شایان کاکە ساڵح: پێویستە متمانەی زیاتر بە تواناکانی ژنان بکرێت

سیما ڕەزا

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان، دەڵێت پێویستە متمانەی زیاتر بە تواناکانی ژنان بکرێت لە کاری پەرلەمانیدا، باس لەوەش دەکات لەناو پەرلەمانیشەوە لەلایەن پیاوانەوە ڕێگە لە بەرەوپێشچوونی ژنان دەگیرێت.

هەتا ئێستا سیستەمی کۆتا بۆ بوونە پەرلەمانتاری ژنان بەکاردەهێنرێت، ڕێژەی کۆتاش بۆ بەشداری ژنان ٣٠٪یە، لە ئێستادا لەلایەن هاوپەیمانانی ژنانی باشووری کوردستانەوە هەوڵدەدرێت ئەو ڕێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ ٥٠٪، شایان کاکە ساڵح لە ڕۆژنیوزەوە باسی ئەو ئاستەنگ و ڕێگریانە دەکات، کە لەبەردەم ژناندا دروست دەکرێن لە گەشتنیان بە کاری پەرلەمان و هاوڕێژە بوونیان لەگەڵ پیاواندا، بەم جۆرە دەدەوێت.

” پێویستە متمانەی زیاتر بە تواناکانی ژنان بکرێت لە ناردنیان بۆ پەرلەمان”

شایان کاکە ساڵح پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: پێویستە خەڵک متمانەی زیاتر بە تواناکانی ژنان بکات لە ناردنیان بۆ پەرلەمان، ئەگەرچی لە توانا جەستەییەکانیش ژنان وەک پیاوان نەبن، بەڵام لە فکر و توانا، کارکردن و بەدواداچوون و  یاساداناندا ئەگەر لە پەرلەمانتارە پیاوەکان باشتر نەبن کەمترنین، زیندووترین نموونە خولی پێنجەمی پەرلەمانە، تێیدا ئەندام پەرلەمانە ژنەکان زۆر بەتواناتر بوون لە پیاوەکان، ڕۆڵەکانیشیان بەرچاوتربوو، ئەمەش هیوا بۆ خەڵک دروست دەکات، کە لە خولی داهاتوودا هەم ژنان و هەم پیاوان متمانە بە تواناکانی ژنان بکەن دەنگیان پێبەدەن بۆ چوونە پەرلەمان.

” یەکسانبوونی ڕێژەی ژن و پیاو لە پەرلەماندا هۆشیاری کۆمەڵگە دەردەخات”

وتیشی: بەدەر لە لایەنی سیاسی، یەکسانبوونی ڕێژەی ژن و پیاو لە پەرلەماندا هۆشیاری کۆمەڵگە دەردەخات، بەداخەوە کە تا ئێستا لێرە سیستمی کۆتا بۆ ژنان پەیڕەو دەکرێت، ڕەنگە لەسەرەتادا پێیویست بووبێت لەبەرئەوەی ژنان کەمتر دەنێردرانە پەرلەمان کەمتر دەنگیان پێدەدرا، سیستەمی کۆتا دانرا بۆ ئەوەی تواناکانی ژنان تاقیبکرێتەوە، ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان تواناکانی ژنانی بینیووە لە هزر و فکر و  توانای بەدواداچوون و کارە پەرلەمانییەکانەوە، ئۆمێد دەکەم لە داهاتوودا پێویستمان بە سیستەمی کۆتا نەمێنێت و ژنان بە دەنگی خۆیان بچن بۆ پەرلەمان.

سەبارەت بە هۆکاری کەمی ڕێژەی ژنان لەناو پەرلەماندا وتی: هەندێک جار ژنان بۆ خۆیان ناچنە پێشەوە، لەبەرئەوەی ڕەنگە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان نەبێت یان خێزانەکانیان ڕێگرییان لێبکەن، یان کۆمەڵگە متمانە بە تواناکانی ژنان نەکەن، بەڵام ئەگەر لە هەموو لایەکەوە پشتیوانیان لێبکرێت، دەتوانن تواناکانیان بەدەربخەن، کۆمەڵگەکەمان خاوەنی ژنگەلێكی زۆر بەتوانایە، کە تەنیا پێویستیان بە پشتیوانی هەیە.

