فەرماندەیەکی یەژاستار: تێکۆشان بە هەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە و بە هەڵبژاردنیش کۆتایی نایەت

فەرماندە فەریدە ئاڵکان ڕایگەیاند، فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار لە کوردستان دا شکستی هێناوە و وتی، “بەڵام تێکۆشان بە هەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە و بە هەڵبژاردنیش کۆتایی پێ نایە، پێویستە لە هەموو بوارەکاندا لە دژی فاشیزم تێکۆشان بکرێت”.

فەریدە ئاڵکان یەکێک لە فەرماندەکانی یەژاستار بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی دا کرد و شیکاریی بۆ بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکان و هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار کرد.

ئاڵکان بە یادکردنەوەی شەهیدانی مانگی ئایار دەستی بە وتەکانی کرد و ڕایگەیاند، قەرزاری هەموو شەهیدانی کوردستانن، بەتایبەتی حەقی قەرار.

ئاڵکان ڕایگیاند، سەرەڕای بڕیاری کەجەکە بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکان لە دوای بوومەلەرزەکەی مەرەش، بەڵام دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاد کردووە و وتی، ” ئاکەپە – مەهەپە لەبری ئەوەی پاش بوومەلەرزەکە برینەکانی گەل ساڕێژ بکەن، دەیانویست بوومەلەرزەکە بکەنە دەرفەتێک و بۆ خۆیانی بقۆزنەوە. دوای ماوەیەکی کورت چوونە ڕۆژەڤی هەڵبژاردن و گوێیان بە ئازارەکانی گەل نەدا. قەبارەی کارەساتی بوومەلەرزەکە دەرەئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بوو. بۆ ئەوەی بومەلەرزەکە بە فەرامۆشی بسپێردرێت بومەلەرزەکەیان لە ڕۆژەڤ دەرهێنا.

سەرەڕای بڕیارەکەی ئێمە بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکان، بەڵام دەوڵەتی تورک دەستبەرداری هێرشەکانی نەبوو. لەبەر ئەوەی دوژمن هێرش دەکات، هاوڕێکانمان ناچارن خۆیان بپارێزن. هێرشیان کردە سەر باگۆک، ئامەد و بەستا و لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هاوڕێکانمان چەندین سەربازی دوژمن سزادران. دوژمن هەم لە هێرشی سەربازی و هەم لە هێرشی سیاسیی خۆی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە دژی گەل بەردەوامە. ئێمە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانمان داوە، هاوڕێکانمان بەگوێرەی ئەو بڕیارە هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام کاتێک دوژمن بێتە سەرمان، گەریلاکان لە بەرزترین ئاستدا وەڵام دەدەنەوە. ئەوە لە باگۆک، ئامەد، بەستا و سەرحەد ڕوویدا. گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان بەردەامە لە بەرخودان. بێگومان ئەم بەرخۆدانە دەبێت بەهێزتر بێت و گەشکردووتر بکرێت.”

گەلی کوردستان به فاشیزمی وت، راوەستە

ئاڵکان ڕایگەیاند، فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار لە کوردستان شکستی هێنا و وتی، ئەردۆغانیان کرد بە ژێر گڵەوە. ئاڵکان ڕاشیگەیاند، شارەکانی کوردستان، بە تایبەتی جۆلەمێرگ، ئامەد، مێردین، شرنەخ، ئێلح و بەدلیس فاشیزمیان ڕەتکردەوە و وتیشی، “گەل بە ئەردۆغانیان وت، لە کوردستان دەنگ بۆ تۆ نییە. گەلەکەمان لە باکور بە ئیرادەی بەرخۆدانی ڕێبەرایەتی و گەریلاکانمان بە فاشیزمیان وت، بوەستە. ئەردۆغان لە کوردستان کەمترین دەنگی بەدەستهێنا.

لەسەر نەخشەکە ئەوە نیشان دەدەن، کە دەریای ڕەش و ئەنادۆڵ بە ڕەنگی پرتەقاڵی، کە ڕەنگی ئاکەپەیە داپۆشراوە و کوردستان و ناوچەکانی دەریای سپی و مەڕمەڕە و دەریای ئیجەیە، کە خەڵکی کوردیان تێدایە و کۆچیان بۆ کردووە بە ڕەنگی سوور داپۆشراوە. گرنگترین شت بۆ ئێمە هەڵوێستی گەلەکەمانە. وەک گەریلای ئازادیی کوردستان، ئێمە ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان بە ڕێنماییەک و فەرمانێک بۆ خۆمانی دەزانین. هەرچی ڕووبدات، ئەو ئیرادەیەی گەلەکەمان نیشانی داوە، ئێمە وەردەچەرخێنێت بۆ سەرکەوتن. ئێمە وەک گەریلا تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان. لە تورکیا، هیچ لایەنێک بەبێ ڕەزامەندیی گەلی کورد سەرکەوتوو نابێت.

گەلی کوردستان لە پرۆسەیەکی نادیموکراتیدا چووە هەڵبژاردنەوە. سەدان ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار پێش هەڵبژاردنەکان دەستگیرکران. سەرەڕای ئەو هەمووە هێرش و فێڵانە، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لە کوردستان شکستی هێنا، بەڵام پێشنیاری ئێمە بۆ پارتە سیاسییەکان و هێزە دیموکراتییەکان، بە هەدەپەشەوە، ئەوەیە سەرلەنوی هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆیان بکەن. بۆچی دەریای ڕەش و ناوەڕاستی ئەنادۆڵیان بۆ ویژدانی ئاکەپە-مەهەپە جێهێشت؟ بۆچی لەو ناوچانەدا ڕێکخستن بەهێز نییە؟ لەو چوارچێوەیەدا پێویستە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان بکەن”.

ئاڵکان لە بەردەوامیدا وتی: “خەمی گەلی کورد ئەوە نییە، کە کلیچدار ئۆغڵو ببێتە سەرۆک کۆمار. مێژووی جەهەپە و ڕاستیی کلیچدارئۆغڵو ڕوونە. سەرەکیترین کێشە شکستدانی فاشیزمە. ئەردۆغان ماوەی ۲۲ ساڵە سیاسەتی جینۆسایدی گەلی کورد و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادی پەیڕەو دەکات. بۆ ئەوەش بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات و دەنگی خۆی بەکاردەهێنێت.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم؛ هیچ هێزێکی فاشیست، یان دەسەڵاتدار تەنها بەهۆی تێکۆشانی پەرلەمانییەوە نەڕووخاوە. نابێت ئەمە لەبیر بکرێت. لەبەر ئەوەش نابێت بابەتەکە بە تەنگی و سنورداری سەیری بکرێت. فاشیزم تەنها بە پەرلەمان و هەڵبژاردن ناڕووخێت، بەڵام هاوکات نابێت گرنگییەکەی پشتگوێ بخرێت، چونکە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دا شەرعییەتی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام دەبێت تێکۆشان و خەبات هەمەلایەنە بێت. تێکۆشان نە بە هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و نە بە هەڵبژاردن کۆتایی دێت. پێویستە تێکۆشان لەسەر بنەمای کوردستانی ئازاد، تورکیای دیموکراتیکن شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت. گەلەکەمان زۆر ڕێکخراو و سیاسین. بە بۆچوونی من گەکەمان لە خولی دووەمدا بۆ شکستپێهێنانی فاشیزم و ئەردۆغانی دیکتاتۆر چالاکتر دەبن. بەم بۆنەیەوە و بەهۆی ئەنجامە سەرکەوتووەکانی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەین.”

ش.ئ

Comments are closed.