عێراق ساڵانە نزیكەی ٤٠ ملیار دۆلار لە كەرتی وزە زیانی پێدەگات

ڕۆژنامەیەکى عێراقى بڵاویکردەوە، كەرتی وزە لە عێراق بەدەست دوو كێشەوە دەناڵێنێت، ئەویش گەشەی ناجێگیر لە خواستی كارەبادا، هەروەها لەگەڵ كەمی وەبەرهێنان و نەبوونی چاكسازی لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنیدا، ئەوانەش بوونەتە هۆی پەرەسەندنی ناتەبایی لە نێوان خواست و خستنەڕوو.

ڕۆژنامەی وەتەنى عێراقى بڵاویکردەوە، هەرچەندە هەندێك پێشكەوتن لە فراوانكردنی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق بەدیهاتووە، بەڵام پلانە ڕاگەیەندراوەكان هاوتای پەرەسەندنی خواستەكان نەبوون، ئەوەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی كارەبا بۆ دەیان ساڵ.

ئاماژەبەوەشکراوە، بەپێی خەمڵاندنەكان، خواست لەسەر کارەبا لە عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ٣٤ گێگاوات، بەڵام توانای بەردەست بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا تەنها ٢٣.٤ گیگاوات بووە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ١٥ ساڵى ڕابردوودا زیاتر لە ٨١ ملیار دۆلار بۆ ئەو كەرتە خەرجكراوە.

باسلەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی عێراق بەنیازن لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی دراوسێ لەنێویاندا سعودیە چەند گرێبەستێک واژۆ بکەن، کە لەڕێگەیانەوە پەرە بە دۆخى کارەباى عێراق بدرێت.

جێگەى ئاماژەیە، عێراق بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕۆژانە پێویستی بە ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز هەیە، بەگوێرەی وتەى پسپۆرانیش ساڵانە نزیكەی ٤٠ ملیار دۆلار زیان بەكەرتی وزە دەگات.

هـ.ع

Comments are closed.