عێراق پێدانی مۆڵەتى بە كرێكارانی بیانی ڕاگرت

یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی كار لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەكەمان داواكاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن بە كرێكارانی بیانی ڕاگرتووە، دەشڵێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

عەباس فازل، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی كار لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بە میدیاكانی ڕاگەیاند، پێشتر وەزارەتەکەمان ماوەی ٤٥ ڕۆژى بۆ وەرگرتنی داواكاری بە مەبەستى پێدان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی كرێكارانی بیانی بە شێوەی ئەلیكترۆنی، دیاریکردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بەروارە كۆتایی هات.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتەکەمان لەڕێگەی لیژنەكانی پشكنینەوە دەست بە ڕێكارەكانی دژ بە سەرپێچیكردنی خاوەنكار و كرێكاری بیانی دەكات، هەروەها ژمارەی ئەو كرێكارە بیانیانەی لە بەغدا مۆڵەتەكانیان نوێكراوەتەوە نزیكەی هەشت هەزار کەسە.

لە كۆتایشدا وتی، وەزارەتەکەمان ژمارەیەكی زۆر داواكاری پێگەیشتووە، كە مەرج و ڕێنماییەكان جێبەجێ ناكەن، بۆ ئەم بابەتەش تاوانباران ڕووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە و ژمارەیەكی زۆر لە خاوەنكارەكان خۆیان لە پرۆسەی چاكسازی دوور خستووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەوان و مافی كرێكارانی بیانی دەبێت.

هـ.ع

Comments are closed.