عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە مینی چێنراو دەهێنێت

ئەمڕۆ وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە مینی چێنراو دەهێنن، ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەت بۆ ئەو مەبەستە قەرزی لە حکومەتی بەڕیتانیا وەرگرتوە و لە بودجەی عێراقیش پارەی تەواوی بۆ تەرخانکراوە .

کامیران عەلی، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەک لە بەشی پاڵپشتی ئەندازیاری سەربازی، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە ناوچەکانی باشوور بەڕێوەچوو”.

جەختی لەوەکردەوە، عێراق لە ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە مینی چێنراو دەهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری مین هەماهەنگی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە ، جگە لە تەرخانکردنی پارەی پێویست، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پاککردنەوەی مین.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، حکوومەت بۆ ئەم مەبەستە قەرزێکی زۆری لە بەڕیتانیا و لە بودجەی گشتی بۆ هەڵگرتنەوەی مین تەرخانکردوە،  جگە لە هەوڵەکانی ئەندازیاری سەربازی و بەرگری شارستانی ، بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەم کارەساتە.

بریکاری وەزیری ژینگە باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەو پارێزگایانەی مینیان تێدایە بەسرە و میسان و ناوچە سنوورییەکانی کوت و دیالەن، پارێزگاکانی دیکە وەک موسەنا و کەربەلا بە ڕێژەیەکی کەمتر مینیان تێدایە  .

ئەمە لەکاتێکدایە بە پێی نوێترین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و ئێران بە مین و تەقەمەنی پیسبووە، و بەڕێوەبەرایەتی چارەسەرکردنی مین و تەقەمەنییەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکردوە، لە ساڵی ڕابردوودا بەڕێوبەرایەتییەکەیان ٥٦٧ چالاکییان بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو تەقەمەنییانە ئەنجامداوە و تێیدا زیاتر لە ٣٣ هەزار و ٣٣٣ پارچە تەقەمەنییان هەڵگرتووەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە عێراق شەش هەزار و ٢٢ کیلۆمەتر چوار گۆشەی لە مین پاککردووەتەوە کە دەکاتە رێژەی ٥٣٪ـی کۆی ئەو رووبەرەی لە عێراق بە مین چێندراوە، ئەو رووبەرەشی ماوەتەوە دوو هەزار و ٧٦١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

 

ر.س

Comments are closed.