیندوکردنەوەی مێژووی گەلی کوردە، کە هەمیشە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە مێژووی نەتەوەی کورد شێوێندراوە، جگەلەوەش باسی ڕۆڵ و کاریگەری ژنانی کورد کراوە لە بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلی کورد، کە تێیدا ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە لە بەرێوەبردن.

نووسەری ڕۆمانی خانزاد لە مەراسیمەكەدا زیاتر لە بارەی كتێبەكەوە قسەی كرد و ئاماژەی بەوەكرد، میر خانزاد ٤٠٠ساڵ بەر لە ئێستا فەرمانڕاویەتی میرنشینی سۆرانی کردووە، لەکاتێکدا دوو هێزی گەورەی وەک عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، ململانیان لەسەر داگیرکردنی خاکی کوردستان کردووە، ئەم ژنە ملکەچی هیچ لەم هێزانەنەبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر باش و دادپەروەرانە دەسەڵاتەکەی بەرێوبردووە.

نوسەری کتێب لەبارەی نوسینی ڕۆمانەکە سوودی لە سەرچاوە مێژوویەکان وەرگرتووە و هەروەها، ئەو چرۆكانەی لەسەر میری خانزاد وتراوە لە كتێبەكەدا جێگەی كردووەتەوە.

لەسەرەتاکانی سەدەی حەڤدەیەمەوە، کچێک لە نێو بنەماڵی میرانی سۆران، دوای مردنی میر سلێمانی میری سۆران، ئەرکی بەڕێوەبردنی سنوری قەڵەمڕەوی میری سۆران دەکەوێتە سەرشانی، لێهاتووی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا ناوبانگی میری خانزادی بە زیندویی هێشتووەتەوە .

س.س

Comments are closed.