پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد – زنجیرەی ٤

پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد، کە پڕۆژەیەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەستیپێکراوە، بەمەستی دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستی ئەکادیمی تایبەت بە ژن.

لەوبارەیەوە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، کە دەربارەی ناوەندەکە و کارەکانی ئاڕاستەیان دەکرێت، هەروەها ڕوونی دەکەنەوە، کە چۆن بیرۆکەکان لا گەڵاڵە بووە و ئامانجیان لێی چییە.

ئایا بەرهەم و کەرەستەکانی کتێبخانەکە کراوە دەبن بەڕووی گشتیدا؟ بە دڵنیاییەوە لە ژوورەکانی ناوەندەکەدا ئایا پەروەردە و سیمینار ئەنجام دەدەن؟ ئایا پلانێکتان بۆ ئەوە هەیە؟

وەڵام : بەڵێ بیرمان لە هەموو ئەو بوارانە کردەوە، بە قوڵی گفتوگۆمان لەسەر کرد. دەمەوێ لێرەدا وەڵامی پرسیارەکەتاندا ئاماژە بە هەندێ لە ناوەرۆکی گفتوگۆمان بکەین. بیرمان لەوە دەکردەوە، کە ئێمە لە ڕێی ئەم کتێبخانەوە چی تری نوێ بخەینە سەر ئەزموونی کتێبخانەکان یان ئەرشیفی جیهان لە ڕووی ڕێبازەوە. چی تر نوێ پێشکەش دەکەین لە ڕووی بەڵگاندن؟. بێگومان لەولاتری درێژەدان بەوەی، کە تا ئ
ئێستا کراوە، هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکان، لە هەمان کاتدا بە دیدی ژن نوسینەوەی مێژوو و پاراستنی یادگای ژن و شیکردنەوەی سۆسیۆلۆژیانە لەسەر ئەوانەی، کە نوسراوە، گرنگە. کاتێ دەڵێن دیدی ژن تەنیا لە دیدێکی ڕەگەزییەوە نا، بەڵکو لە دیدی نێودەوڵەتیەوە، لە دیدێکی کۆمەڵگەییەوە، لە دیدێکی دیموکراتیانەوە، لە دیدی ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنەوە.

پرسیاری ئەوەی، کە ئایا ژن مێژووییەکی هەیە؟ ژن نەک تەنیا وەک ڕەگەزێک، بەڵکو وەک جەوهەری کۆمەڵگە، وەک بوونێکی کۆمەلایەتی، سیاسی و مێژوویی و کولتووری گرنگە، کە لەو ڕوانگەیەوە مێژووی ژن بنوسرێتەوە. زهنیەتی پیاوسالاری داگیرکەر، لە زۆر فۆرمدا مێژووی داگیرکردووە و وەک مێژووی خۆی نوسیویەتیەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و ژن بە تایبەتی لەو مێژووە نوسراوەدا نین. کتێبخانە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی ئەو یادگا مێژووییەی دیارنیە، یا نابینرێت یان نەنوسراوەتەوە. ئەمە دەتوانێ بەرهەمی ژن لە شێوەی کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕۆژنامە، نامیلکە، تێزی خوێندنگە و هتد. دەکرێت شیعر، ڕۆمان، یادەوەری کەسایەتی، لێکۆڵێنەوە، وێنە،حیکایەت، تەندروستی و شیفاگەریی، دەنگبێژی، دەقی میتۆلۆژی و دەقی ئایینە سروشتییەکان، هتد… دەکرێت بەرهەمی تاکەکەسی بێ یان بەرهەمی کۆلێکتیڤ بێ. ئەو بەرهەمانە بە هەرزمانێک یان هەر زاراوەیەکی زمانی کوردی نوسراو بێت دەکرێت لە پۆلێنەکانی ناوەندەکەدا دادەنرێت.

پرسیارێکی تری گرنگ، ئێمە بۆ سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژوو پشت بە چ ماتریاڵێکی ببەستێن؟ ئێمە دەزانین، کە کەرەستە نوسراو بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی نوسراو و کۆکردنەوەی ماتریال لەسەر مێژووی ژنی زۆر کەمە، ئەی ئێمە چۆن و لەوێ بە دوای ماتریاڵدا بگەڕێین؟ ئایا تەنیا مێژووی نوسراو بە بنەما بگرین یان مێژووی زارەکیش گرنگە. چونکە ئەو بۆچوونەی، کە بەشێکی زۆری مێژووی نوسراو لە هەمان کاتدا مێژووی کۆلۆنیالیزم و پیاوسالارییە. گرنگە لەسەردەمی سەرهەڵدانی نوسینی سەر زیاتر لە ٤٥٠٠ تابلێتی سەردەمی سۆمەرییەکانەوە لێکۆڵێنەوە لەو مێژووە نوسراوە بکەین و بزانین ژن چۆن لەو مێژووەدا باسی کراوە.

