جوانییەكانی سروشت بۆ ڕووباری سیروان دەگەڕێتەوە

گەرمیان

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە قەدەغەکردنی کارکردنی کارگەکانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان، جوانییەكانی سروشت بۆ ڕووبارەكە دەگەڕێتەوە و بەوتەی چالاكوانان و ئەو كەسانەی سەردانی سروشتەكەی دەكەن، سروست و دارستانی سەر ڕووبارەکە بوژانەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت: ڕێژەی سەوزایی و دارستانەکان ٥۰ ٪ زیادیکردووە.

لەسەرەتایی ساڵی ۲۰۲۲ ئیدارەی گەرمیان بەفشاری چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە، بۆ ڕێگریکردن لە وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی سەر ڕووباری سیروان، چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە گرنگترینیان قەدەغەکردنی کارکردنی سەرجەم کارگەکانی چەو و لمی سەر ڕووباری سیروان بوو، ئەكات چالاكوانان هۆشدارییاندا لەوەی، ئەگەر كاری غەسالەكان ڕانەگیرێت سروشتی ڕووبارەكە و دەوروبەری بە تەواوی لەناودەچێت.

مەریوان سوبحانی

بەوتەی مەریوان سوبحانی، كە کاری فۆتۆگرافەری دەکات و لەهەمان کاتدا ژینگەپارێزە، ئەو وێنانەی ساڵی ۲۰۱۱ گرتوویەتی لەسەر ڕووباری سیروان و سروشتی دەوروبەری، بەراورد بە ئێستا گۆڕانیاری زۆری تێدایە و دەڵێت: پێشووتر زیادەڕەوی زۆرکراوە، بەڵام خۆشبەختانە لەو کاتەی ئیدارەی گەرمیان بڕیاری کارکردنی کارگەکانی چەو و لمی قەدەغە کرد، ئەمەش وایکرد دارستانی ناوچە بوژایەوە.

ئەو ژینگەپارێزە بە گرنگی دەزانێت، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام چاویان لەسەر سروشت و دارستانەكانی سەر ڕووباری سیروان بێت و لە بڕینەوە و سوتان بیانپارێزن.

ڕووباری سیروان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە و لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و دەربەندیخاندا بەنداوی دەربەندیخانی لەسەر هەڵبەستراوە، ئەو ئاوەی بەنداوی دەربەندیخان بەری دەداتەوە پێیی دەوترێت ڕووباری سیروان و بە تەنیشت شارۆچكەی كەلاردا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە بەنداوی حەمرینەوە.

ئەیاد محەمەد

ئەیاد محەمەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و یەکێک لەو کەسانەی لەڕابردوو، لەگەڵ چەند کەسێکی تر کاریان بۆ لابردنی کارگەکانی چەو و لم کرد دەڵێت: یەکێک لەوبڕیارانەی، کە بەلای ئێمەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەوە زۆر گرنگ بوو، گۆڕینی کارکردنی کارگەکانی چەو و لمە لە غەسالەوە بۆ کەسارە، دوای زیاتر لەساڵ و نیوێک دەبینی سروشتی ڕووبارەکە بوژاوەتەوه و ئەمەش تەنها بەردەوامییدانی چاودێریکردنی دەوێت، بەم کارەش دەتوانرێت دارستانێکی سروشتی گەورە لەسەر ڕووباری سیروان دروست بکرێت، سودی بۆ ژینگەی ناوچەکه دەبێت و دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری بۆ گەرمیان و کوردستان.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان باس لەوە دەكات، بەراورد بەدووساڵی ڕابردووی ڕاگرتنی کاری کارگەکانی چەو و لم، دارستانەکانی سەر ڕووباری سیروان بەڕێژەی ٥۰ ٪ زیادی کردووە.

ڕەشید بەکر

ڕەشید بەکر، بەڕێوەبەری دارستان وپاوانی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: تەنها کارگەکانی چەوولم هۆکارنین بۆ تێکدانی ژینگە و دارستانەکانی سەر ڕووباری سیروان وکەمبونەوەی ڕێژەی سەوزایی، بڕینەوەی دار و سەرپێچیکردن و ئاگرگرتن و ئاگرتێپەردان هۆکارن، ئەمانەش لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە کۆنترۆڵکراوە.

س.س

Comments are closed.