فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار ڕایگەیاند، کە لەیلا سورخوێن فەرماندەی هەپەگە و یەژاستار، لە چیای بەستا شەهید بووە.
دوێنێ فەرماندەیی بڕیاگەی ناوەندیی یەژاستار بڵاویکردەوە، لەیلا سورخوێن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و ئەندامی مەجلیسی پژاک و ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژاستار لەیلا سورخوێن (هامیەت یاڵچین کایا) لە جەنگدا لە چیای بەستا شەهید بووە.
لەو بارەیەوە هەریەکە لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل – نەپەگە و فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار، ڕاگەیەندراویان لەبارەی شەهید بوونی ئەو فەرماندە ژنە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە ژیانی پڕ تێکۆشان و خەباتی کردووە، هەروەها دووپاتیان کردووەتەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانی شۆڕش و کوردستانی ئازاد، تێکۆشان و خەبات گەورەتر و بەهێزتر دەکەن.
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە “ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و ئەندامی مەجلیسی پاژاک و ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژا ستار، فەرماندەی هێژامان لەیلا سۆرخوێن (هامیەت یاڵچین کایا)، کە لە ئامەد لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری داکۆکیکار لە ناسنامەی کوردی لە دایکبووە و گەورە و پەروەردە بووە، بەو سروشت و جەوهەرەوە بە شێوەیەکی زۆر سادە، سروشتی، قارەمانانە، فیداکارا و ئازایانە خەبات و تێکۆشانی ۳۱ ساڵەی خۆی بەڕێوەبرد و بەو تێکۆشانەی خۆی هەڵوێستی ژنی ئازادی لە کەسایەتیی خۆیدا بەرجەستە کرد، لە ئۆپراسیۆنی دوژمن لە ۲۲ و ۲۳ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۳ لە بەستا لەگەڵ ٦ هاوڕێی ژن-دا دوو ڕۆژ قارەمانانە بەرەنگاری و شەڕیان کرد و شەهید بوون.
هەروەها، بە ناوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستارەوە، سەرەخۆشی هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرە هێژاکەی دەردەبڕین و بە خەڵکی ئامەد، کە ژمارەیەکی زۆر ڕۆڵەی خۆی لە پێناو وڵات و ژیانی ئازاددا بەخشیوە، دەڵێین، لە کەسایەتییاندا سەرەخۆشی لە هەموو گەلەکەمان دەکەین. ئێمە وەک هاوڕێیانی تێکۆشانی بە رێز و پێزانینەوە یادی هاوڕێ لەیلا سورخوێن و شەهیدانی بەستا و هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە. لە کەسایەتیی لەیلا ئامەد و شەهیدانی بەستا دا بەڵێنی خۆمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانی شۆڕش و کوردستانی ئازاد دووپات دەکەینەوە، کە بۆ ئەوەش تێکۆشان و خەباتی خۆمان گەورەتر و بەهێزتر دەکەین.
هاوکات فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل – نەپەگە، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە ژیانی پڕ تێکۆشانی فەرماندە لەیلا سورخوێن کردووە، ڕایگەیاندووە، هەموو گەریلاکانی کوردستان دەبنە لەیلا.
فەرماندەیی بڕیارگەی نەپەگە؛ “هاوڕێمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و فەرماندەی گۆڕەپانی بۆتان لەیلا سورخوێن لە ٢٢-٢٣ی کانونی دووەمدا لە ئەنجامی پێکدادان لە بەستا شەهیدبوو. لە بەهاری تەمەنی گەنجیدا بەشداری لە ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی کرد. هەموو کات بە گیانبازییەکی گەورە و پڕاوپڕ لە ئەوینی ئازادی بوو و لە ژیانی تێکۆشانیدا بەردەوام بە بوێری و قارەمانێتی جوڵایەوە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی فەرماندە قارەمانەکانمان و گەلانی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. سەری هەموو هێزەکانی گەریلامان لە چیاکانی بۆتان کە بە گیانبازییەکی گەورە و بە بڕیاردارییەکی گەورە درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدەن و هەروەها هەموو هاوڕێیانمان لە هەموو گۆڕەپانەکان ساغ بێت. بەڵێن دەدەین، کە ئەو ئاڵایەی، کە هاوڕێمان لەیلا لە باکوری کوردستان شەکاندوویەتیەوە بە شەکاوەیی رایبگرین، یادی بە زیندوویی بهێڵینەوە و رێگەنەدەین خوێنی بە فیرۆبچێت و تۆڵەی بکەینەوە.
ش. ئـ
Comments are closed.