 ” لەناو کایە سیاسییەکاندا پیاوان ڕێگە بە ژنان نادەن دەربکەون”

شایان کاکە ساڵح ئاماژەی بەوەشدا یەکێک لە ڕێگرییەکانی دیکە لە بەردەم زیادبوونی ڕێژەی ژنان ڕێگرییەکانی پیاوانی ناو پەرلەمانە، وتی: یەکێکی دیکە لە ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان ئەوەیە پیاوانی ناو کایە سیاسییەکان ڕێگە بە  ژنان نادەن دەربکەون، لەو ماوەیەی کە لە  پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کارم دەکرد چەندان جار بابەتی لەو شێوەیەم بینیەوە کە بەو ڕادەیەی گوێ لە پیاوان دەگیرا گوێ لە ئێمەی ژنان نەدەگیرا.

 “ئەو کاردانەوە جیاوازەتان بۆچی؟؟!! تەنیا لەبەرئەوەی من ژنم و ئەو پیاوە؟!”

نمونەیەکیشی بۆ هەبوونی جیاوازی ڕەگەزی لە ناو پەرلەماندا هێنایەوە و وتی: لە لیژنەی تەندورستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خەریکی دەرچوواندنی یاسایەک بووین، لە میانەی تاوتوێکردنی یاساکاندا پێشنیاری خۆمم خستەڕوو، بەشداربووانی دانیشتنەکە هەموو سەیریانکردم و کاردانەوەیان بۆ پێشنیارەکەم تەنها لەقاندنی سەریان بوو، لە پاش چەند خولەکێک دوای قسەکەی من، پەرلەمانتارێکی پیاو هەمان پێشنیارەکەی منی خستەڕوو، بەڵام هەموویان دەستخۆشیان لێکرد و وتیان ڕێک وایە دەبێت پێشنیارەکەت لەبەرچاو بگیرێت، منیش پێم وتن مەگەر چەند خولەکێک بەر لە ئێستا من هەمان پێشنیارم نەکرد، ئەو کاردانەوە جیاوازەتان بۆچی؟؟!! تەنیا لەبەرئەوەی من ژنم و ئەو پیاوە؟؟!!

” ئەو جیاکارییەی لە پەرلەماندا  لەنێوان پەلەمانتاری ژن و پیاودا دەکرێت پێویستە نەمێنێت”

ئەم ژنە پەرلەمانتارەی پێشوو دەشڵێت: ئەو جیاکارییە ڕەگەزییەی لە پەرلەماندا لەنێوان پەرلەمانتاری ژن و پیاودا دەکرێت پێویستە نەمێنێت، پێشتریش هەندێک لە ژنەکانی ناو پەرلەمانیش چ ڕاوێژکار بووبن یان ئەندام پەرلەمان باسی ئەوەیان کردبوو، کە لەناو پەرلەماندا ئەوندەی گوێ لە پیاوان دەگیرێت ئەوندە گوێ لە ژنان ناگیرێت، من بۆخۆم یەکێکم لەو ژنانەی، کە جیاکاریی ڕەگەزییم بەرامبەرکراوە و ئەو نمونەیەشی پێشتر گێڕامەوە بەڵگەی ئەو جیاکارییەیە.

” پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو ڕێگریانەی پیاوان لە ژنانی دەکەن لەناو پەرلەماندا، هۆکارەکەی بەئامانج گرتنی ژنەکەیە یان پێشبڕکێی سیاسیە؟”

شایان کاکە لە هۆکاری ئەو ڕێگریانە دەپرسێت، کە لە ژنان دەکرێت دەڵێت: پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو ڕێگریانەی  پیاوان لە ژنانی دەکەن لە ناو پەرلەماندا هۆکارەکەی بە ئامانج گرتنی ژنەکەیە یاخود پێشبڕکێی سیاسی و بەرەوپێشچوونە؟، هۆکارەکە هەرچییەک بێت پێوستە پیاوان  لەمەودوا ڕێگە بە ژنان بدەن بەرەوپێش بچن لە کایەی سیاسیدا.

“ڕووخساری ژن کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی تا چەند پشتگیری لێدەکرێت، بەڵام پێوستە ئەو تێڕوانینە بگۆڕدرێت”

باسی لەوەشکرد، خۆ ڕێکپۆشکردن و خۆڕازاندنەوە لە بونیادیی ژناندا هەیە، بەڵام کۆمەڵگە ئاکارێکی لەو شێوەیەی هەیە، کە جوانی ڕوخساری ژن لای لە پێش تواناکانیەوەیەتی، ئەوە ڕاستییە کە “ڕوخساری ژنەکان کارییگەریان دەبێت لەسەر ئەوەی چەند دەنگ بەدەست دەهێنێت و تا چەند پشتگریی لێدەکرێت، بەڵام پێویستە ئەو تێڕوانینە بگۆڕدرێت”  چیدیکە نەکرێتە پێوەر و ببێتە هۆی ونکردنی بەرەوپێشچوونی ژنانی بەتوانا.

ش. ئـ

Comments are closed.