لە سویسرا گەمارۆدانى سەر کامپى مەخمور شەرمەزار کرا

ناوەندى هەواڵەکان

لە چالاکیی داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری ژنێڤ، گەمارۆی سەر کامپى مەخمور لەلایەن سوپاى عێراقەوە شەرمەزار کرا.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کات کاتی ئازادییە”، چالاکیی دانیشتن لە ٢٥ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نوسینگەی نەتەوەیە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ بەردەوامە، ئێستاش گەیشتووەتە مانگی ٢٩ یەمین.

لە چالاکیی ئەم هەفتەیەدا بۆ داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەمارۆکەی سوپای عێراق بۆ سەر کامپی مەخمور شەرمەزار کرا.

لە چالاکییەکەدا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا دژی هەوڵەکانی عێراق بوەستێتەوە لە گەمارۆدانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و گەمارۆکە کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە کامپەکە لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

پاشان لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی، هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد، محەمەد لەتیف چەلەبی، باسی لەوە کرد، لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردەکان نیشتەجێن، هێرشەکان زیاتر بوون.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵى گەمارۆدانى کامپى مەخمور گرێدراوە بە گۆشەگیرییەوە و دەیانەوێت تۆڵە لە گەلی کورد بکەنەوە.

محەمەد لەتیف چەلەبی ڕاشیگەیاند، گەلی کورد لە هەموو شوێن و دۆخێکدا خاوەندارێتی لە ڕێبەرەکەی دەکات لەو چوارچێوەشدا ئەم جۆرە چالاکیانە گرنگیەکى زۆرى هەیە.

ئ.م

Comments are closed.