تاوان و کۆمەڵکوژیی، دیوە ڕاستەقینەکەی ئەردۆغان و ئاکەپە

بۆتان گەرمیانی

فاشیزمی ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، ماوەی ٢١ ساڵە لە تورکیا دەسەڵاتدارن و نوێنەرایەتی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک دەکەن، سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای داگیرکاریی، قڕکردن و توانەوەی کورد دامەزراندووە، بۆ کۆکردنەوەی دەنگی تورکە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکانیش ئەم سیاسەتەیان ناوناوە ” شەڕ لە دژی تیرۆر”.

ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ئەردۆغان دەخاتەڕوو، تەنها لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە ماوەی ٢١ساڵى دەسەڵاتداریی .

کوشتنی منداڵی ١٢ساڵ و بە تیرۆریست ناساندنی!

لە ۲۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۰٤، پۆلیسی تورک تەقەیان لە ئوگور کایمازێی تەمەن ۱۲ ساڵ و باوکی بەناوی ئەحمەد کایماز کرد لەبەردەم ماڵەکەیان لە ناوچەی قۆسەرێ لە ماردین و هەردووکیان شەهید کرد، دواتر پارێزگاری ماردین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “دوو تیرۆریست لە پێکدادانێکدا کوژران”.

” چ ژن بێت، چ منداڵ گرنگ ئەوەیە چی پێویست بوو کرا”

لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٠٦، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەی مووش ١٤ گەریلای هەپەگە، بەچەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کران، دواتر لە ئامەد مەراسیمی پرسەی ٦ گەریلا ئەنجامدرا لەو کاتەدا پۆلیسی تورک هێرشیان کردە سەر مەراسیمەکە، ناڕەزایەتی لە شار و شارۆچکەکانی تر بڵاو بوویەوە، لە ئامەد ١٠ کەس، کە پێنجیان منداڵ بوون، لە ماردین و ئێلیحیش یەک کەس، بەهۆی گولە و گازی فرمێسکڕێژی پۆلیسەوە شەهیدبوون.

دواتر ئەردۆغان بەرپرسیارێتی ئەو کۆمەڵکوژییەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند:” چ ژن بێت، چ منداڵ، گرنگ ئەوەیە چی پێویست بوو کرا”.

کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی

لە ٢١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١١، فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆردوومانی کاروانێکی کۆڵبەری کوردیان کرد لە گوندی ڕۆبۆسکی و لە ئەنجامدا ٣٤ کەس شەهیدبوون، کە ١٧یان منداڵ بوو، لەدوای ئەو کۆمەڵکوژییە، ئەردۆغان بە فەرمی سوپاسی سەرۆکی گشتی سوپای ئەوکاتەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، ئیلکەر باشبووگی کرد.

لە جزیرە، کۆمەڵکوژیی و ئاوارەیی

لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە ئەنجامی گەمارۆ و توندوتیژی و هێرشی سێ مانگەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر جزیرە، نزیکەی ٣٠٠کەس گیانیان لەدەستدا، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، هەروەها بەسەدان کەس برینداربوون، دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون، هەروەها هەزاران خانووی کوردەکان زیانیان بەرکەوت.

هاتای، کۆمەڵکوژیی ٥٢کەس

لە ١١ی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ لە ڕەیحانلی ناوچەی هاتای، دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو خۆیان تەقاندەوە و لە ئەنجامدا ٥٢ کەس گیانیان لەدەستدا.

تەقینەوە لەناو ئاپۆڕای جەماوەری هەدەپە

٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥، پێش هەڵبژاردنی گشتی تورکیا، لە ناو ئاپۆڕای جەماوەری هەدەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئامەد، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش تێیدا بەشداری کردبوو، بۆمبێکیان تەقاندەوە و چوار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠٠کەسیش برینداربوون.

هێرشی خۆکوژی پرسوس

لە ٢٠ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥، کۆمەڵێک گەنج و چالاکوان لە پرسوس، بۆ دەستپێکردنی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاریی، بۆ کۆبانێ، کۆبوونەوە، لەوکاتەدا خۆکوژێکی چەتەکانى داعش بە هاوکاری ئاکەپە، لە شوێنی کۆبوونەوەکە خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا ٣٣چالاکوان شەهیدبوون.

گەورەترین تەقینەوەی خۆکوژیی لە ئەنقەرە

لەدوای کۆمەڵکوژی پرسوس لە ئەنقەرەش کۆمەڵکوژییەکی گەورە ئەنجامدرا، دوو خۆکوژی چەتەکانى داعش لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە مەیدانی گارێ لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە هاوکاری ئاکەپە هێرشیان کردە سەر کۆڕبەندی ئاشتی و خۆیان تەقاندەوە و ئەمەش بوو بە گەورەترین تەقینەوەی خۆکوژیی لە مێژووی تورکیا، تێیدا ١٠٣ ئاشتیخواز شەهیدبوون، لە دوای تەقینەوەکەش پۆلیسی تورک هێرشیان کردە سەر بریندارەکان و بەم هۆیەشەوە چەند بریندارێک گیانیان لەدەستدا.

تیرۆرکردنی ئەلچی و کورکوت

٢٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥، تیرۆرکردنی سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد لە بەردەم منارەی مێژوویی چارلنگی، هەروەها تیرۆرکردنی کەمال کورکوت خوێندکاری زانکۆ لە نەورۆزی ساڵی         ٢٠١٧ لەلایەن پۆلیسەوە، کە دواتر کەیسەکانیان لەلایەن ئاکەپەوە لە دادگا داخرا و باسکردنی قەدەغەکرا بەهەموو شێوەیەک.

کۆمەڵکوژی کوردان لە دیلۆک

لە ٢٠ی ئابی ساڵی ٢٠١٦ لە گەڕەکی شاهینبەی لە دیلۆک، جارێکیتر هێرشی خۆکوژی کرایە سەر شاییەکی کورد و بەوهۆیەوە ٥٩کورد شەهیدبوون، کە زۆرینەیان لە ژن و منداڵ پێکدێن، وێڕای ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانە کە لێیکەوتەوە، کەچی حکومەتی ئاکەپە بکەرانی بە شاراوەیی هێشتەوە و کەیەسەکەی داخست و باسکردنی قەدەغەکرد بەهەموو شێوەیەک.

وێڕای ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و تیرۆر و تاوانە بە ئەنقەستە لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و دار و دەستەکەی ئەردۆغانەوە دژ بە کورد کراوە، تائێستا یەک کەسیش دەستگیرنەکراوە و هەموو ئەو کەیسانەش لەلایەن ئەردۆغانەوە داخراون و باسکردن و بەڕۆژەڤ کردنیان قەدەغە کراوە و بە تاوان هەژماردەکرێت.

ئ.م

Comments are closed.