کاتێ باس لەوە دەکەین، کە مێژووی ژن نەنوسراوە و پێویستی بە نوسینەوە هەیە، تەنیا مەبەست لە کۆکردنەوەی بەڵگەی نوسراو نیە، بەڵکو پرسیارێکی گرنگی تر ئەوەیە، کە مێژووی زارەکی چۆن کۆبکەینەوە؟  کە بە زۆری سەرچاوەی زانین و زانیاری لە دەرەوەی شارەکاندا شاراوەیە، لە ژیانی نێو گوندەکان، چیاکان و کۆمەڵگە ڕەسەن و خۆجێیەکاندا، لە ژنانی بەساڵاچوو، کە بەشێکی گرنگن لە مێژووی زارەکی. واتە لەو جێیانەی کاریگەری سیستەمی دەوڵەت و سەرمایەدارییان لەسەر لاوازە. لە هەموو بوارەکاندا، شیعر، شیفاگەری، حیکایەت، دەنگێبژی، پەندی پێشینان، داب و نەریتەکان، میتۆلۆژی، حیکمەت، ڕێوڕەسم و سروتەکان زۆر زانینی شاراوەی تێدایە، کە دەتوانن هاوکاربن لە گەیشتمان بە مێژووی نەنوسراو.

ئاشکراکردنی مێژووی ژن و بینینەوەی سەرچاوە نەنوسراوەکانی مێژووی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای کوردستان کە هەم لە مێژووی کۆن و هەم لە مێژووی نوێی ژنی کورد دا زۆرن و فرەچەشنن بەڵام پێویستی بە کۆکردنەوە و کاری سیستەماتیک هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە کتێبخانەی ژنی کورد دا بیری لێکراوەتەوە.

حەز دەکەن چ جۆرە پاڵپشتییەک بکرێن؟ چ یارمەتییەکتان پێویستە؟

ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد کارێكی ستراتیژییە، بەڵام هەنگاوی کورتدامەودا ، ناوەندمەودا و درێژمەودای هەیە. کارە ناوین و درێژمەوداکانمان باسکرد، بەڵام لە  کورتمەودادا کار بۆ کردنەوەی کتێبخانەکە دەکەین. لە کوردستان و زۆر وڵاتی جیهان دەستمان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ پالپشتیکردنی ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد. ئەڵبەتە هەر ژنێک بیستبێتی کە کتێبخانەی ژن دەکرێتەوە، بەرهەمەکەی خۆی دەنێرێت، دەیەوێت لەو کێبخانە و ئەرشیفەدا هەم پارێزراو بێ و هەم بۆ ژنانی دیکەش بەردەست بێت یان پێشنیار دەکەن چۆن بەشداری بکەن، لە ڕووی ماددی، مەعنەوی، ناردنی بەرهەم و یان کۆکردنەوەی بەرهەمی ژن و ناردنی بۆ کتێبخانەکە و هەم لە ڕووی ماددیەوە. ئێمە ئەم ریپۆرتاژەی ئێوەش بە گرنگ دەبینین لە گەیاندنی دەنگی ئێمە بە ژنانی کورد بۆ ئەوەی کتێبخانەکە بە هی خۆیان بزانن و هاوکاری بکەن لە هەموو ڕوویەکەوە.

بەو پێیەی ناوەندەکەمان شوێنێکە، کە نووسەر، هونەرمەند، ئەکادیمی، چالاکوان و ژنان بەگشتی دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن بۆ کۆکردنەوە، هاوبەشکردنی بەرهەم ، کولتوور، ئەزموون و زانیارییەکانیان پێویستی بە پاڵپشتیش هەیە ئەڵبەتە چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەم پڕۆژەیە. یەکەم: لە ڕووی پشتگیری داراییەوە، کە لە کوردستان و هەر وڵاتێک بگاتە کتێخانەکە. دووەم  : کۆکردنەوەی ئەو بەرهەم و کتێبانەی دەرئەنجامی داهێنان و مەعریفەی ژن بن (شیعر، دەنگبێژی، گۆرانی، ڕۆمان و هتد). کۆکردنەوەی بەرهەمی زارەکی، نوسراو و بینراو دەگرێتەوە. جگە لەو بەرهەمانەی لەسەرەوە باسمان کرد، ئەو تێزانەی لە ئاستی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا، کە لە لایەن ژنانی گەنجەوە یان گەنجان بە گشتی لەسەر ژنی کورد نوسران یان خۆیان نوسیوویانە.

دەتوانرێت کتێبی دیجیتاڵی بنێردرێت بۆ [email protected]  و کتێبی کاغەزیش یەکسەر بۆ ناوەندی کتێبخانەکە لە سلێمانی کە لەئایندەدا دەکرێتەوە ڕێیەکی تری هاوکاریکردن، پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەشی پەیوەست بە ئەرشیفی ژنان، ناوەندی لێکۆڵینەوە و کتێبەوەیە.

ش. ئـ

Comments are closed.